رۆژنامەی ھەولێر

دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دهۆک: حکوومەتی عێراق نەوت بۆ ئاوارەکان دابین ناکات

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، ئاشکرای کرد: تا ئێستا حکوومەتی عێراق نەوتی بۆ ئاوارەکان دابین نەکردووە، دەڵێ، ئەمە لە کاتێکدایە زیاتر لە سێ مانگە بە فەرمی نووسراوێکمان بۆ دابینکردنی نەوت بۆ ئاوارەکان ئاراستەی حکوومەتی عێراق کردووە.

زۆرینەی ئاوارەی کەمپەکانی دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کوردانی شنگال و خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سنووری پارێزگای نەینەوان. لەزگین خەلیل، ئاوارەیەکی شنگالە و لە یەکێک لە کەمپەکانی دھۆک نیشتەجێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: خەڵک لەم وەرزەدا پێویستی بە سۆپا و نەوت و پێداویستی وەرزی زستان ھەیە، بۆیە داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین پەلە بکات لە دابەشکردنی نەوت لە کەمپەکان.
حەسەن بەرەکات، ئاوارەیەکی دیکەیە و لە سۆران نیشتەجێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: وەکو ئاوارەکان داوای پێداویستییەکانی زستان دەکەین، چونکە کەشوھەوا سارد بووە و بەفر لەو ناوچەی ئێمە لێی نیشتەجێینە باریوە، سووتەمنیمان نییە خۆمان پێ گەرم بکەینەوە، حکوومەتی عێراقیش کێشەمان بۆ دروست دەکات و نەوت و ھاوکارییەکانی دیکە بۆمان دابین ناکات.
یونس مەحموود، ئاوارەیەکی مووسڵە، بۆ ڕۆژنامەی”ھەولێر” ئاشکرای کرد: بەداخەوە حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکاری ئێمەی نەکردووە، ئەگەر لەبەر حکوومەتی ھەرێم و دەزگای خێرخوازیی بارزانی نەبووایە، ڕەوشی ئێمە زۆر خراپ دەبوو و نەماندەزانی ڕوو لە کام شوێن بکەین، بۆیە تا ماوین سوپاسی حکوومەتی ھەرێم و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان دەکەین، بەتایبەتی سەرۆک بارزانی بۆ ئەو ھاوکاریەی بەردەوام پێشکەش بە ئێمەی کردووە.
بەرپرسی ھەندێک لە کەمپەکان، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێن، حکوومەتی عێراق ھیچ ھاوکارییەک پێشکەش بە ئاوارەکان ناکات، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێمە بە دەیان جار داوامان کردووە، بەڵام بەداخەوە عێراق خۆی لە ئاوارەکان ناکاتە خاوەن، بۆیە ئەگەر ئاوارەکان بەتەمای بەغدا بانە، ژیانیان بەڕێوە نەدەچوو، بەڵام حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و دەزگای خێرخوازیی بارزانی، بەردەوام ھاوکاری ئاوارە و پەنابەران دەکەن، بۆیە بەداخەوە حکوومەتی عێراق لەگەڵ ئێمە و ئاوارەکان ھاوکار نییە، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆربەی ئەو ئاوارانەی لەو کەمپانە نیشتەجێن لە پارێزگای مووسڵ و شارەکانی دیکەی عێراقەوە ھاتوونە.
دەیان پیر جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: تا ئێستا زیاتر لە ٢٠ ھەزار خێزانی ئاوارە لەناو کەمپەکان لە سنووری پارێزگای دھۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نیشتەجێنە و نەیان توانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە پارێزگای دھۆک، گوتیشی: داوامان لە حکوومەتی عێراق کردووە، نەوت بۆ ئاوارەکان دابین بکات، بەڵام ھەتا ئێستا وەزارەتی نەوتی عێراق وەڵامی نووسراوەکەی ئێمەی نەداوەتەوە و نەوتی بۆ ئاوارەکان دابین نەکردووە.