رۆژنامەی ھەولێر

٥٧ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی شێخ ئەحمەد بارزانی تێدەپەڕێت

ڕائیب جادر – هەولێر

شێخ ئەحمەد بارزانی ڕابەرێکی مەزن و شۆڕشگێڕ تژی لە خوداناسی، نیشتمانپەروەری، دادپەروەری، پاراستنی پێکەوەژیان و وەستانەوە لە دژی زوڵم و زۆرداری، ناو و ناوبانگێک کە ھەمیشە لە مێژووی کورددا بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە.

شێخ ئەحمەد بارزانی، لە ساڵی ١٨٩٦ لە دەڤەری بارزان لە خانەوادەیەکی کوردپەروەر و ناودار ھاتووەتە دونیا، ھێشتا تەمەنی ٧ ساڵان بوو کە باوکی شێخ محەممەد کۆچی دوایی کرد و برا گەورەکەی شەھید شێخ عەبدولسەلام بارزانی جێگرەوەی باوکی بوو و درێژەی بە خەباتی مرۆڤایەتی و ئولی و شۆڕەشگێری دا.
شێخ ئەحمەد بارزانی، ڕابەرێکی مەزنی شۆڕشگێر، تژی لە دادپەروەری و پاراستنی پێکەوەژیان و وەستانەوە لە دژی زوڵم و زۆرداری بوو، بڕوای تەواوی بەوە ھەبوو کە مرۆڤ دەبێت مردنێکی شەڕەفمەندانە ھەڵبژێرێت، نەک ژیانێکی ژێر دەستە.
لە سەردەمی شێخ عەبدولسەلام بارزانیدا، دەڤەری بارزان زۆر بەھێز بوو، چاکسازیی کۆمەڵایەتی و زۆر دەستکەوتی دیکە بەدەست ھاتن، دوای ئەوەی لە ساڵی ١٩١٤ شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن عوسمانییەکان شەھید کرا، شێخ ئەحمەد بارزانی درێژەی بە خەبات و بەردەوامی بە ڕێبازی بارزان دا، ئەو کات تەمەنی شێخ تەنیا ١٨ ساڵ بوو، سەرباری ئەوەی شێخ ئەو کات لە تەمەنێکی کەمدا بوو، بەڵام گەشەی بە ڕێبازی بارزان و ڕێبازی کوردایەتی دا.
شێخ ئەحمەد بارزانی کە ئەوکات لە تەمەنێکی کەمی ژیاندا بوو، گەشەی بە ڕێبازی بارزان دا، لە ساڵی ١٩١٩ پشتیوانی لە شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید کرد و ھەروەھا نامەی بۆ شێخ و سەرۆک ھۆزەکانی بادینان نارد و ھانی دان ھاوکاری شێخ مەحموود بکەن و خۆیشی ژمارەیەک پێشمەرگەی بە سەرکردایەتیی مستەفا بارزانیی برای نارد.
ھەروەھا سەردەمی پێشەوایەتیی “خۆدانێ بارزان” سەردەمێکی پڕشنگدار بوو لە مێژووی گەلی کوردستان لە شێوازی بەڕێوەبردن دادپەروەری، یەکسانی، لێبوردەیی، ملکەچ نەکردن بۆ داگیرکەران و دووژمنان، تەسلیم نەبوون، ئیرادەی پۆڵاین، ڕاستی و دروستی، ڕەوشتبەرزی، ئایین و پێکەوەژیان و ژینگەپارێزی، ھەموو ئەمانە لە سەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانی کران بە یاسا و رێسا.
لە ساڵی ١٩٣١ بەھۆی ناکۆکییەکانییەوە لەگەڵ حکوومەتی ئەوسای عێراقدا، شەڕوپێکدادان لەنێوان ھێزی بارزانییەکان و سوپای عێراقدا ڕوودەدات و نزیکەی ساڵێک دەخایەنێت، کە بە شۆڕشی یەکەمی بارزان ناسێندرا و شێخ ئەحمەد ڕابەرایەتیی ئەم شۆڕشەی کرد.
