وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بەهۆی شەپۆلێکی بەفربارین و ڕەشەباوە زیان بە تۆڕەکان گەیشت، تیمەکانیان توانیویانە گرفتەکە چارەسەر بکەن و دۆخی کارەبا بە تەواوی ئاسایی بووەتەوە.
وەزارەتی کارەبا لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە داوە کە شەپۆلێکی ڕەشەبا، باران و بەفر ناوچە جیاجیاکانی کوردستانی گرتەوە، ئەمەش بووە هۆی زیانگەیاندن بە تۆڕەکانی پاڵەپەستۆی بەرزی کارەبا لە نێوان وێستگەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوە.
وەزارەتەکە ڕوونی کردووەتەوە، دەستبەجێ تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و پارێزگاکان بە هەماهەنگی لەگەڵ تیمەکانی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی وزە، توانیویانە بارودۆخەکە کۆنترۆڵ بکەن و دوای چەند کاتژمێرێک بەشێکی زۆری کارەبای پارێزگاکانیان گەڕاندووەتەوە و لە ئێستاشدا دۆخەکە بە تەواوەتی ئاسایی بووەتەوە.
لە کۆتایی ڕاگەیاندراوەکەدا، وەزارەتی کارەبا وێڕای سوپاسکردنی هاووڵاتییان بۆ پشوودرێژییان، دڵنیایی داوە کە لە کاتی هەر گرفتێکدا لە تۆڕەکان، تیمەکانیان لە ئامادەباشیدان بۆ چارەسەرکردن.

