رۆژنامەی ھەولێر

نەجات یاسین نەجاڕ پەرتووکێکی نوێی دەخاتە بەر دیدی خوێنەران

شیڤان شێرزاد

نووسەر و ئەندازیاری بە ئەزموون “نەجات یاسین نەجاڕ” لە دوای بڵاوکردنەوەی چەندین کتێبی تایبەت بە نووسینەوەی میژووی کەسایەتیەکانی کورد و هەولێر بەتایبەتی لە قۆناغە جیاوازەکاندا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا خەرمانەیەکی نوێی کەوتە بەردیدی خوێنەرانەوە.
کتێبە نوێیەکەی “نەجات یاسین” لەژێر ناونیشانی “اغصان من شجرە کتاباتی”ـیە و بە زمانی عەرەبی نووسراوە و بووەتە تەواوکەری کتێبەکانی پێشووتری ئەو نووسەرە، کە گێڕانەوەی مێژووی سەرکردە سیاسیەکانی کورد و قۆناغە جیا جیاکان و دەرکردنی یاساکانی پەرلەمانی کوردستانە.
بەشێکی دیکە لەو کتێبەدا باس لە زانا و مامۆستایانی ئایینی دەکات، کە دەستێکی باڵایان هەبووە لە سەرخستنی پڕۆژە و کارە ناوازەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێکەوە ژیانی پێکهاتەکان لە کوردستان، هاوکات لە دوا لاپەڕەکانی ئەو پەرتووکەدا نووسەر باس لە ڕۆڵی کەسایەتیەکی سەربازی دەکات، کە تەواوی قۆناغەکانی خوێندنی تا کۆلێژی سەربازی سەرکەوتووانە بڕیووە و لەژێر دەستی نووسەردا توانیوویەتی بڕوانامەی بەکالۆریۆس لە زانستە سەربازییەکانی بەدەست بهێنێت و پلەی ملازمی دووی پێبدرێت، ئەو کەسایەتیەش “عەمید دلێر نەجات یاسین”ـی بەڕێوەبەری پێشووی پۆلیسی هەولێرە و ئێستاش لە کۆلێژی پۆلیس سەرقاڵی مەشق و ڕاهێنان و بەڕێوەبردنی خولە تایبەتەکانی ئەو کۆلێژەیە.
جێگەی باسە، کۆتا لاپەڕەکانی ئەو کتێبە بەنرخە باس لە کەسایەتی سەردەمی عوسمانیەکان دەکات، کە لەدایکبووی گەڕەکی خانەقای هەولێرە و لە تەریقەتی نەقشبەندییە، کە ئەویش “شێخ ئەسعەد ئەربیلی”ـیە و بووەتە زانایەکی دیار و بەرچاو لە تەفسیرکردنەوەی ئایین و شارەزاییەکی تەواوی لە شیکردنەوەی ئاییندا هەبووە و لە لایەن عوسمانیەکاندا وەک زانا و کەسایەتیەکی لێهاتووی کورد ڕێزی لێگیراوە.