پێنجشەممە, تشرینی دووه‌م 28, 2024

پەرەپێدانی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ قەتەر لەرووی ئابوورییەوە زۆر پڕبایەخن

حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێوەندییەکانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بە گشتی و وڵاتانی کەنداو بە تایبەتی پەرە پێ دەدات و لە نوێترین هەنگاویشدا لەسەربانگهێشتی شێخ تەمیم بن حەمەد میری قەتەر، مەسروور بارزانی ‌سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی قەتەری کرد. قەتەریەکێکە لەوڵاتە دەوڵەمەند و گرینگەکانیڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کە لەسەر نەخشەی وزەی جیهانڕۆڵی کارای هەیە و ئابووریناسێکیش پێی وایە پەرەپێدانی پێوەندییەکان لەگەڵ ئەم وڵاتە دەتوانێت سوودی زۆری بۆ ئابووری هەرێمی کوردستان هەبێت.

ماوەیەک بوو جۆرە ناکۆکییەک لە نێوان قەتەر و بەشێک لە وڵاتانی عەرەبی لە ئارادابوو بەڵام ئەو پێوەندییانە لە ساڵیڕابردووەوەڕوویان لە ئاساییبوونەوە کردووە. وڵاتانی ئیمارات، بەحرێن و میسر لە ژێر كاریگەریی سعوودیە لە حوزەیرانی ساڵی٢٠١٧ پێوەندییەكانی خۆیان لەگەڵ قەتەر هەڵپەساردبوو.
هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرجەم ئەو وڵاتانە پێوەندی باشی هەیە و پێوەندییەکانیشڕۆژ بەڕۆژ باشتر دەبن. قەتەر لەڕووی جیۆگرافییەوە نیمچە دوورگەیە.وڵاتەکە لە باكوور لەگەڵ بەحرێن و لەڕۆژئاوا لەگەڵ سعوودیە، لە باشوور لەگەڵ ئیماراتییەکگرتووی عەرەبی و لەڕۆژهەڵاتیش لەگەڵ ئێراندا هاوسنوورە.
ئەو وڵاتە لە بواری هەناردەی گازدا ئەزموونێکی باشی هەیە و پسپۆڕێکی ئابوورییش پێی وایە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت سوود لە ئەزموونەکانی وەربگرێت.
دکتور ئەرشەد تەها پسپۆڕی ئابووری بۆ هەولێر باسی لە گرنگیی قەتەر لە نەخشەی وزەی جیهاندا کرد و ڕوونی کردەوە ئەو وڵاتە لە داهاتوودا دەتوانێت ببێت بە ئەلترناتیڤێک بۆ ئەو گازەیڕووسیا هەناردەی ئەوروپای دەکات و لە ئەگەری هەر جۆرە جەنگێکیش لە ئۆکراینا وڵاتانیڕۆژئاوا چاویان بڕیوەتە قەتەر، پێداویستیی گازیان بۆ دابین بکات.
وەک زیاتر خستیەڕوو، قەتەر دەتوانێت لە دوو بواردا سوودی بۆ هەرێمی کوردستان هەبێت،یەکەم گواستنەوەی ئەزموونی سوودوەرگرتن لە گازی سروشتییە، وەک سەرچاوەیەکی گرنگیئابووری بۆ داهاتووی هەرێمی کوردستان. وەک ئاشکرایە ٣%ییەدەگی گازی سروشتیی جیهان لە هەرێمی کوردستان هەڵکەوتووە و هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە نەخشەی وزەی جیهانڕۆڵی زیاتر ببینێت و ماوەیەکە لە هەوڵی پەرەپێدانی بەرهەمهێنان و هەناردەی گازەکەیەتی.
بە بۆچوونی ئەو ئابووریناسە، گرنگییەکی تری قەتەر بۆ هەرێمی کوردستان بە تایبەتی دوای سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ قەتەر ئەوەیە چاوەڕێ دەکرێت لە میانەی ئەو سەردانەدا هەندێکڕێککەوتن واژۆ بکرێن و لە داهاتوودا کۆمپانیاکانی ئەو وڵاتە لە هەرێمی کوردستانڕۆڵی زیاتر ببینن.
وەک ئاشکرایە وڵاتەکە بە گازی سروشتی دەوڵەمەندە و گۆڤاری فۆربێس بە دەوڵەمەندترین وڵاتی دنیای هەژمار كردووە. پێش ئەوەی نەوت لە قەتەر بدۆزرێتەوە، خەڵكی ئەو وڵاتە بە مرواری و بازرگانی دەریایی خەریك بوون. ئێستا سەرەکیترین داهاتی ئەو وڵاتە هەناردەکردنی نەوت و گازە و لەدوایڕووسیا و ئێران بە سێیەم وڵاتی جیهان دادەنرێت لەڕووی تواناییەدەگی گازی سروشتی. وڵاتەکە بە گەورەترین وڵاتی هەناردەکاری گازی شلیش هەژمار دەکرێت و تەنیا لە ساڵی ٢٠١٩دا سەرووی ٧٩ ملیۆن تۆنی هەناردە کرد.
زمانی فەرمی قەتەر عەرەبییە و ئینگلیزی زمانی دووەمی ئەو وڵاتەیە. ژمارەی دانیشتووانی قەتەرنزیکەی دوو ملیۆنو ٧٠٠ هەزار کەسە و دوو لەسەر سێی دانیشتووانی ئەو وڵاتەڕەگەزی وڵاتی تریان هەیە.
پێویستە بگوترێت تا ساڵی١٩٧١ قەتەر لە ژێر سەرپەرشتی بەریتانیادا بوو و دوای ئەوەی سەربەخۆیی وەرگرت، بەهۆی سامانی دەوڵەمەندی نەوت و گاز، بووە بەیەكێك لە دەوڵەمەندترین وڵاتانی دنیا. هەڵكەوتەی جیۆگرافی قەتەر جۆرێكە لەسەر دەریای ئازادە و دەستی بە پێداویستییەكانیڕادەگات.
رووبەری وڵاتەکە دەگاتە سەرووی ١١ هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە. بەپێی ئامارەکان کۆی داهاتی نەپاڵاوتووی ناوخۆیی ئەو وڵاتە بە پێوەری GDP دەگاتە زیاتر لە ٣٥٠ ملیار دۆلار و داهاتی ساڵانی تاک لەو وڵاتە دەگاتە ١٤٥ هەزار دۆلار. بەڵام داهاتەکە بە پێوەری GPD سەرووی ١٨٥ ملیار دۆلار و داهاتی ساڵانەی تاکیش نزیکەی ٦٩ هەزار دۆلارە.
قەتەر لەڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنانی هەبووە و چاوەڕێ دەکرێ دوای ئەو سەردانەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێم بۆ قەتەر پێوەندییە ئابوورییەکان و وەبەرهێنانیش زیاتر پەرە بستێنێت.