رۆژنامەی ھەولێر

٣٥ ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

٣٥ ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر ڕاپەڕینی خەڵکی ھەرێمی کوردستان، کە ‌لە ڕانیە دەستی پێکردوو و لە ماوەی تەنیا ١٥ ڕۆژدا تەواوی ھەرێمی کوردستان بە شاری کەرکووکیشەوە لە دەست بەعس دەرھێندرا، سەرکەوتنیشی یەکگرتووی خەڵک و یەکدەنگی ھێزە سیاسییەکان بوو کە توانرا لە ماوەیەکی کەمدا خاکی کوردستان ڕزگار بکەن و کۆتایی بە حوکمی داگیرکەر بێنن.

بەرەی کوردستانی
دوای شاڵاوی ئەنفال، کیمیاباران، ڕاگواستن و تەعریب لە ساڵی ١٩٨٨، بەرەی کوردستانی لە حەوت حزب و لایەنی کوردستانی پێکھات، کە بەھێزترین لایەنی نێو بەرەی کوردستانی ھەر دوو پارتە سەرەکییەکە پارتی و یەکێتی بوون، لە دوای سێ ساڵ لە دامەزراندنی ئەو بەرەیە و ھاتنە کایەی ھەلومەرجێکی نێوخۆی و نێودەوڵەتی لە ساڵی ١٩٩١ لە ڕانیە ڕاپەڕینی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەرپاکرا.

دەستپێکی ڕاپەڕین
ئەگەرچی ڕاپەڕین لە ٥ی ئاداری ١٩٩١ لە ڕانیەوە، کە ناسراوە بە دەروازەی ڕاپەڕین دەستی پێ کرد، بەڵام لە ٣ی ئاداری ١٩٩١ بۆ یەکەمجار وەکو دەستپێکی ڕاپەڕین لە کۆمەڵگەی خەبات و کەڵەکی شاری ھەولێر شەڕ لە نێوان پشدەرییەکان و بنکەی پۆلیس ڕوویدا، ٥ی ئادار ڕاپەڕینی گەلی کورد لە شاری ڕانیە لە کاتژمێر ٩ی سەرلەبەیانی بە فەرمی دەستی پێ کرد، لە ھەموولاوە جەماوەر ڕژانە کۆڵان و شەقامەکان، لە ڕادیۆ و بڵندگۆی مزگەوتەکان خەڵکیان ھاندا بۆ ڕاپەڕین، خەڵک تێنووی ئازادی و چەوساوەی دەستی ڕژێمی داپڵۆسێنەری بەعس بوو، بە گەورە و بچووکەوە، تەنانەت ئەوەی پێشتر چەکداری بەعس بوو، ھاوشانی خەڵکی ئاسایی بە خاکەناس و ماسیحە و تەور و دار، ھەندێک لەو ھاووڵاتییانەشی چەکیان لە ماڵدا ھەبوو و شاردبوویانەوە، چەکەکانیان دەرھێنا و سەرەتا بەرەو مزگەوتی گەورەی ڕانیە، گەورە و بچووکی دانیشتووانی شارۆچکەکە بە خۆپێشاندان ڕۆیشتن، بەڵام لە لایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە تەقە لە ھاووڵاتییان کرا، بە گوللە وەڵامی تەقەی ئەمنییەکان درایەوە، ئەوەش بووە بەشێکی تر لە زیادکردنی حەماسەتی خەڵکەکە و بووە چەپڵەڕێزان، بە ژن و پیاو و گەورە و بچووکەوە، چوونە ناو مزگەوت و سوودیان لە بڵندگۆی مزگەوتەکان وەرگرتن و بانگەوازی ڕاپەڕینیان ھاوشانی ئێزگەکانی پارتی بە گوێی خەڵکدا.
پاشان جەماوەر ھەڵیان کوتایە سەر دامودەزگاکانی حکوومەت، بۆ کاتژمێر ٣ی ئێوارە ڕانیە لە ڕژێم پاککرایەوە، ھەمان ڕۆژ چوارقوڕنە، حاجیاوا و دەشتی بتوێن و سەربازگەی سەرکەپکان ئازاد کران، جگە لە تیپی ٤٤ی چوارقوڕنە پەنجا کەس لە ڕژێم کوژران و سەد کەسیش لە ھاووڵاتییان شەھید کران، ژمارەیەکی زۆر لە سەربازانی ڕژێم گیران، ئەمڕۆژە لە مێژووی کورددا بە ڕۆژی ڕاپەرین و ڕانیەش بە دەروازەی ڕاپەڕین دادەنرێت.
ھاتنی سەرۆک بارزانی بۆ ناو ڕانیەی تازەئازادکراو، بووە مایەی دروستبوونی ورەیەکی یەکجار گەورە، ھەر لەو مزگەوتەی کە کرابووە ئێزگە بانگەوازی ھاتنی سەرۆک بارزانی ڕاگەیاندرا، بووە چەپڵەڕێزان و دڵخۆشیی خەڵک، کە سەرکردەیەکی وەک سەرۆک بارزانی ھاتووەتە ناو شارۆچکەیەکی ئازادکراو، جۆرێک لە پشتئەستووری دروست بوو، ھەر لە ڕانیە سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: ڕاپەڕین و قوربانی و فیداکاری خەڵکی ڕانیە، بارتەقای سی ساڵ خەباتی شۆڕشی کوردە، ئەو وتەیەش تا ئێستا لە زیھنی ڕانییەکاندا ماوەتەوە.
ساڵێک دوای ڕاپەڕین ھەڵبژاردن کرا
١٤ی ئاداری ١٩٩١ سەرۆک بارزانی وتارە مێژووییەکەی لە کۆیەدا و، مژدەی ھەڵبژاردن و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستانی بە ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستاندا، خەڵک خۆیان بڕیاری خۆیان لە بەڕێوەبردنی ھەرێمدا دەبێت.
ساڵێک دوای ڕاپەڕین سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، دەستیکرد بە تاقیکردنەوەی ڕێگەی دیموکراسی بۆ بەڕێوەبردنی ئیدارەی ھەرێمی کوردستان، لە ١٩/٥/١٩٩٢، ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ یەکەمجار کرا، ئەمەش سەرەڕای ناکۆکی و ھاتنە پێشەوەی بارودۆخی نەخوازراوی ناوخۆ، بەڵام بە دەستکەوتێکی گرنگی کورد لە ھەرێمی کوردستان ئەژمار دەکرێت، چونکە لە مێژوودا بۆ یەکەمجار بوو کە کورد خاوەن پەرلەمان و حکوومەت بێت، لە ماوەی چەند ساڵی خۆبەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، وەک ھەرێم جگە لە جێبەجێکردنی پڕۆژە لە سەرجەم بوارەکاندا، سەرکردایەتی سیاسی کورد توانیویەتی لەڕووی دیپلۆماسی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی جیھان بەرفراوان بکات و مافەکانی کورد بە ناوەندە سیاسییەکانی جیھان بگەیەنێت، دەسکەوتەکانی ڕاپەڕین زۆرن، لەسەرووی ھەموویانەوە پەرلەمان و حکوومەت و سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان.

