رۆژنامەی ھەولێر

تا ئێستا ٢٦ هەزار خێزانی ڕۆژئاوا لە هاوکارییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی سوودمەند بوون

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

دەزگای خێرخوازیی بارزانی بەردەوامە لە پێشکەشکردنی یارمەتییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان بۆ ئاوارە و ئەو کەسانەی پێویستییان بە ھاوکاری ھەیە، تا ئێستا نزیکەی ٢٦ ھەزار خێزانی ڕۆژئاوا لە ھاوکارییەکان سوودمەند بوونە، لە داھاتووشدا پڕۆسەی ناردنی ھاوکارییەکان بەردەوام دەبێت.

دەزگای خێرخوازیی بارزانی یەک لە ڕێکخراوە مرۆییە پێشەنگەکان لە ناوچەکەدا و لە ساڵانی ڕابردوودا ڕۆڵێکی کاریگەری گێڕاوە لە گەیاندنی ھاوکاری بۆ لێقەوماوانی کارەساتە سروشتییەکان و شەڕ و ململانێکان لە ھەرێمی کوردستان و دەرەوەی ھەرێم.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە چوارچێوەی ڕاپۆرتی ژمارە ١٠ی خۆیدا، ئاماری گشتیی چالاکییە مرۆییەکانی لە ڕۆژئاوای کوردستان بڵاوکردەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە، دەزگاکە لە چەندین کەرتی جیاوازدا ھاوکاری پێشکەش بە لێقەوماوان و ئاوارەکان کردووە و تا ئێستا نزیکەی ٢٦ ھەزار خێزانی ڕۆژئاوای کوردستان لە ھاوکارییەکان سوومەند بوونە.

کەرتی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان
لە کەرتی دابینکردنی خۆراکدا، دەزگاکە توانیویەتی ١٠٤,٤٩٢ ژەمە خۆراکی گەرم دابەش بکات، کە زۆرینەیان لە قوتابخانە و مزگەوتەکان بوونە، لە پڕۆسەی دابەشکردنی ناندا، ١٦,٣١٨ خێزان سوودمەند بوونە و ١٣٦,٣٣٢ نان لەڕێگەی ٥ فڕنەوە دابین کراوە.
ھاوکارییە ھەمەجۆرەکان و سووتەمەنی
لە بەشێکی تری چالاکییەکاندا، ٢٥,٨٢٩ خێزان ھاوکاری جۆراوجۆریان پێ گەیشتووە، ئەم ھاوکارییانە قوتابخانەکان، گوندەکان و ئاوارەکانی عەفرینی لە دەرەوەی قوتابخانەکان گرتووەتەوە، سەبارەت بە سووتەمەنیش، بڕی ٣٦٠,٢٤٥ لیتر نەوت بەسەر ٩,٦٨٢ خێزاندا دابەشکراوە.
تەندروستی و ھەلی کار
تیمە تەندروستییەکانی دەزگای خێرخوازیی بارزانی لە ١٠٠ قوتابخانەدا خزمەتگوزارییان پێشکەش کردووە، کە تێیدا ٨,٧٠٧ کەس سوودمەند بوونە، ھەروەھا دەزگاکە توانیویەتی ١,٣٢٩ ھەلی کاری ڕۆژانە بۆ خەڵکی ناوچەکە بڕەخسێنێت.

گەیاندنی ھاوکارییەکان
تاوەکو ئێستا ٤١٠ بارھەڵگری دەزگای خێرخوازیی بارزانی ھاوکارییان گەیاندووەتە ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژئاوا، لەوانە شارەکانی قامشلۆ، حەسەکە، دێرک، گڕکێ لەگێ، تربەسپی، عاموودا و دەرباسیە، ئەم کاروانە مرۆییانەی دەزگای خێرخوازیی بارزانی وەک بەشێک لە ئەرکە بەردەوامەکانی دەزگاکە دێت بۆ پشتیوانیکردنی خوشک و برایاکانیان لە ڕۆژئاوای کوردستان لە کاتە سەختەکاندا.