رۆژنامەی ھەولێر

دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی ڕافایێل مۆڤسیسیان، کاربەڕێکەری کونسوڵخانەی گشتیی کۆماری ئەرمینیای لە هەولێر کرد.

لەو دیدارەدا، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەهێزکردنی هەماهەنگی و گۆڕینەوەی ئەزموونەکان لە بوارە جیاوازەکانی وەک گەشەپێدانی ئابووری، پەروەردە و کەلتوور کردەوە، بە ئامانجی فراوانکردنی ئاسۆی هاوکارییەکان و بەهێزکردنی لێکتێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەردوولادا.
لە بەشێکی دیکەی بەیەک گەیشتنەکە، باس لە چەندین دۆسیەی پەیوەست بە مافەکانی مرۆڤ و حوکمڕانیی باش کرا، لەوانە سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ئازادیی ڕادەربڕین و میدیا، لەگەڵ پاراستنی ئازادیی ئایین و بیروباوەڕ.
دیندار زێباری تیشکی خستە سەر سیاسەت و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێم بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و جەختی لەوە کردەوە، پێویستە هەموو ئەم سیاسەتانە لەگەڵ پێوەرە جیهانییەکاندا بگونجێنرێن.
ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بە گرنگیی میكانیزمی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر کرد و ڕۆڵی ئۆفیسەکەی ڕوون کردەوە لە هەماهەنگیکردن لە نێوان دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم و نێردە دیپلۆماسییەکان و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان. هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی کە گۆڕینەوەی باشترین ئەزموونەکان (Best Practices) یارمەتیدەر دەبێت لە جێبەجێکردنی پابەندییە نێودەوڵەتییەکان و بەهێزکردنی بەها دیموکراسییەکان لە ناوچەکەدا.
ئۆفیسی ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، وەک پردێکی پەیوەندی لە نێوان حکومەت و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کونسوڵخانەکان کار دەکات. ئەم ئۆفیسە بەرپرسە لە وەڵامدانەوەی ڕاپۆرتە جیهانییەکان و چاودێریکردنی ئاستی پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە ڕێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ. سەردانەکەی دکتۆر دیندار زێباری بۆ کونسوڵخانەی ئەرمینیا لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم دێت بۆ شەفافیەت و نیشاندانی چاکسازییەکان لە بواری مافی مرۆڤ و حوکمڕانیدا بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی