ڕائیب جادر – هەولێر
خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، لە دیدارێکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: ھەمووان وەکو ڕەمزێکی نەتەوەیی لە سەرۆک بارزانی دەڕوانن بۆ چارەکردنی کێشەکان، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان سەردانێکی گرنگ و مێژوویی بوو و دڵنیام ئەنجامی زۆر باشی بۆ گەلی کورد دەبێت، چونکە سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئەوە بووە ھەر کێشەیەک ھەبێت لەڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتییەوە چارە بکرێت. دەشڵێ: لە ھەرێمی کوردستان ٢٣٧ دێر، کەنیسە و مەزارگە ھەن، ڕۆژبەڕۆژیش ژمارەیان زیاتر دەبێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەی پێویست بێت بۆمان دابین دەکات.
لە یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ی پاراستنی مافی پێکھاتەکان، باسی پێکهاتەکان کراوە تورکمان، کلد، ئاشووریی و سریانی، ھەروەھا پێکھاتە ئایینییەکانیش بریتییە لە مەسیحی، ئێزدی، شەبەک، کاکەیی، فەیلی، زەردەشتی، بەھائی و سابیئە، لە ھەرێمی کوردستان پاڵپشتییەکی گەورە ھەیە بۆ پاراستنی مافی پێکھاتەکان، ئەو پاڵپشتییەش لە پراکتیکدا ڕەنگدانەوەی ھەیە.
لە ھەرێمی کوردستان ڕەوشی پێکھاتەکان زۆر باشە، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەردەوام پشتگیری لە مافەکانیان دەکات، ھەبوونیان لە کایەکانی حکوومەت گرنگە، سەرۆکوەزیرانی کوردستان مەسرور بارزانی بەردەوام پشتگیری لە پێکھاتەکان دەکات، لە کابینەی نۆیەمیش ڕەنگی داوەتەوە، وەزارەتێک ھەیە بەناوی کاروباری پێکھاتەکان، ئەوەش فاکتەرێکی گرنگە لە بەھێزکردنی پێکەوەژیانی نەتەوە و ئەدیانەکان، لە ھەمان کاتدا ڕۆڵی سەرۆک بارزانی دیار و بەرچاوە، ھەموو کات پشتگیری لە مافی پێکھاتەکان کردووە، فاکتەرێکی گرنگە بۆ بەھێزکردنی پێکەوەژیان لە ھەرێمی کوردستان، وەکو خۆیان دەڵێن، ھیچ کێشەیەک و کەموکوڕیەکیان نییە و حکوومەتی ھەرێم باشترین ژیانی بۆ ئێمە دابین کردووە، ئەوەش پێچەوانەی ناوچەکانی دیکەی عێراقە کە بەردەوام ھەڕەشەیان لەسەرە، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە ناوچەکانی عێراق جێ بھێڵن و ڕوو لە ھەرێمی کوردستان بکەن، بۆیە تا ماوین سوپاسی سەرۆک بارزانی دەکەین، کە بەردەوام پشت و پەنامان بووە و لەسەر دەستی جەنابیان ڕۆژبەڕۆژ ژیانمان پارێزراوتر دەبێت.
خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەڵێت: سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ ڤاتیکان پێشتر ئامادەکاری بۆ کرابوو، کاتی سەردانەکەش ھەستیار و گرنگ بوو، بۆیە سەردانێکی گرنگ و مێژوویی بوو و دڵنیام ئەنجامی زۆر باشی بۆ گەلی کورد دەبێت، چونکە سەردانەکانی سەرۆک بارزانی ھەمیشە ئەنجامی باشیان ھەبووە، ئەمجارەش کە گەلی ڕۆژئاوای کوردستان پێویستی بە ھاوکاری ھەیە، سەرۆک بارزانی ئەوەی لەدەستی بێت لەڕێگەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڤاتیکانیشەوە درێخی ناکات، چونکە سەرۆک بارزانی مەرجەعی ھەموو کوردە و خۆی بە خاوەنی ھەموو پێکھاتەکانیش دەزانێت، ئەمەش وای کردووە لە ھەموو وڵاتان ڕێزێکی تایبەتی لێ بگیرێت، وەک چۆن بینیمان لە ڤاتیکانیش پاپا ڕێزێکی گەورەی لێ گرت، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت دەرگای ڤاتیکان بۆ ھەرێمی کوردستان ھەمیشە کراوەیە، ئەمەش نە یەکەم سەردانە و نە دوایین سەردانیش دەبێت.
بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی، گوتیشی: ھەمووان وەکو ڕەمزێکی نەتەوەیی تەماشای سەرۆک بارزانی دەکەن بۆ چارەکردنی کێشەکان، نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، بەڵکو لە ھەموو ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، بۆیە سەردانێک بوو ھەموو تاکێکی کوردستان پێ خۆشحاڵ بوو، ئەو مەلەفانەی کە باسیش کران، مەلەفی ھەستیار بوون، لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستان و ناوچەکە بوون، چونکە دەکرێ قەداسەتی پاپا لەڕێگەی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و دەزگاکانی کڵێسا یاخود وەزارەتی دەرەوەی ڤاتیکانەوە، فشار لە یەکێتیی ئەوروپا بکەن و ئەو کێشانەی کە ھەن چارە بکرێن، مافی کوردیش لە سووریا بدرێت.
خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی، دەشڵێ: کاتێک کە سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بوو، یاسای مافی پێکھاتەکانی واژوو کرد، دەورێکی گەورەی ھەبوو لە کۆکردنەوەی ھەموو پێکھاتەکان لەژێر چەتری وەزارەتێک کە ئێستا ھەشت پێکھاتە لەژێر سایەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی کە خزمەت بە ھەموو پێکھاتەکانی کوردستان دەکات ھەن، یاسای ژمارە ٥ی ساڵی ٢٠١٥ لە کاتێکدا دەرچوو کە داعش لە ناوچەکە بوو، بارودۆخێکی ناخۆش لە کوردستان ھەبوو، ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت لە ھەرێمی کوردستان جیاوازی لە نێوان پێکھاتەکان ناکرێت، ئەمەش وای کردووە گرنگی زیاتر بە ھەرێمی کوردستان بدەن، بۆیە سەرۆک بارزانی ھەردەم پشتگیری لە پێکھاتەکان کردووە و ھۆکارێکی سەرەکییە لەو پێکەوەژیانەی کە ئێستا لە کوردستان ھەیە، سەرۆک بارزانی ھەمیشە لەگەڵ ئەوەدا بووە ھەر کێشەیەک ھەبێت نەک تەنیا لە ھەرێمی کوردستان، بەڵکو لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگەی گفتوگۆ و ئاشتییەوە چارە بکرێت.
بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی، ئەوەشی گوت: لە پاراستنی مافی پێکھاتەکان جیاوازیەکی زۆر لە نێوان ھەرێمی کوردستان و عێراق ھەیە، وەکو پێکھاتەی مەسیحی لە دوای ئازادی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ ئەو کێشە و ئالۆزیانەی لە نێوان شیعە و سوننە ھەبوون، ئەوەش وای کرد پێکھاتەکانی دیکە بەتایبەتی پێکھاتەی مەسیحی ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببن، لە ھەمان کاتدا لە عێراق بەردەوام ھەڕەشە لە پێکھاتەکان دەکرێت، ھەر ئەوەش ھۆکار بووە کە پێکھاتەکان ئاوارەی ھەرێمی کوردستان ببن، ھاتنی داعشیش بە ھەمان شێوە، ئەمە لە کاتێکدایە ھەرێمی کوردستان باوەشی بۆ ھەموو پێکھاتەکان کردووەتەوە، ئەمڕۆ بەشێکی زۆری مەسیحییەکانی عێراق لە ھەرێمی کوردستان دەژین، لە سایەی ئەو سەقامگیری و ئارامییەی کە لە ناوچەکە ھەیە.
لە کۆتاییدا خالید ئەلبێرت، بەڕێوەبەری کاروباری مەسیحییەکان لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاشکرای کرد: زیاتر لە ٢٧٥ کەنیسە و دێر و مەزار لە ھەرێمی کوردستان ھەن، ساڵانەش ژمارەیان زیاتر دەبێت، لە وەزارەتی ئەوقاف بەڕێوەبەرایەتی مەسیحییەکان ھەیە، ئەو بەڕێوەبەرایەتییە ھەرچییەک پێویست بێت بۆ ئەو ناوچانە دەکات کە کریستیانی لێیە، بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەو کێشە و ئالۆزیانەی کە لە نێوان ھەولێر و بەغدا ھەن، بەتایبەتی لەڕووی داراییەوە بوونەتە کۆسپ لەبەردەم ھەندێک لە کارەکانمان، بەڵام سوپاس بۆ خوا بەردەوام خزمەت دەکەین و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئەوەی پێویست بێت بۆمان دابین دەکات.

