رۆژنامەی ھەولێر

كڕینی گۆشتی سوور لە توركیا وەختە ببێت بە خەیاڵ

كارزان گلی – هه‌ولێر

لە توركیا كڕینی گۆشتی سوور وەختە ببێت بە خەیاڵ و تەنیا ئەوانەی دەوڵەمەندن دەتوانن گۆشتنی سوور بكڕن، چونكە لە ماوەی پێنج ساڵدا ١٥ بەرامبەر نرخی گۆشتی سوور بەرزبووەتەوە.

مانگی رەمەزان بە گەلی توركیا، بە هەواڵێكی ناخۆش دەستیپێكرد، ئەویش گرانبوونی نرخی خۆراك و بەتایبەتی نرخی گۆشتی سوور بوو.
نرخی یەك كیلۆ گۆشتی بەرخ لە توركیا گەیشتە ٥٦٥ لیرەی توركی، ئەمەش نرخێكی بەرزە و هاووڵاتیان ناتوانن بیكڕن، بەتایبەت ئەوانەی فەرمانبەرن و مووچەكەیان بەشی خۆراكی مانگانە ناكات، ئەی چۆن بتوانن گۆشتنی سووری پێ بكڕن؟
بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی میدیاكانی توركیا بڵاویان كردووەتەوە، لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا نرخی گۆشتنی سوور ١٥ بەرامبەر زیادی كردووە، ئەمەش وای كردووە گۆشتی سوور بۆ بەشێكی زۆری هاووڵاتیان ببێت بە مێژوو و نەتوانن بیكڕن.
ئەگەر كەمترین مووچەی فەرمانبەر، یان كرێكار وەربگرین لە توركیا، كە لەلایەن دەوڵەتەوە دیاری كراوە، بەو مووچەیە ئەگەر تەنیا گۆشت بكڕێت، لە ساڵێكدا دەتوانێت ٤٨ كیلۆ گۆشتی سوور بكڕێت، ئەمەش بەو واتایە دێت، گۆشتی سوور ئیدی وەكوو پێویست ناگاتە سەر سفرەی هاووڵاتیان بەتایبەت لە مانگی رەمەزاندا.
ئاژانسی (DW)ی توركی بڵاوی كردووەتەوە، یەكێك لەو هۆكارانەی وای كردووە نرخی گۆشتی سوور گران بێت، بەرهەمهێنان كەمە، چونكە ئاژەڵداری لە توركیا بەرەو لاوازی دەچێت و حكوومەتیش پلانێكی تۆكمە و باشی نییە، بۆیە چاوەڕوان دەكرێت نرخەكە لەمەی ئێستا زیاتر بەرز ببێتەوە.
یەكێكی تر لە هۆكارەكان، ژمارەی شوان لە توركیا ساڵ بەساڵ بەرەو كەمی دەڕوات، چونكە ئەو مووچەیەی وەریدەگرن لە بەرامبەر شوانیدا زۆر كەمە و بەشی بژێوی ژیانیان ناكات، بۆیە بەناچاری روو لە شارە گەورەكانی توركیا دەكەن و دەستبەرداری شوانی دەبن، ئەمەش وا دەكات ژمارەی ئاژەڵەكان كەم بێتەوە و كاریگەریی لەسەر نرخی گۆشت و پەنیر و ماست دەبێت.
گرانبوونی نرخی گۆشتی سوور تەنیا توركیای نەگرتووەتەوە، لە بەشێكی زۆری وڵاتانی جیهاندا گران بووە. بەگوێرەی راپۆرتێكی سەندیکای نێودەوڵەتیی گۆشتی سوور، بەهۆی ئەوەی نەخۆشی لەناو ئاژەڵاندا بڵاوبووەتەوە و هەروەها داواكاری لەسەر گۆشتی سوور زۆرە، بۆیە نرخی گران بووە.
لە وڵاتانی ئەورووپا نرخی گۆشتی سوور ٣٠٪ گران بووە، بەڵام بەهۆی ئەوەی توركیا دووچاری قەیرانی دارایی بووە، بۆیە كاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان هەیە و ناتوانن بیكڕن.
بەگوێرەی راپۆرتێكی دەزگای ئاماری توركیا، لە ٢٠٢٤دا، بەرهەمهێنانی گۆشتی سوور لە توركیا ١٢٪ كەمی كردووە، گەیشتووەتە ٢ملیۆن و ١٠٥هەزار تۆن لە ساڵێكدا. بەڵام بۆ ٢٠٢٥، هیچ راپۆرتێك لەبارەی بەرهەمهێنانی گۆشتنی سوور بڵاو نەكراوەتەوە.
شارەزایان پێیان وایە، سیاسەتە خراپەکەی حكوومەت بۆ ئاژەڵداری وای كردووە، نرخی گۆشت لە تورکیا بەو شێوەیە بەرز ببێتەوە.
جیا لە نرخی گۆشتی سوور، نرخی خۆراكیش لە توركیا زۆر گران بووە، ئەگەر یارمەتیی سۆسیال نەبێت، كە لە لایەن شارەوانییەكانەوە پێشكەشی هاووڵاتیان دەكرێت، برسیەتی روو لەو وڵاتە دەكات.