رۆژنامەی ھەولێر

ژیــــانێکــــی پـــڕ لـــە ســــــەروەری

خوسره‌و جاف
هۆشمەند جاف، تاكە كوڕی حەسەن‌بەگی جافە، لەم چەند ساڵەی دواییدا لە بەغداوە گوێزرایەوە هەولێر، ئەویش وەك هەزاران كورد بە ناچاری لە ترسی ڕووداوی ڕۆژانە و بگرەوبەردەی حەشدی‌شەعبی و تەقینەوەی بەردەوام نیشتەجێی هەولێر بووە. تەلیفۆنی بۆ كردم وتی: دەمەوێ كتاوخانەكەی باوكم پێشكەشت كەم، دەزانم نەك بۆ ئێستا بۆ هەمیشە دەیپارێزی.
ئەو كتاوخانەیە پڕ بوو لە سەفەرنامەكان؛ حەسەن‌بەگ گەلێك وردەكار بووە لە بوار مێژوودا، لەو ڕووەوە خاوەن پێگە و جێگەی خۆی بووە. كاتێك لە بەغدا بووم داوام لە كاك هۆشمەند كرد مۆڵەتم بداتێ تا بڕێك لەو كتاوانە “فۆتۆكۆپی” بكەم، ڕازی بوو، منیش جێبەجێ ئەو كتاوانەی وا بەدڵم بوون “ئیستینساخ”ـم كردن و لە بەرگم گرتن و ناویشم لەسەریان نووسی. رۆژ هات و چوو، دوای دوو دەورە پەرلەمان بە ماڵەوە نیشتەجێی هەولێر بووم، بڕێك لە خاوەن كتاوخانەكانی هەولێر هاتوچووی ئێرانیان دەكرد و كتاوی نایابی فارسییان دەهێنا، دەركەوت تەواوی سەفەرنامەكان و ئەو كتاوانەی حەسەن‌بەگ، هەرهەموویان دووبارە چاپ كراونەتەوە، سەرجەم هەموویانم سەند و ئەوەسا لە كتاوخانەكەم دان، زۆربەیان چاپی حەجەرین، بە واتا بووم بە خاوەنی سێ جۆر چاپ لە یەك كتاو، یەكەمیان فۆتۆكۆپی كراوە، دووهەمیان چاپی تازەیە، سێهەمیان چاپی حەجەرییە.
حەسەن فەهمی جاف، مێژوونووسێكی وردەكار، فارسیزانێكی توانا، ڕاستگۆیەكی كەمهاوتا، هەرچی بیبیستایە ئەگەر جنێویش بایە دەیگێڕایەوە.
بە ئۆتۆمبێل دەڕوا بۆ ئێران لە شاری هەمەدان لە ڕێستۆرانێكدا نان دەخوات، كە دێتە دەرەوە سواری ئۆتۆمبێلەكەی دەبێت، كابرایەك وشیەك ترێی بەدەستەوە دەبێت و دانەدانە لێی دەخوات، دێتە لای ئۆتۆمبێلەكەی كە ژمارەكەی عێراق بووە بە حەسەن‌بەگ دەڵێ: دەكرێ ناوی جەنابتان بزانم؟
_ بەڵێ؛ من ناوم حەسەن جافە!
كابرا دەدا بە سنگی خۆیدا و دەڵێت: “عەجەب ناومان وەك یەك وایە، بە یەك جیاوازی جەنابت حەسەن جافی و بەندەیش حەسەن جاكەشم، یانی “گەواد”م. خانمگەلێكی فرەزەریفم بەلاوەیە.
حەسەن‌بەگ كوڕی بەگی مەحموودپاشای جافە و دایكی كچی عادیلە خانمی ژنی عوسمان پاشای جافە. حەسەن جاف زۆر لە خاڵۆی واتە لە “ئەحمەد موختار جاف”ـەوە نزیك بووە، زۆربەی كات هاودەمی ئەحمەد بەگی خاڵۆی بووە. لە پەنجاكاندا دوو سێ كتاوی مێژوویی لە فارسییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی كوردی، وەك: (گەڕانەوەی دەهەزار یۆنانی). پێوەندییەکی تەواوی لەگەڵ مێژوونووساندا هەبووە، وەك تۆفیق وەهبی، مەلا جەمیل رۆژبەیانی، عەلائەدین سەجادی، محەمەدی خاڵ، هەروەها زۆربەی شوعەرای ئەو سەردەمە.
كاتێك مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی بە وەرگێڕانی كتاوی مێژووی شەرەفنامەی شەرەفخانی بەتلیسییەوە بۆ سەر عارەبی خەریك دەبێ، حەسەن‌بەگ لای وابووە مەلا جەمیل خەریكی وەرگێڕانی “شەهنامەی فیردەوسییە” كە سەرتاپای شەهنامە شیعرە و بۆ خوا یەك وشەی عارەبی تیادا نییە، لەو ڕووەوە حەسەن‌بەگ دەڵێت: “ شاهنامەی فیردەوسی لەبەرئەوەی سەرتاسەری شیعرە ئاسان نییە بكرێتە عەرەبی.” ئەم وتەی حەسەن‌بەگە دەگاتە مەلا جەمیل، كە گوایە حەسەن‌بەگ وتوویەتی: شەرەفنامە بە عەرەبیكردن ئاسان نییە و هەموو كەس ئەو تواناییەی نییە كاری وا بكات.
مەلا جەمیل ڕۆژبەیانی وەكوو ڕم وابووە، هیچ جۆرە پێچوپەنایەكی نەدەخستە وتەكانی، ئەوەی دەبیسێت نامەیەك بۆ حەسەن‌بەگ دەنووسی: پڕ لە قسەی ڕەق و زەق من چۆن ناتوانم شەرەفنامە بكەمە عارەبی، دیارە تۆ سەوادی ئەوەت نەبووە، كە لە شەرەفنامە تێبگەیت، ئەگینا قسەی وات نەدەكرد. بۆچی پێت وابووە هەر ئەوەندە من مەلا و بەرنوێژی مزگەوتی مەحموودپاشای باپیرتم و تۆیش سەرپەرستی مزگەوت و وەقفەكانیەتی ناوێرم وەڵامت بدەمەوە، ئیتر لەو بابەتە.
حەسەن‌بەگ پەی بە هەڵەتێگەیشتنەكەی مەلا جەمیل دەبات و قورئانێك لەگەڵ خۆیدا دەبات و دەڕوات بۆ قزرابات “سەعدیە”ی ئێستا، ئاخر مزگەوتەكەی مەحموودپاشا و كوڕەكەیشی هەر لەوێیە.
مەلا جەمیل دەبینێت قورئان دەخاتە ڕوو دەستی پیا دەماڵێ و دەڵێت: “من شەرەفنامەم نە وتووە، شاهنامەی فیردەوسیم وتووە، بەو شێوەیە لە یەك حاڵی دەبن.
ساڵی 1961ـی زایینی تازە دەستم بە شیعر و چیرۆك كردبوو، بڕێك شتم بڵاو كردبوویەوە، جەنابی حەسەن‌بەگ بە كتاوی مێژووی جافەوە خەریك بوو، ناردی بەدواما و گەیشتمە خزمەتی وتی: تۆ كوردی باش دەنووسی، من خەریكی ئاوا كتاوێكم دەتوانی بڕۆیت بۆ لای سەرخێڵەكانی جاف، بزانە دەربارەی باو و باپیرانیان چی دەزانن لێیان بپرسیت و بینووسیتەوە و بۆم بهێنی؟
بەندە لە هەڕەتی لاویدا بووم، تازە شیعرم دەكرماند، پیاوێكی وەك حەسەن فەهمی بەگی جاف كارێكی وا ئەدەبی و ڕۆشنبیرانە بە من بسپێرێت، خۆم لا گەلێك بە گەورە و لێهاتوو هاتە بەرچاو، لە ناخمدا وەك عەلەشیش فش بووبوومەوە. بەڵێ ئەوە منیش هەم!
بە سبەینێدا بە دوای داواكە كەوتم، هەفتەیەكم پێ چوو نزیكەی پەنجا پەڕەم یادداشت كردبوو، دام بە جەنابی حەسەن‌بەگ. ساڵ هاتوچوو ئەو كتاوە چاپ نەكرا، حەسەن‌بەگ كۆچی دوایی كرد. لەم دوادوایەیدا فۆتۆكۆپی ئەو یادداشتانە كەوتە لای خوالێخۆشبوو “ئومێد ئاشنا” بە شێوەی ئیستینساخ ژمارەیەكی لێ چاپ كرد و نوسخەیەكم لەوە هەیە.
