وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ڕاگەیەنراوێك وەڵامی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵی دایەوە سەبارەت بە نەناردنی بڕی 36 ملیار دینارەكەی شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
لە راگەیەنراوەكەدا وەزارەتی دارایی و ئابووری تۆمەتی نەناردنی ئەو بڕە پارەیە دەخاتە ئەستۆی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و هەروەها رایدەگەیەنێت “ئەمڕۆ پێنجشەممە نووسراوێكی دیكەمان ئاراستەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ كرد بۆ خەرجكردنی ئەو 36 ملیار دینارەی كە نەیان ناردووە”.
دەقی راگەیەندراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووری:-
سەبارەت بە مووچەی مانگی کانوونی دووەم و دوای گەیشتنی تەمویلەکە لە وەزارەتی دارایی عێراق بە کەموکوڕییەوە، لێرە و لەوێ چەندین لێکدانەوە و تۆمەتی ناڕاست ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم کراوە، بە پێویستمانزانی وەك وەڵامێك بۆ ئەو تۆمەتانە جەخت لەم ڕاستییانەی خوارەوە بکەینەوە.
1- بۆ ئەوانەی کە لەیادیان چووە ماوەی سێ ساڵە بەپێی یاسای بوودجەی (2023، 2024، 2025) مووچەی هەرێمی کوردستان تێکڕا لە بەغداوە خەرج کراوە، واتە هەر کەموکوڕییەک لە مووچە یان نەناردن یان لێبڕین لە مووچەی هەرێم لەو سێ ساڵە ڕوویدابێت وەزارەتی دارایی عێراق لێی بەرپرسیارە.
2- لەگەڵ گەیشتنی تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی ئەمساڵ وەک وەزارەتی دارایی یەکەم لایەن بووین کە ڕامانگەیاند وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدڕاڵ زیاتر لە (36) ملیار دیناری لە تەمویلی مووچەی ئەو مانگە بڕیوە و نەیناردووە کە بریتییە لە مووچەی چەند مانگێکی خانەنشینانی سەربازی و شارستانی و کەمئەندامی سەنگەر (بۆ نموونە خانەنشین هەیە 12 مووچەی وەرنەگرتووە، بەڵام تەنها یەک مووچەی بۆ هاتووە، کەمئەندامانی سەنگەر پێویست بوو دوو مووچە وەربگرن یەکێكیان مووچەی مانگی 10ی ساڵی ڕابردوو لەگەڵ مووچەی مانگی یەکی ئەمساڵ، بەڵام تەنها یەک مووچەیان بۆ هاتووە).
3- بەپێی نووسراوی ژمارە 366 لە رێكەوتی 27/1/2026 داوای خەرجکردنی بڕی (٢٨١،١٢٥،٤٧١،٢١٦) دوو سەد و هەشتا و یەک ملیار و سەد و بیست و پێنج ملیۆن و چوار سەد و حەفتا و یەک هەزار و دوو سەد و شازدە دینارمان بۆ مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی خەرج کردووە، کە بڕی 36 ملیارەکەشی لەگەڵە، بەڵام وەزارەتی دارایی عێراق تەنها بڕی (٢٤٤،٧٦٤،٦٠٦،٣٥٧) دوو سەد و چل و چوار ملیار و حەوت سەد و شەست و چوار ملیۆن و شەش سەد و شەش هەزار و سێ سەد و پەنجا و حەوت دیناری وەک تەمویلی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی ناردووە.
4- وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی خۆی دەزانێت، بۆیە ئەمڕۆ پێنجشەممە ڕێکەوتی (12ی شوباتی 2026) نووسراوی دووەممان بە ژمارە (١١٦٤/٤/٧) ئاڕاستەی وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵ کردووە و داوای خەرجکردنی بڕی (٣٦،٣٦٠،٨٦٤،٨٥٩) دینارمان کردووە وەک تەواوکاری تەمویلی مووچە و شایستەی خانەنشینانی شارستانی و سەربازی بۆ مانگی کانوونی دووەم.
5- بەبیر هەموو ئەو کەس و لایەن و دەزگا ڕاگەیاندنانە دەهێنینەوە کە بەشێوەی ناڕەوا هێرش دەکەنە سەر وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و بوختان و تۆمەتی ناڕەوا دەبەخشنەوە دەبێت چاوەڕێ بن ڕووبەڕووی دادگا ببنەوە لەپێناو سەلماندنی ڕاستییەکان.
لە کۆتاییشدا بە هەموو لایەکی ڕادەگەیەنین ئەو لایەنەی داکۆکی لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان کردووە لە بەغدا و هەموو مەحفەلەکانی تردا بەشانازییەوە تەنیا حکوومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی لایەنی سەرەکی و بنچینەیی بوون پێش هەموو کەس و لایەنەکانی تر.