خودانێ بارزان لە چوارچێوەی ئەو ڕێنمایی و ئامۆژگارییانەی کە بۆ خەڵکی دەڤەری بارزان ھەبوو، ھەمیشە و بەردەوام داکۆکیی لەسەر سێ خاڵ دەکردەوە، یەکەمیان ئەوە بوو داوای لە خەڵکەکەی دەکرد کە لە ناوخۆیاندا “یەکگرتوو” بن دەیفەرموو: ئەگەر یەکگرتوو بن دەتوانن بەسەر دوژمنەکانتان سەرکەون، دەتوانن بەسەر ھەموو سەختی و دژواری و ناخۆشییەکاندا زاڵ بن و ژیانێکی سەربەرز و پڕ لە کەرامەت و بەختەوەری بۆ خۆتان و نەوەکانی داھاتوو دەستەبەر بکەن، بەڵام ئەگەر یەکگرتوو نەبن ھەموو شتێک لە دەست دەدەن.
دووەمیشیان ئەوە بوو دەیفەرموو: بۆ ئەوەی بتوانن ڕەزامەندیی خودای مەزن بە دەستبێنن و لە دونیا و ئاخرەتیشدا سەربەرز بن، ئەو شتەی بۆ کوڕی خۆتان پێ باشە بۆ کوڕی خەڵکیشتان پێ باش بێت، ئەو شتەی پێتانوایە زەرەری بۆ کوڕی خۆتان تێدا دەبێ بەھەمان شێوە بۆ کوڕی خەڵکیش بە زەرەری بزانن و لێی دوور بکەونەوە.
سێیەمیشیان ئەوە بوو دەیفەرموو: لە نێوان زاڵم و مەزڵومدا ھەمیشە لەگەڵ مەزڵوم بمێننەوە و بەرگریی لێ بکەن و داوای چەسپاندنی حەق و عەدالەت بکەن.
مێژوونووسان و دۆست و ھاوەڵان سەردەمی ڕابەرایەتی شێخ ئەحمەدی بارزانی بەسەردەمێکی زێڕین دادەنێن، کە تیایدا دادپەروەری و پێکەوەژیان و چاکسازی زۆر پەرەی سەند.
شێخ ئەحمەد بارزانی، فکر و پەروەردەکەی وای کرد کە خەڵک گوێڕایەڵی بێت ھەتا لەڕووی پەروەردەییەوە توانی خەڵکەکە ئامادە بکات کە چۆن داوای ئازادی و مافەکانیان بکەن و دژی زوڵم و ستەم بوەستێتەوە، ھەر لەسەردەمی شێخ ئەحمەد بارزانی، بایەخی زۆر بە لایەنی ژینگەپارێزی دراوە، کە تا ئێستاش ئەو فەرھەنگە لە دەڤەری بارزان بەردەوامە و پەڕەی پێدراوە.
شێخ ئەحمەد بارزانی، دوای شەھیدبوونی براگەورەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی، ڕابەرایەتی بزووتنەوەی بارزان دەکەوێتە سەرشانی، ئەمەش ھاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی جیھانی یەکەم کە لە ئەنجامی ئەم شەڕە جیھانییە سەرەڕای ئەو ھەلومەرجە سەختەی کە بزووتنەوەی بارزان تێیکەوت، ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی و کوردستان بەتایبەتی، کەوتە بەردەم گۆڕانکاری گەورە بەتایبەت لە ڕووی جوگرافی و سیاسی.
کورد و کوردستان لە ئەنجامی ئەو گۆڕانە زەرەرمەندی سەرەکی بوون، ئەویش بەھۆی پارچەبوونی کوردستان لە دوو پارچەوە بۆ چوار پارچە، ھەروەھا ئەو فشار و گوشارانەی کەوتنە بەردەم بزووتنەوە و شۆڕشەکانی گەلی کورد لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، تاڕادەی سەرکوتکردن و دامرکانەوە چوون، لەوانە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران و شۆڕشی ئاگری لە باکووری کوردستان، شۆڕشی شێخ مەحموودی حەفید لە باشووری کوردستان و شۆڕشی سمکۆی شکاک لە ڕۆژھەڵاتی کوردستان.
لەم ھەلومەرجەدا بارزان، بەڕابەرایەتی شێخ ئەحمەد بارزانی، بووە جێگای ئومێد و ھیوای گەلی کوردستان، سەرەڕای ئەو دۆخە ناھەموارەی کە خودی بزووتنەوەی بارزان لە ئەنجامی شەھیدبوونی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و زوڵم و ستەمی دوژمنانی کورد و کوردستان تێی کەوتبوو، لە ھەمانکاتدا بووە تەنیا ئومێدی بەھاناوە چوون و داڵدەدانی شۆڕشگێران و لێقەوماوانی سەرجەم پێکھاتە ئایینیی و نەتەوەییەکان.