حەسەن‌بەگ چەندین ساڵ نایبی هەڵەبجە بووە لە مەجلیسی نوابی عێراق، دیارە ئەو دەم جاف سێ نایبی هەبووە لە پەرلەمانی عێراقدا: داودبەگی جاف، حەسەن‌بەگی جاف، حامیدبەگ، كاتێك یەكێتیی هاشمی لەنێوان پاشایەتی عێراق و پاشایەتی ئوردندا پێك هات، شاندێكی مەجلیسی نوابی عێراق بە سەرۆكایەتیی نائیب داودبەگ دەڕۆن بۆ ئوردن، حەسەن‌بەگ یەكێك بووە لەو نائیبانە.
ڕێكەوتێكی سەیر و سەمەرە لە ژیانی حەسەن‌بەگدا ڕوو دەدا، شایانی تۆماركردنە، ساڵی 1950 حەسەن‌بەگ و خێزانەكەی دەڕۆن بۆ لوبنان بۆ گەشتكردن، لە هوتێل “كارلستۆن”دا دادەبەزن، شەوێ درەنگ حەسەن‌بەگ ژانێكی توندوتیژی گورچیلەی تووش دێت و بە دەمی ئەو ژانەوە دەپلكێتەوە، ئامینەخانمی هاوسەری دادەمێنێ و دەستەپاچانە دێت و دەڕوا، سەرەنجام بە ناچاری دەدا لە ژووری بەرانبەریان، پیرەمێردێكی حەفتاوپێنج ساڵان دەرگا دەكاتەوە، ئامینەخانم حاڵەتەكەی بۆ دەگێڕێتەوە و دەڵێت: “ئێمە لێرە غەریبین و كەس ناناسین، بەڵكو یارمەتیمان بدەیت، پیرمێرد پیاوانە دێتە دەمیانەوە ئیسعاف خەبەر دەكا و حەسەن‌بەگ دەبەن بۆ بیمارستان بۆ خۆیشی لەگەڵیا دەڕوا.. دوای ڕۆژێك حەسەن‌بەگ دەگەڕێتەوە بۆ سوپاسگوزاری دەڕوات بۆ لای پیرمێرد، حەسەن‌بەگ خۆی دەناسێنت و دەڵێت من كوردم و ناوم حەسەن جافە. پیرەمێرد تۆزێك تێی ڕادەمێنێ و ئینجا دەڵێت: “تۆ مەحموودپاشای جاف دەناسیت؟”
حەسەن‌بەگ لە وەڵامدا دەڵێت: “مەحموودپاشا باپیرمە!” دەڵێت من ناوم خالیدە و كوڕی دەروێش‌پاشای سەردەمی دەستەڵاتی سوڵتان عەبدولحەمید؛ باوكم سەدرولئەعزەمی سوڵتان بووە. لە بیرمە مەحموودپاشای جاف هاتە ماڵمان كوڕێكی لەگەڵدا بوو بە ناوی… حەسەن‌بەگ قسەی پێ دەبڕێ و دەڵێ من كوڕی ئەوەم. دیار بوو مەحموودپاشا و باوكم لە مێژەوە یەكتریان ناسیوە. مەحموودپاشا لە سوڵتان یاخی بووە سوڵتان عەبدولحەمید لە تەواوی نازناوەكانی مەحروومی كردووە و بە لای سوڵتانەوە بە مەحموود یاخی ناسراو دەبێت. دەروێش‌پاشای سەدرولئەعزەم دەتوانێ لای سوڵتان بەخشینی مەحموودپاشا لە سوڵتان وەربگرێتەوە، بە سەبینێدا مەحموودپاشا دەگەیەنێتە خزمەتی سوڵتان عەبدولحەمید لەگەڵ بەخشینەكەیشدا خەڵاتی مەحموودپاشا دەكات. لەبەر ئەوەی من و كوڕی مەحموودپاشا هاوتەمەن بووین، شێوە و شەمایلیم لەبیرە، ئەرێ ماوە؟
حەسەن‌بەگ دەڵێت: ئەوە سیودوو ساڵە كۆچی دوایینی كردووە، خالیدی كوڕی دەروێش‌پاشا كاتژمێرەكەی بەرباخەڵی دەكاتەوە و بە دیاری دەیدا بە حەسەن‌بەگ. ئەو كاتژمێرە ئێستا لە دەستی حەسەنی كوڕی هۆشمەندی حەسەن‌بەگی مەحموودپاشادایە، ئەوڕۆكە نرخەكەی نۆ دەفتەرە.
جا بنواڕە دنیا بەم گەورەییەی بۆ ڕێكەوت چەند بچووكە دوای حەفتاوپێنج ساڵ ڕووبەڕووبوونەوە بەهۆی ژانێكەوە. لەم دوایەیدا مامۆستا حەمەی حەمەباقی كتاوێكی دەربارەی مۆسیقا و گۆرانی نووسیبوو، دەربارەی هونەرمەندی گەورەی كورد “سەید عەلیئەسغەر كوردستانی”. بەندە خوێندمەوە ڕوانیم تیایدا گەلێك سوورە لەسەر ئیمانداری و نوێژ و دوور لە حەرامەكانی خستووەتە ملی سەید عەلیئەسغەر. ئەوی من بیزانم سەید بەو شێوەیە نەبووە، لە گۆڤاری “ڕەنگین”دا ئەم باسەم لەژێر سەردێڕی “بۆ حەمەی حەمەباقی لە هەر كوێ هەی” نووسی، بۆیە ئەو عینوانەم هەڵبژارد لە ڕاستیدا نەمدەزانی لە كوێیە، وەك كەسێكیش نەگەیشتوومەتە خزمەتی، جا كورتەیەك لەو وتارە لێرەدا دووبارە دەكەمەوە.
كاكەحەمە! هونەرمەندێك شەش ساڵ سەری خۆی هەڵگرێ و لە شاری سنەوە بڕوات بۆ شاری تاران بۆ تۆماركردنی قەوانی دەنگ شەوانە لە ناو ئاهەنگ و مۆزیكژەن و سەماكەر و تریاككێشان و عەرەق و شەراوخواردنیان بێت، تازە بەو دەنگە ئەفسووناوییە كە هەیبووە بە تەئكید ئەهلی بەزم و خواردنەوە بووە، تازە كارەكەی، پیشەكەی ناچاری كردووە كە بخواتەوە، ئەوە یەك، دووهەمی بەندە ئەمەی لە خوارەوە نووسیومە لە خوالێخۆشبوو حەسەن فەهمی جافم بیستووە كە دەیوت: “لەگەڵ خاڵما خوالێخۆشبوو ئەحمەد موختار جاف لە ماڵی ئەودا لە دیوەخاندا لەسەر زەوی دانیشتبووین مەشرووبمان دەخواردەوە و پاڵمان دابووە قەنەفەكانەوە، یەكێك لە پیاوەكانی خاڵم هاتە ژوورەوە و وتی: قوربان! سەیدێكی شاڵسەوز هاتووە دەیەوێ بگاتە خزمەتت، خاڵم دەڵێ: با بفەرمێت! ئێمەیش بۆ ڕێز و حورمەتی ناوی سەید پێكەكانمان خستە ژێر قەنەفەكانەوە.
كابرایەكی باڵابەرزی شاڵسەوز لە پشتەوە هاتە ژوورەوە، ئێمەی دی لە زەویدا دانیشتبووین، یەكسەر زانی خەریكی چین، بێ یەكودوو بە لەهجەی سنەیی وتی: “ئاغاگەل ئێمە چ ئەربابین!” پێكەكانمان لەژێر قەنەفە وەدەرهێنا و پێكێكمان بۆ ئەویش تێ كرد، پێكی یەكەم هیچ، دووهەمیش بێدەنگ بوو، كە رۆیشتە ناو پێكی سێهەمەوە لە پڕ چریكاندی، دەنگ چ دەنگ، مەگەر حەزرەتی داود، هەروا سەرسام بووین لەو دەنگە ئاسمانییەی؛ ئیتر سەید بەردەوام بوو لە ئەفسوونكردنی ئێمەیدا، كاتێكمان زانی خەڵكی هەڵەبجە لە شەقامدا و لەبەر ماڵی پاشادا دانیشتوون و گوێگری سەید ئەسغەری كوردستانین، بە سبەینێدا خاڵم خەڵاتی كرد و دوو سواری خستە تەكی، تا ئەوێ خۆی دەیویست لەگەڵیدا بن.”