ئارام كۆشكی – سلێمانی
ئەگەرچی خوێندنەوەی ئەدەبیات لای من هەمیشە لەپێشینەیە، بەڵام هەندێک کتیبی دیکەی سیاسی و مێژوویی هەن ناکرێت خۆ لە خوێندنەوەیان ببورێرم. ئەمەش پەیوەندییەکی بوونیادی بە بوونی ئێمەی کوردەوە هەیە، کە بە درێژایی سەدەی ڕابردوو هەمیشە لەنیو گەمە سیاسییە نێودەوڵەتییەکاندا مافخوراو و فریودراوبووین. لێرەوەیە کە کتێبگەلێک هەن بۆ تێگەیشتن لە سیاسەتی نێودەوڵەتی و ئەوەی لە پەنهانی گەمە نێودەوڵەتییەکاندا دەگوزەرێت گرنگە هەموو خوێنەرێکی کورد ئاگاداری بێت، چونکە کوردبوونمان قەدەرێکی بۆ دروست کردووین کە ناتوانین لێی ڕابکەین.
کتێبی “هاوپەیمانی فریودەرانە”، یەکێکە لەو کتێبە گرنگانە، کە لە نووسینی توێژەری ئەمریکی “تریتا پارسی”یە و “د. بایەزید حەسەن” لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دوتوێی 729 لاپەڕەی قەبارە گەورەدا بەچاپی گەیاندووە. کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکە سەبارەت بە مامەڵە نهێنییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. ئەم کتێبە قەبارە گەورەیە لە بنەڕەتدا تێزێکی دوکتۆرای فراوانکراوی نووسەرە لەسەر پەیوەندییەکانی نیوان ئێران و ئیسرائیلە لە زانکۆی “جۆنز هۆیکینز” لە ئەمریکا نووسراوە و فرانسس فۆکۆیاما سەرپەرشتی کردووە.
ئەگەرچی لە تێزە دوکتۆراکەدا تەنها سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ئێران و ئیسرائیل، بەڵام هەمیشە ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکو لایەنی سێیەمی کاریگەر هەم ئاگاداری ئەو پەیوەندییانە بووە و هەم زۆرجار بە نهێنی بەشدار، یان تیکدەر بووە، بۆیە لە کتیبەکەدا نووسەر نەیتوانیوە زەمینەیەک بۆ باسکردن لە ئەمریکاش نەخولقێنێت، چونکە لەجەنگی ساردەوە ئەمریکا بەردەوام چاوی لەسەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بووە و دژی هەژموونی ڕووسیا وەستاوەتەوە و کاری کردووە.
یەکێک لە خاڵە بەهێزەکانی ئەم کتێبە ئەوەیە نووسەر بەدەر لە پشتبەستن بە دەیان سەرچاوەی لە کتێب و توێژینەوەی
ئەکادیمی، پشتی بە 130 چاوپێکەوتنی گەورە بەرپرسیانی هەرسێ وڵاتی “ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا” بەستووە، کە بڕیار بەدەستبوون لەو سێ وڵاتە. وەک نووسەر خۆی لە پێشەکییەکەشدا دەڵێت بەدەر لەوەش کنەوپشکنین بۆ زانیارییەکانی نێو چاوپێکەوتنەکانیش کراوە و لەنێو کتێبە و سەرچاوەکاندا ڕاستی و دروستیان پشتڕاست کراوەتەوە. هەر لێرەوەیە کە کتێبەکە دوورە لەوەی تەنها زانیاریی میدیایی، یان پێشبینی نووسەران و توێژەران بێت، بەڵکو ئەو زانیارییانەی لە کتێبەکەدان بەشی زۆریان لە زمانی بکەرە سیاسیی و بڕیار بەدەستەکانی ئەو سێ وڵاتەوە وەرگیراون. هەربۆیە خوێنەر بەر زانیاریی زۆر نهێنی و تازە دەکەوێت، کە بۆ یەکەمجارە دەیبیستێت و دەیخوێنێتەوە.
