بەڕێوەبەرایەتی هونەری سینەمای هەولێر لە چوارچێوەی چالاکییەکانی وەرزی زستانەیدا بەڵگەفیلمێکی لە بارەی ژیان و داهێنان و کارە هونەرییەکانی هونەرمەند “واحید مەرجان” لە نۆیەمین ساڵیادی ئەو هونەرمەندەدا لە ئێمپایەر سینەمای هەولێر نمایشکرد.
سەبارەت بە یادی ئەو هونەرمەندە “ئاریان سەڵاحەدین” بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ٩ ساڵ تێدەپەڕێت بەسەر کۆچی دوایی هونەرمەند “واحید مەرجان”، کە تەمەنی تایبەت کردبوو بە خزمەتکردنی هونەرەکانی “شێوهكاری، شانۆ، دراما، نووسین، میوزیک و ئاوازدانان” و لە هەموویاندا بەهرە و ئەزموون و شارەزاییە فراوانەکەی کردبووە بناغەی داهێنان و پێشکەوتن.
گوتیشی: گێڕانەوەی مێژووی هونەر لە هەولێر بە بێ ناوهێنانی واحید مەرجانی هونەرمەند، کەلێنێکی گەورەی تێدایە و ئەو خزمەتەی “واحید مەرجان” لە تەمەنیدا پێشکەشیکردووە، بووەتە مایەی ڕەگدا کوتان و کردنەوەی دەرگای پێشکەوتن و گەشەکردنی هونەر لە کوردستان بە گشتیی و هەولێر بە تایبەت.
جێگەی باسە، هونەرمەند”واحید مەرجان” لە 1942 لە گەڕەکی تەیراوە لەدایکبووە و 1962 خانەی مامۆستایانی تەواوکردووە و لە 1963ـەوە لە بواری پەروەردە خزمەتیکردووە.
بەر لە تەواوکردنی خوێندن، لە 1958ـەوە وەک یەکەم ئەزموون بەشداری لە یەکەم پێشانگەی هونەری کردووە و لە ماوەی ژیانیدا زیاتر لە 35 پێشانگەی تایبەتیی لە ناوخۆ و دەرەوە کردووەتەوە. هەروەها لە 1959 لە بواری هونەری میوزیک هەنگاوێکی گەورەی ناوە و یەکێک بووە لە دامەزرێنەرانی تیپی میوزیکی دەرسیم. بەم هەنگاوە گرنگەی بەردی بناغەی مێژووییەکی پڕشنگداری بۆ هونەر لە هەولێر داناوە و یەکێک لە داهێنانەکانی لە بواری میوزیکدا، ئەوەبووە، کە بۆ یەکەم جار لە کوردستان ئامێری ئو کوردیونی لە شێوەی ڕۆژاوایی گۆڕیوە بۆ ڕۆژهەڵاتی.
بەداخەوە لە 9ـی شوباتی 2016 لە هەولێر بە هەمیشە ماڵئاوایی لە دنیای هونەر و خزمەت و داهێنانەکانی کرد.
شیڤان شێرزاد – هەولێر

