ئەمڕۆ سیشەممە نزیکەی پەنجا ڕۆژ بەسەر یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراقدا تێدەپەڕێت بەڵام سەرۆک کۆمار هەڵنەبژێردراوە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی ڕێکارە یاساییەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێ بکات و نوێنەری گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمان بۆ پێکهێنانی حکوومەت ڕاسپێرێت، وا دەردەکەێت هۆکارەکە کورد بێت بەڵام هۆکاری سەرەکی نییە.
یەکەم کۆبوونەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق لە ٢٩ی کانوونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٥ بەڕێوەچوو و بەگوێرەی ڕێکارە دەستوورییەکان دەبێت تا یەک مانگ سەرۆک کۆمار هەر لە پەرلەمان دەنگی پێ بدرێت، بەڵام لەو هەنگاوەی سەرکەوتوو نەبووە.
کۆبوونەوەی پەرلەمان و بنەماکانی خستنە دەنگدانی ئەو کەسانەی خۆیان بۆ سەرۆک کۆماری داهاتووی عێراق دەستنیشان کردووە پێویستی بە ئامادەبوونی لانی کەم دوو لەسەر سێی نوێنەرانی پەرلەمان هەیە، بەڵام سەرەڕای ئەوەی کە دوو جار پەرلەمان ڕۆژ و کاتی دانیشتنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەستنیشان کردووە، لەبەر کۆنەبوونەوەی ڕێژەی یاسایی دوو لەسەر سێی پەرلەمانتاران کە دەکاتە دووسەد و بیست نوێنەر پڕۆسەکە سەری نەگرتووە.
وەک ئاشکرایە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق پشکی کوردە و یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئەوەی پەرلەمان نەیتوانیوە ڕێژەی یاسایی نوێنەر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار کۆ بکاتەوە ئەوە بووە کورد ژمارەیەک کاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەبووە و هێشتا لەسەر یەک کاندید ساغ نەبۆتەوە.
هەر چەندە ئەمە دەکرێت یەکێک بێت لە هۆکارەکانی هەڵنەبژاردنی سەرۆک کۆمار بەڵام هۆکاری بەهێزتر هەن کە وایانکردووە پەرلەمانی عێراق نەتوانێت ڕێژەی یاسایی بۆ کۆبوونەوە دەستەبەر بکات.
ئەوەی لە پێوەندی لەگەڵ کورد ڕوودەدات یەکەم جار نییە و لە خولەکانی پێشتریش ئەم جۆرە ناکۆکییە لە پۆستی سەرۆک کۆماردا هەبووە و کاتێک شیعەکان خۆیان لەسەر کەسێک بۆ سەرۆک وەزیران ساغ بوونەتەوە چاوەڕوانی کەسیان نەکردووە و بێ یەک و دوو ڕێژەی یاسایی پەرلەمانیان کۆ کردۆتەوە و لە چوارچێوەی دەستوور و یاسا بەردەستەکان و بە دەنگدان سەرۆک کۆماریان یەکلایی کردۆتەوە جا کورد بە یەک کاندید بەشدار بووبێت یان ژمارەی زیاتر.
لەم خولەدا ڕاستە چوارچێوەی هاوئاهەنگی بڕیاری داوە نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران بپاڵێوێت بەڵام لەبەر ڕەتکردنەوەی پاڵێوراوەکە لە لایەن ئەمریکا قەیرانێکی نوێی سیاسی لە نێو ماڵی شیعەدا هێناوەتە کایەوە و لایەنەکانی شیعەی بەسەر دوو ڕوانگەی جیاوازدا دابەش کردووە. بەشێک پێیان وایە لە بەرژەوەندیی پڕۆسەی عێراقدایە پاڵێوراو بگۆڕێت و کەسێکی دیکە بپاڵێوێت کە جێی ڕەزامەندی ئەمریکا بێت و بەمەش عێراق لە کێشە و قەیرانی نوێی سیاسی ڕزگار بکات، بەشێکی دیکەی لایەنەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگیش سوورن لەسەر پاڵاوتنی نووری مالیکی.
لە ماوەی ڕابردوودا پارتی و یەکێتی چەند جارێک کۆبوونەوەیان لە ئاستی باڵادا هەبووە و پێشبینی دەکرێت کورد بە یەکدەنگی لە کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەماندا بەشداری بکات بەڵام گرێکوێرەی یەکلاکردنەوەی دوو سەرۆکایەتییەکە لە ڕاستیدا یەکلانەبوونەوەی کاندیدی سەرۆک وەزیرانە نەک سەرۆک کۆمار.
دۆخەکە خەریکە کێشەی یاسایی و دەستووری بەدوای خۆیدا دەهێنێت و کار گەیشتۆتە ئەوەی سەرۆکی پەرلەمان دەستوەردان بکات و پەرلەمانی عێراق بە فەرمی داوا لە دادگەی باڵای فیدراڵی بکات شرۆڤە بۆ مادەی هەفتا و دووی دەستوور بکات لە بارەی وادەی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار چونکە دەبوایە تا یەک مانگ یەکلایی بکرێتەوە بەڵام خەریکە لە دوو مانگ نزیک دەبێتەوە.
ئەوەی لەو قۆناغە بۆ کورد گرنگە ئەوەیە بە پێشخستنی بەرژەوەندییە باڵا نەتەوەییەکان و زاڵکردنی بەسەر بەرژەوەندییە بەرتەسکە حزبی و کەسییەکان بەرەوپیلی ڕووداو و پێشهاتە نوێیەکاندا بچێت و کورد بە یەک ڕەنگ و بە یەک دەنگ لە پڕۆسەی سیاسیی داهاتووی عێراقدا بەشداری بکات.

