رۆژنامەی ھەولێر

خولێكی تایبەت بە كارسازان بەڕێوە چوو

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

بۆ یەكەمین جار لە دەڤەری سۆران خولێكی كارسازی بۆ مامۆستایانی بەشە جیاوازەكانی سەرجەم فاكەڵتییەكانی زانكۆی سۆران بەڕێوە چوو.

بە ئامادەبوونی پ.ی.د. شێروان شەریف قورتاس، سەرۆكی زانكۆی سۆران، سەنتەری پەرەپێدانی كاری زانكۆی سۆران، لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی زانكۆی سۆران، خولێكی كارسازی بۆ مامۆستایانی بەشە جیاوازەكانی سەرجەم فاكەڵتییەكانی زانكۆی سۆران بۆ ماوەی دوو ڕۆژ كردەوە. ئەم خولە بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەرەكانی پەرەپێدانی كار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی ساز كراوە.
بەڕێوەبەرایەتیی سەنتەرەكانی پەرەپێدانی كار لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بە هاوبەشی لەگەڵ یوئێن‌دی‌پی (UNDP) و دەزگای ڕوانگە، تەواوی ئامادەكارییەكان بۆ ئەم خولە كراون. هەر لە ئامادەكردن و چاپكردنی كتێبێت وەك پەیڕەو (مەنهەج)ـی تایبەت بە وانەی كارسازی، تا ببێتە بەشێك لە پەیڕەوی خوێندنی زانكۆكانی هەرێمی كوردستان.
زانكۆی سۆران وەك یەكەم زانكۆ خولێكی كارسازی بۆ 45 لە مامۆستایانی خۆی كردۆتەوە، بەمەبەستی ئامادەكاری كردن بۆ وەرزەكانی داهاتوو، چونكە ئەم بابەتە دەبێتە بەشێك لە بەرنامە و پڕۆگرامەكانی وەرزەكانی داهاتووی بەشە زانستییە جیاوازەكانی زانكۆی سۆران. لە پاڵ ئەمەدا، ئامادەكارییش دەكرێت كە خولێكی ڕاهێنان بۆ بابەتی كارامەییەكانی پەرەپێدانی كار لە مانگی 3ـی 2026 بەڕێوە بچێت.