ڕۆڵی ڕووحانییەتی شێخ ئەحمەد بارزانی بوو بە ناوەندێکی بەھێزی ئیلھام بەخش بۆ شۆڕشگێرانی بارزان و شۆڕشی ئەیلوولی مەزن بەڕابەرایەتی بارزانیی نەمر، ئەمەش بووە ھۆی ئەوەی کە بارزان ھەمیشە ببێتە کەشتی نەجاتی بزووتنەوەی سیاسی و نەتەوەیی کورد لە قۆناغە سەختەکانی مێژووییدا، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ڕێبازی ڕەوشتبەرزی، لێبوردەیی و یەکسانخوازی بزووتنەوەی بارزان لە پشتگیریی خەڵکی ھەژار و ستەم لێکراو و حەقانییەتی ئەو ڕێبازە بۆ دەستخستنی مافی حەقخوراوان و پەناگەیەکی ئارام بۆ ھەموو لێقەوماوان و ژینگەیەکی ئارام بۆ سەرجەم نەتەوە و ئایینەکان.
ئەم ڕێبازە بوو بەبنەمای کاری ڕابەرایەتی لە بواری سیاسی و کۆمەڵایەتی و فەرھەنگیدا، بۆ ئەمڕۆی دۆزی کورد و لە ھەمان کاتدا وەکو ئەزموونێکی کارا و دەوڵەمەند، بۆ ئیدارەدان و بەڕێوەبردنی ھەرێمی کوردستان، لەسەر دەستی ڕابەری ئەمڕۆی گەلی کوردستان سەرۆک بارزانی، کە جێی ھیوا و ئومێدی خەڵکی کوردستانە بۆ گەیشتن بە کەناری ئارامی و کامەرانی، میراتگری ئەو ڕێبازەیە.
شێخ ئەحمەد بارزانی، لە ڕوانگەی مرۆڤبوون، ھەوڵی داوە ڕووحی لێبووردەیی و پێکەوەژیان لەناو خەڵک بەرجەستە بکات، بۆ نموونە کریستیان و جوولەکەیەک، شێخ ئەحمەدی بارزانی بە خودانی خۆی دەزانی، چونکە ھەموو ماف و ئازادییەکی بۆ فەراھەم کردبوو.
شێخ ئەحمەد بارزانی، پێش زیاتر لە سەد ساڵ، بایەخی بە ئافرەت و ئازادییەکانی داوە، لەڕووی ژینگەپارێزییەوە، لە سەردەمی شێخ ئەحمەد زۆر گرنگی بەم لایەنە دراوە، شێخ ئەحمەد خاوەن سوپا و ھێز نەبوو کە ئەو ڕێنمایانە لە ناوچەکە جێبەجێ بکات، بەڵکو فیکر و پەروەردەکەی وای کرد کە خەڵک گوێڕایەڵی بێت، لەڕووی پەروەردەییەوە توانی خەڵکەکە ئامادە بکات کە چۆن داوای ئازادی و مافەکانی بکات دژی زوڵم و ستەم.
پێویستە کۆمەڵگەی ئێستای کوردی یاسا و بڕیارەکانی خۆدانێ بارزان بکەنە بەرنامە و مەنھەجی ژیانی خۆیان تاوەکو دووربکەونەوە لەو ڕووداو و کارەسات و کار و کردەوانەی کە ئێستا لە کۆمەڵگەی کوردی ھەن و ھەستی پێ دەکرێن.
لە کانوونی دووەمی ساڵی ١٩٦٩ باری تەندروستیی شێخ ئەحمەد بارزانی تێکدەچێت و نەخۆش دەکەوێت، لە ٩ی ھەمان مانگ، بە ھێلیکۆپتەر دەگەیەنرێتە بەغدا بۆ چارەسەرکردن، بەڵام سەر لەبەیانی ١١ی مانگ لە نەخۆشخانەی ئیبن سینا لە بەغدا کۆچی دوایی کرد.
دادپەروەری، یەکسانی، لێبووردەیی، ژینگەدۆستی، ‬سەرشۆڕنەکردن بۆ داگیرکەران و دوژمنانی‮ ‬گەلی‮ ‬کورد، تەسلیم نەبوون، ئیرادەی‮ ‬پۆڵاین‮، ڕاستی‮ ‬و دروستی، ڕەوشت بەرزی‮ ‬و پێکەوەژیان بەشێک بوون لە سیفەتە بەرز و تایبەتەکانی شێخ و دوایی ھەموو ئەمانە ھەر لە سەردەمی‮ ‬شێخ ئەحمەد بارزانیدا، کران بە یاسا و ڕێسا.‬‬‬‬‬‬‬