کتێبەکە لە بەشی یەکەمدا لە ململانێکانی جەنگی ساردەوە دەست پێ دەکات ئەوکاتەی ڕووسیا خەونی ئەوەی هەبوو لەڕێگەی ئێرانەوە هەژموون و باڵادەستی بگاتە نیمچە دوورگەی عەرەبی و ئێرانیش بۆ خۆپاراستن پەنای بۆ ئەمریکا برد و ئەم پەیوەندییە درێژەی هەبووە تا ئەوکاتەی ئیسرائیل هەوڵی تێکدانی دەدات. بەڵام پاش ئەمە ئێران لەڕێی چەند بەرپرسێکی دیکەی نهێنییەوە، کە هەوڵی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەدات داوایان لێدەکات پارچەی یەدەگی فرۆکەی ئەمریکی بۆ پەیدا بکەن بۆ خۆپارستنی لە هەژموونی ڕووسیای کۆمۆنیزم، کە ئەوکات گەلێک بەهیز بوو.
کتێبەکە لە بەشەکانی دووەم و سێەمیشدا هەر لە چوارچێوەی ئەو سێگۆشەی “ئێران، ئیسرائیل و ئەمریکا”دا دەخولێتەوە، ئەگەر بێبەش نییە لە باسکردن لە هەژموونی ڕووسیا و وڵاتانی عەرەبی و کاریگەرییان لەسەر ئەم سێ وڵاتە و پەیوەندییەکانیان. کتێبەکە پێماندەڵێت نە سیاسەتدا نە دوژمنی هەمیشەیی هەیە، نە دۆستی هەمیشەیی. جگە لەمەش هەنگاوێکی زیاتریش دەڕوات، کە دەیەوێت ئەوەش بۆ خوێنەر ڕوون بکاتەوە کە هەموو ئەو هاوپەیمانیانە جگە لە هاوپەیمانی بەرژەوەندیخوازی و فریودانی یەکتریی هیچی دیکەی تێدا نییە. ئەمە بێجگە لەوەی کتێبەکە دژ بەو نمایشانەیە کە لە میدیاکاندا دەگوزەرێت و وڵاتان لە میدیاکانەوە شتێک نمایش دەکەن بەڵام بەنهێنی خەریکی ئەنجامدانی کارێکی دیکەن.
ئەم کتێبە ئەگەرچی بە قەبارە گەورەیە، بەڵام ورد و چڕ باس لە پەیوەندی ئەو سێ وڵاتە دەکات لە 1948 ـەوە لە دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسرائیلەوە تا ساڵی 2007، کە قۆناغێکی نوێ لە پەیوەندی ئەم سێ وڵاتە دەستی پێکردووە. بێگومان ئێمە لێرەدا ناتوانین ڕانان بۆ هەموو بەشەکانی بکەین، بەڵام تەنها ویستم خوێنەران لەوە ئاگادار بن ئێمە لەنێو بەرداشی ئەم سێ زلهێزەدا مانەوەمان سەرکەوتنێکی گەورەیە، یان دروستتر بڵێم لەنێو ئەو هەموو هاوکێشە ئاڵۆزەی سیاسەتی ئەم سێ زلهێزە و دەیانی دیکەدا بەردەوامیدان بە مانەوە و لایەنگیرنەبوون لە زۆرێک لە دۆسییەکاندا ئەگەری سەرکەوتن و ئارامی بۆ ئێمە پێیە. کتێبەکە تەنها شاکارێکی سیاسی نییە، بەڵام شاکارێکە بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونیمان هەبێت ئێمە لە کوێداین و چۆن لە هەموو لایەکەوە گەمەکانی سیاسەت بەردەوامن و ئێمەش زۆرجار دەبینە سووتەمەنی ئەو گەمانەی کە خۆمان تێیدا بەشدار نین. خوێندنەوەی کتێبەکە وشیاریی کوردبوونمان زیاتر دەکات و منیش بەو ئامانجەوە کتێبەکەم خوێندەوە، تا زیاتر لە کوردبوون لەنێو دۆخە ئاڵۆزە نێودەوڵەتییەکاندا تێبگەم.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ و دەزگای سەردەم، کە هەمیشە بە کتێبە تایبەت و سەرنجڕاکێش کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەند دەکەن.

