سلێمان تاشان – ههولێر
تا مانگێک لەمەوبەر تەواوی داعشە دەستبەسەرکراوەکان لە گرتووخانەکانی رۆژئاوای کوردستان لە سووریا راگیرابوون، بەڵام ئێستا عێراق بووە بە ناوەندی سەرپەرشتیکردنی داعشە دەستبەسەرکراوەکان، پێشهاتێک کە بە بێ یارمەتی و بەردەوامیی پاڵپشتیی وڵاتانی جیهان دەتوانێت لە داهاتوودا مەترسیی بۆ ئاسایشی عێراق و ناوچەکە بهێنێتە کایەوە.
ناوەندی فەرماندەیی هێزەکانی ئەمریکا کە بە سێنتکۆم ناسراوە، بڵاوی کردەوە سوپای ئەمریکا دوای گواستنەوەی پێنج هەزار و حەوتسەد چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق کۆتایی بە ئەرکی خۆی لە سووریا هێناوە. بڵاوبوونەوەی ئەم ئامارەی سێنتکۆم لەکاتێکدایە دکتۆر فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق هەر لەو رۆژەدا بە ئاژانسی رۆیتەرزی راگەیاند نزیکەی سێ هەزار چەکداری داعش لە گرتووخانەکانی سووریاوە بۆ عێراق گواستراونەتەوە.
ئەو دوو ئامارە هەندێک جیاوازییان لەگەڵ یەکتردا هەیە و وا پێدەچێت مەبەستی وەزیری دەرەوە هەر ئەو داعشانە بێت کە لە ماوەی رابردوودا بۆ عێراق گواستراونەتەوە و مەبەستەکەی سێنتکۆمیش کۆی ئەو داعشانە بێت ئەمساڵ و لە ساڵانی رابردوودا بۆ عێراق گواستراونەتەوە.
هەڵبەت ئامارەکەی سێنتکۆمیش جیاوازی لەگەڵ ئەو ئامارە هەیە کە هەر خۆی سوپای ئەمریکا سێ هەفتە لەمەوبەر گوتبووی بە گشتی حەوت هەزار چەکداری داعش لە سووریاوە بۆ عێراق دەگوازێتەوە.
بەڵام هەر کام لە ئامارەکان ئاماری کۆتایی و یەکلاکەرەوە بن ئەوا لەو مەترسییە کەم ناکەنەوە کە رەنگە لە داهاتوودا بەربینگی عێراق بگرێت ئەگەر بیرێکی جیددی لە چارەنووسیان نەکرێتەوە، هەر بۆیەش دکتۆر فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لە میانەی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گوتی بەغدا لەگەڵ وڵاتان لە دانوستاندایە تا داعشەکان بۆ وڵاتانی خۆیان بگوازرێنەوە.
ئەو نیگەرانیی خۆیشی لەوە دەربڕی کە چالاکییەکانی داعش لەو دیو سنوورەکان پەرەیان سەندووە و عێراق بۆ چاودێریکردنی ئەو ژمارە زۆرە زیندانییەی داعش پێویستی بە هاوکاریی دارایی هەیە.
بەگوتەی فواد حسێن هەندێک گفتوگۆ و دانوستانیان لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی و وڵاتانی مسوڵمان هەبووە سەبارەت بەوەی داعشەکانی خۆیان وەربگرنەوە. ئەو هۆشداری دا لەوەی نەکا ئەو داعشانە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن لە عێراق بمێننەوە چونکە لەو کاتەدا دەکرێت زۆر مەترسیدار بن و هەر بۆیەش پێداگری لە پاڵپشتیی بەردەوامی وڵاتانی جیهان کرد.
پێشتر شوێنی سەرەکیی راگرتنی داعشەکان رۆژئاوای کوردستان بوو و لەلایەن هێزەکانی سووریای دیموکرات چاودێری دەکران، هەسەدەش ئەو کێشەیەی لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هەبوو و داوای دەکرد وڵاتان خۆیان چارەنووسی هاووڵاتییە داعشەکانیان یەکلایی بکەنەوە.
لە مانگی رابردوودا هەندێک رووداو هاتنە کایەوە کە مەترسییەکەیان زیاتر پەرە پێدا بەهۆی شەڕ و هێرشەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان مەترسی بۆ سەر گرتووخانەکان دروست بوو و ژمارەیەک لە داعشەکان رایانکرد، ژمارەیەک لە گرتووخانەکان رادەستی دیمەشق کران و ژمارەیەکیش هەر لە ژێر دەستی هەسەدەدا مایەوە.
ئەمریکا و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە لایەک ترسی ئەوەیان هەبوو بەهۆی شەڕ داعشەکان را بکەن و لە لایەکی دیکە ترسی گەورەتریان ئەوە بوو هەمووان بکەونە ژێر دەسەڵاتی حکوومەتی شەرع.
جگە لەمە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ئەگەر بچووکترین متمانەی بە حکوومەتی سووریا هەبوایە ئەوا بە هیچ شێوەیەک پێویستی نەدەکرد ئەو داعشانە لە سووریاوە بۆ عێراق بگوازنەوە و ئەگەر حکوومەتی سووریا جێی متمانە بوایە دەکرا سەرپەرشتیکردنی داعشەکانی بە ئەوان سپێردرابا.
ئەوەی ئاشکرایە سوپای عەرەبیی سووریا و داعشە زیندانیکراوەکان جگە لەوەی کە لە رووی ئایدۆلۆژییەوە هاوسۆزی یەکترن لە هەمان کاتدا لە ناوخۆی سووریا خەڵکێکی زۆر هەن کە پێیان وایە دەبێت ئەو داعشانە ئازاد بکرێن و تێکەڵی سوپای عەرەبیی سووریا ببن.
بەپێی رێککەوتنی نێوان عێراق و ئەمریکا هێزەکانی ئەمریکا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ لە عێراق دەمێننەوە و دەبێت لە کۆتایی ساڵەکە عێراق جێبهێڵن، بەڵام هەبوونی هەزاران داعشی زیندانیکراو لە گرتووخانەکانی عێراق پرسێکی نوێی ئەمنییە کە لە پاڵ سەرجەم پرسەکانی دیکەی پێوەست بە دامەزراندنی حکوومەت و گرووپە میلیشیاکان و هەژموونی وڵاتان دەکرێ ئەو مەترسییە بە هەند وەرگیرێت کە وەزیری دەرەوەی عێراق لە میونشن ئاماژەی پێکرد.

