بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، شەش ئافرەتیان لەسەر ڕێگەی سلێمانی – عەربەت دەستگیرکردووە کە ببوونە هۆی بێزارکردنی هاووڵاتییان.
ڕۆژی چوارشەممە 18ـی شوبات، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند: دوای ئەوەی ژمارەیەک هاووڵاتی گلەیی و نیگەرانییان لە بوونی ژمارەیەک ئافرەت دەربڕیوە، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی عەربەت سەر بە بەشی پۆلیسی ناوشار (رۆژئاوا) چوونە شوێنەکە و شەش تۆمەتباریان دەستگیرکرد.
پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، ئەو تۆمەتبارانە بە شێوەیەکی نەشیاو بڵاوبوونەتەوە و خەڵکیان بێزار کردووە، لە نزیک عەلوەی سلێمانی دەستگیرکراون و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ ڕێکخراوە.
هەروەها ئاماژە بەوە کراوە، تۆمەتبارەکان تەمەنیان لەنێوان 17 بۆ 36 ساڵدایە؛ (ب، ق، ش) لەدایکبووی 1991، (د، ح، ت) لەدایکبووی 2003، (س، خ، ب) لەدایکبووی 2007، (ش، أ، ف) لەدایکبووی 1998، (گ، ع، س) لەدایکبووی 1993، (ب، ع، ب) لەدایکبووی 1990.
لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێکۆڵێنەوە، هەر شەش تۆمەتبارەکە بەپێی ماددەی (240) لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە.

