رۆژنامەی ھەولێر

ئامانجی سەرەکی ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆ بکرێنەوە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

لەرۆژانی ڕابردوو هەنگاوێکی دیکە بۆ ڕێکخستن و یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە نرا و هەمووان سوورن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ئەمساڵ هەرێمی کوردستان تەنیا خاوەنی یەک هێزی پوشتە و پەرداخی پێشمەرگە بێت، هەنگاوێک کە هەموو نیشتمانپەروەرێک ئارەزووی دەکەن، چونکە هەرێمی کوردستان پێویستی بەوە هەیە لە فرە هێزی ڕزگاری ببێت و یەک هێزی نیشتمانی، پارێزگاری لێ بکات.

لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی چڕ کراونەتەوە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنەی ساڵی ڕابردوو دابوویان سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لە کۆبوونەوەیەکدا کە جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکوومەت و فەرماندەکان بەشدار بوون پێداچوونەوە بە کارەکانیان کرا.
پێشتر ژمارەیەک لیژنەی تایبەت دامەزرێنرابوون و یەکێک لە ئەرکە سەرەکییەکانیان بریتی بوو دیاریکردنی دەسەڵاتەتە جیاجیاکانی هەردوو فەرماندەیی دەڤەری یەک و دەڤەری دووی هێزەکانی پێشمەرگە کە پێشتر بە یەکەکانی حەفتا و هەشتا ناسرابوون. پاش تاوتوێکردنی کاری لیژنەکان و پەسەندکردنی بڕیارەکانیان، وێڕای کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەو لیژنانە، بڕیار درا کار بۆ سەرخستنی پرۆسەی ڕێکخستنەوە و یەکخستنەوەی پێشمەرگە و هەروەها ئەو قۆناخانەی لە پرۆسەکەدا ماون، بکرێت.
ئەوەی ڕوو دەدات تەنیا ویستی کورد نییە بەڵکوو هاوپەیمانان و ئەمریکا و ڕۆژئاواش خەمخۆرێکی دیکەی ئەو پڕۆسەیەن و داوای یەکخستنی یەکجارەکیی هێزەکانی پێشمەرگەیان کردووە و دەخوازن لە چوارچێوەی یەک هێزی تۆکمەی نیشتمانی ڕێک بخرێنەوە. ئەوان لە ڕابردوودا ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە تێکەڵکردنی بەشێک لە لیواکان و لە نزیکەوە بۆ یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە و ڕۆڵی کارایان گێڕاوە.
ئەمەریکا لە دەیەی ڕابردوودا چەندین خولی ڕاهێنانی بۆ پێشمەرگە کردووەتەوە لەگەڵ حکوومەتی هەرێم ڕێککەوتنی لێکتێگەیشتنی واژۆ کردووە و ئەمەریکا تەنانەت مانگانە مووچە و بودجەی تایبەت بە هێزەکانی پێشمەرگەی بڕیوەتەوە و بۆی دابین کردوون. وڵاتانی دیکەی وەک ئەڵمانیا و فەڕەنسا و ئیتاڵیا و زۆربەی وڵاتانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش بە بایەخەوە لە ڕۆڵی پێشمەرگە دەڕوانن و دووپات لە پاڵپشتیکردنی ئەو هێزە دەکەنەوە.
فاکتەرێکی سەرەکیی بنیاتنانی دەوڵەت و نیشتمان ئەوەیە هێزێکی پتەو و پوشتە و پەرداخ و یەکگرتوو پارێزگاری لێ بکات. ئەگەر گریمانەی ئەوە بکەین لە ڕووداوەکانی مانگی ڕابردووی ڕۆژئاوای کوردستان شەڕڤانان فەرماندەیی جیاوازیان هەبوایە و فەرمانیان لە شوێنی جیاواز وەرگرتبا چ دۆخێکی نالەبار دروست دەبوو، بەڵام بەرگریی هاوبەشی سەرجەم هێزەکانی ڕۆژئاوا و کۆبوونەوەیان لە ژێر چەتری یەک فەرماندەیی، فاکتەری سەرەکیی سەرکەوتنیان بوو و توانیان پێش بە پێشڕەویی هێزەکانی دیمەشق بگرن و خەت و نیشانی خۆیان دیاری بکەن و سەنگی دیپلۆماسییان قورس بکەن.
هیچ کاتێک ڕووداوەکانی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ لەبیر ناکرێن، هەمووان درک بو ڕاستییە دەکەن کاتێک فەرمان لە دوو شوێنی جیاواز وەردەگیرێت دەتوانێت چ کاریگەرییەکی نەرێنی و کارەساتبار بەدوای خۆیدا بهێنێت.
هەرێمی کوردستان زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە لە مێژوودا پێویستی بە یەکخستنی هەموو هێز و توانا نەک سەربازییەکان بەڵکوو سیاسی و دیپلۆماسییەکانیش هەیە، پارێزەری سەرەکیی کورد هەر کورد خۆیەتی و سەرۆک بارزانی چەندین جار ئەو قسەیەی دووپات کردۆتەوە ”خۆت هەبی خەڵکت هەیە خۆت نەبی کەست نییە” و بەردوامیش پێداگری لەسەر ئەو ئامانج و ویستە کردووە کە هەرێمی کوردستان خاوەنی یەک حکوومەت و یەک پێشمەرگە و یەک پەرلەمان بێت.
سەرۆک بارزانی لە یەکخستنی گوتار و سەرکەوتنەکانی ڕۆژئاوای کوردستان ڕۆڵی کارای گێڕا و لە ماوەی ڕابردوووش هەوڵەکانی خۆی چڕ کردۆتەوە هەرێمی کوردستان لە هەموو ڕوویەکەوە بەرەو یەکدەنگی و یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی هەنگاو بنێت.
ئامانجی سەرەکی لە هەموو هەوڵ و ماندووبوونەکان ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لەژێر چەتری وەزارەتی پێشمەرگەدا کۆ بکرێنەوە و بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ئاڵنگاری و پێشهات و گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە روو دەدەن، زووتر لە کاتی دیاریکراو دەست بە قۆناغێکی نوێی خەبات و پاراستنی دەستکەوتە نەتەوەییەکان بکرێت، چونکە ئەگەر خۆمان بەزەییمان بە خۆماندا نەیەتەوە ئەوا مێژووش بەزەیی پێماندا نایەتەوە.