رۆژنامەی ھەولێر

دۆسیەی ئەمنیی شارەکانی عێراق تا کۆتایی ئەمساڵ بە وەزارەتی ناوخۆ دەسپێردرێت

سلێمان تاشان – هەولێر

وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە پلانیدایە تا کۆتایی ئەمساڵ دۆسیەی ئەمنیی ناوخۆی شارەکانی عێراق بەدەستەوە بگرێت پڕۆژەیەک کە ئەگەر بە تەواوی سەر بگرێت ئەوا رۆڵی سوپای عێراق لە ناو شارەکان و دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی پێوەندیدار بە ئاسایش و پۆلیس بە تەواوی کۆتایی پێ دەهێنێت.

عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا بە دۆخێکی ئاساییدا تێنەپەڕیوە و جەنگی ناوخۆیی و شەڕی مەزهەبی و پاشان تیرۆر و سەرهەڵدانی داعش کۆمەڵێک ڕووداو بوون کە دەستی سوپای عێراقیان لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی شارەکان زیاتر ئاوەڵە کردبوو، هەر چەندە لە هەندێک بواردا یارمەتیدەر بووە بەڵام لە هەمان کاتدا کێشە و قەیرانی نوێی ئەمنی بۆ عێراق هێناوەتە کایەوە.
لەو ماوەیەدا دەستی سوپای عێراق لە نێو شارەکان ئەوەندە کراوە بووە تەنانەت بۆ پرسێکی کشتوکاڵی یان پێوەندیدار بە زەوی و زار دەستوەردانی کردووە و هاتووەتە ناو گوند و شارەکان و لە جیاتی چارەسەری کێشەکان قووڵتری کردووەتەوە. هيرشی سوپای عێراق بۆ سەر پەلکانە و گوندەکانی تری کەرکووک و تەنانەت گرتن و ئەشکەنجەدانی جووتیاران نموونەیەکی ئەو ڕاستییەن. سوپا لە ڕابردوودا لە چەندین بواری تردا دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی شارەکاندا کردووە و تەنانەت لە هەندێک شوێن پێکدادان لە نيوان سوپا و پۆلیس هاتووەتە کایەوە.
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی کردەوە خەریکی پڕۆژەیەکی گشتگیرە بۆ کۆتاییهينان بە مانەوەی سوپا لە نێو شارەکانی عێراق و بەگوێرەی پلانەکە تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢٦ دەبێت بە تەواوی جێبەجێ بکرێت. تا ئێستە وەزارەتەکە بەرپرسیارێتیی دابینکردنی ئاسایشی شەش پارێزگای بەدەستەوە گرتووە.
عەباس بەهادولی گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە میدیاکانی ڕاگەیاند جگە لە کۆتایی پێهێنان بە مانەوەی سوپای عێراق لە نێو شارەکان لە چەند بوارێکی تردا هەنگاو دەنێن لەوانەش هەوڵ دەدەن عێراق ببێتە ناوەندێکی گرنگی ناوچەکە بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی قاچاخچییان و ئەو کەسانەی مامەڵە بەو مادە مەترسیدارە دەکەن.
وەک زیاتر خستیە ڕوو هەنگاوێکی تریان بریتییە لە بەئەلیکیترۆنیکرردنی کاروباری پۆلیس و وەزارەتی ناوخۆ بەو ئامانجەی کاروباری هاووڵاتییان لە دامەزراوە جیاوازەکان خێراتر ڕایی بکرێت. خاڵیکی تر کە لە پلانی وەزارەتەکەدایە ئەوەیە پێوەندەییە کۆمەڵایەتییەکانی لەگەڵ کۆمەڵگە پەرە پێ دەدات و متمانە لە نيوان هاووڵاتی و پۆلیسدا بهێنێتە کایەوە.
پلانەکە پرسی بە ئەلیکترۆنیکردن بوارەکانی دەرکردنی پاسپۆرتی ئەلیکترۆنی، ڤیزە، کارتی نیشتمانی و کۆمەڵێک خزمەتگوزاری تر لەخۆ دەگرێت، پلانێکی تری وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئەوەیە دووسەد یەکەی نوێی بەرگریی شارستانی و دابینکردنی فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی پێشکەوتووی ئاگرکوژێنەوە دابین بکات کە لە کۆریای باشوورەوە هاوردە دەکرێن.
لە ڕووی پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی شارەکان دەمێکە هەرێمی کوردستان ئەو قۆناغەی بڕیوە و وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەر لەوەتەی دامەزراندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە خۆی ئاسایشی ناوخۆی پاراستووە و هێزی پێشمەرگە زیاتر بۆ مەترسییەکانی دەرەوە و ئەو هێرشانە ئامادە بووە کە لە دەرەوەی سنوورەکانەوە کراوەتە سەر کوردستان و ئەرک و بەرپرسیارێتییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە بە تەواوی لە یەکتر جیا کراونەتەوە و هیچ کامێکیان دەست ناخەنە ئەرکی یەکتر و لە هەمان کاتدا بۆ کۆی پرسی تەناهی هاوئاهەنگی و هاوکارییان هەیە.
لەرووی بەڕێوەبردن و راییکردنی کاروباری هاووڵاتییانیش، فەرمانگەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەمێکە قۆناغی بە دیجیتاڵکردنیان بڕیوە و خەڵک لە ماوەیەکی زۆر کەمدا کاروبارەکانیان رادەپەڕێنن. ئەو عەرەبانەی لە بەغداوە کاریان کەوتووەتە فەرمانگەکانی کوردستان زیاتر هەستیان بەو جیاوازییە کردووە و دانیان بەوە ناوە کە هەرێمی کوردستان لەو رووەوە زۆر پێشکەوتووە و ئەو هیوایەیان هەبووە عێراقیش وەک هەرێمی کوردستانی لێبێت.
هەر چۆنێک بێ ئەرکی سەرەکیی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەکەوێتە سەر شانی حکوومەتی داهاتوو کە هێشتا دانەمەزراوە و دانوستانەکان بۆ پێکهێنانی بەردەوامە.