رۆژنامەی ھەولێر

سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و یەکێتیی ئەورووپا تاوتوێ دەکەن

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2026/2/14، لە درێژەی کارنامەکەیدا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ خاتوو ئورسۆلا ڤۆن دێر لاین، سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا کۆبووەوە.

لە کۆبوونه‌وه‌کەدا پەیوەندییەکانی یەکێتیی ئەورووپا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکە تاوتوێ کران. هەردوولا جەختیان لە گرنگیی بەهێزکردنی هاریکاریی هاوبەش کردەوە، بەتایبەتی لەو بوارانەی خزمەت بە سەقامگیری و گەشەپێدانی ئابووری ده‌كه‌ن.

هەر لە کۆبوونه‌وه‌کەدا، باس لە دۆخى سووريا و كورد و پێكهاته‌كان له‌و وڵاته‌، له‌گه‌ڵ مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ و ئاستەنگەکانی بەردەم ئاشتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرا.

خاتوو ڤۆن دێر لاین پشتگیریی یەکێتیی ئەورووپای بۆ ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات کردەوە و ستایشی هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى و ڕۆڵى هەرێمی كوردستانى کرد وەک فاکتەری گرنگی سەقامگیری لە ناوچەکەدا.