پەیامی ڕاپەڕین
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١ـی پارتی لە ڕاپەڕین، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ڕاپەڕین موڵکی ھەموو خەڵکی کوردستانە، بۆیە ڕۆژێکی تایبەت و مێژوویی بوو لە قۆناغێکەوە بۆ قۆناغێکی دیکە کە زۆرترین جەماوەری کوردستان بەشداریان تێدا کرد، بۆیە ئێمە ئەو ڕۆژە بەڕۆژی ھەموو کوردستان دەزانین، بەڕۆژی خۆشمان وەکو پارتی دەزانین، پێمانوایە شانازییەکانی ئەمڕۆمان لە قۆناغی ئەو ڕۆژەمان دەست پێکردووە، ڕاپەڕین وەچەرخانێکی زۆر گەورە بوو لە مێژووی گەلی کورددا و پەیامێک بوو بۆ دوژمنانی کوردستان کە کورد چیدیکە ژێر دەستی و زۆرداری قبووڵ ناکات، ڕاپەڕین پڕۆسەیەکی زۆر گەورە بوو لە ئەنجامی خەبات و تێکۆشانی گەلی کوردستان ھاتە کایەوە، پێش ڕاپەڕین دوژمنانی کوردستان پێیانوابوو ئێدی کورد کۆتایی پێھاتووە، بەڵام لە چرکەیەکی مێژوویی دا ڕاپەڕین ھاوکێشەکەی گۆڕی، پێشمەرگە ھەیە، کورد خاوەن ئینتیمای خۆیەتی بۆ داھاتوو، داھاتووی کوردیش بەدەست خۆیەتی نەک دوژمنان بۆمان دیاری بکەن، ئەوە پەیامێکی گەورە بوو، ئەو پەیامە ئێستاش ڕۆژبەڕۆژ خۆی نوێ دەکاتەوە کە ئێدی ئەو کاتە تێپەڕی کە کۆتایی پێ بھێندرێت یان لە نەخشە بسڕێتەوە.

دوای ٣٥ ساڵ ھێشتا کورد بە مافە دەستوورییەکانی نەگەیشتووە
بەرپرسی لقی ١١ـی پارتی لە ڕاپەڕین، ئاشکراشی کرد: مافی سەرەکی سەربەخۆییە، کوردستان ببێتە دەوڵەت و بە مافەکانمان بگەین، ھەموو ئەو کێشانەی کە ھەمانە لەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەربەخۆ نین، ئەو دەوڵەتانەی کە کوردیان بەسەردا دابەشکردووە، بەداخەوە نەگەیشتوونەتە ئەو بڕوایە کە مافی خەڵکی کوردستان بە ڕەوا ببینن بەرامبەر بە ئێمە، بۆیە تا کورد سەربەخۆیی خۆی وەرنەگرێت مافەکانی خۆی وەرناگرێت.
دەڤەرەکە پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاتر ھەیە
کرمانج عزەت، بەرپرسی لقی ١١ـی پارتی لە ڕاپەڕین، گوتی: ئێستا دەبوایە دەڤەری ڕاپەڕین زۆر جوانتر بوایە و زیاتر خزمەت کرابایە، چونکە دەڤەرەکە پێویستی بە خزمەتگوزاری زیاتر ھەیە، بۆیە دەبێت بایەخی زیاتری پێ بدرێت، بۆ خۆشمان وەکو لقی ١١ پلانی تایبەتمان ھەیە، بەڵام ھەندێک ئاستەنگ و ڕێگری ھەنە، ئەگەرنا بەشێوەیەکی گشتی باری خزمەتگوزاری و باری ئاوەڕدانەوە و باری قەرەبووکردنەوەی ئەو ناوچەیە لەبەرامبەر ئەو ھەڵوێستە گەورەیە ھێشتا زۆر کەمترە لەوەی کە ئێستا بۆ کراوە، بەناوی خۆم و ھەڤاڵانی لق داوا لە سەرۆکی حکوومەت دەکەم لەو یادەدا بڕیارێکی تایبەت بۆ ئەو ناوچەیە دەربکات، بۆ تەواوکردنی ئەو پڕۆژانەی کە ماوەیەکی زۆرە پەکیان کەوتووە، تیمێکی فەنی دروست بکرێت، بۆ ئەوەی بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە بکات، لە کاتێکی گونجاودا بودجەیەکی تایبەت تەرخان بکات بۆ ئەوەی خەڵکی دەڤەری ڕاپەڕین ھەست بکەن کە لەبەرامبەر ئەو ھەڵوێستە گەورەیە قەرەبوو کراونەتەوە، بۆ خۆشم وەکو پارتی پێش خەڵکی دیکە ئەو پێشنیارە بۆ سەرۆکی حکوومەت دەکەم.

پەیامێک بۆ حزب و لایەنەکان
بەرپرسی لقی ١١ـی پارتی لە ڕاپەڕین، ئەوەشی گوت: لە ٣٥ ساڵەی ڕاپەڕینی خەڵکی کوردستان، دوای ڕووداوەکانی ڕۆژئاوا، ڕاپەڕینێکی دیکەی جەماوەری بۆ نوێبوونەوە و ساغبوونەوەی ئینتیمای نەتەوەیی لە ھەستی ھەموو نەتەوەی کورد دروست بوو کە ھەموو میللەتی کورد یەکڕیز بوو، ئەو یەکڕیزییە گرنگترین شتە بۆ قۆناغی ئێستا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە، گرنگە ئەو یەکڕیزییە بپارێزین و ھەوڵ بدەین بە زۆر بەرپرسیارانە ھەڵسوکەوت بکەین، حزبەکان لەناوخۆیان چاو لە ئایندە بکەن و ڕۆژانی ڕابردوو کۆتایی پێ بھێنن، ھەوڵ بدەین ھاوکاری یەکدی بین بۆ ڕاستکردنەوەی ھەڵەکان ئەگەر ھەبن، نەک لە دوورەوە بە دروشم و قسە یەکدی بدوێنین، کاتی ئەوە ھاتووە ڕاستەوخۆ لەگەڵ یەکدی دابنیشین و گفتوگۆ بکەین، ڕێگاکانی باشتر پیشانی یەکدی بدەین، ئەوە گرنگترە لەوەی کە ھەر یەکە و بە ئاوازێک لە دوورەوە بخوێنێت و ڕەخنە لە یەکدی بگرین، بۆ ئەوەی خەڵک لێمان تێ بگات کە ئێمە دڵسۆزین، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە ئەو یەکڕیزییە بە ئامانەتەوە بپارێزین.