حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان رایگهیاند، لەپێناو پشتیوانی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە ژمارەیەك کاندیدی خۆی دەکشێنێتەوە.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان له راگهیهندراوێكدا ئاشكرای كرد، کاتژمێر 11ی پێش نیوەڕۆی رۆژی پێنجشەممە 8/ 10/ 2021 لەپێناو پشتیوانی کاندیدەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە پارێزگاكانی هەولێر، سلێمانی، دهۆك و ههڵهبجه، لە شاری هەولێر کۆبووەوە.
ئاماژه بهوهش كراوه، لە کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و پێگەی کورد لە پەرلەمانی داهاتوو کرا و تیشک خرایە سەر رۆڵی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لە سەرخستنی کەسانی چالاک و نیشتمانپەروەر بۆ ئەو ئەرکە بەجۆرێک کە بتوانن پارێزگاری لە پێگەی هەرێمی کوردستان و بەرگری لە ماف و دواکارییەکانی خەڵکی کوردستان بکەن.
له راگهیهندراوهكهدا هاتووه: لەو چوارچێوەیەدا ئەنجومەنی سەرکردایەتی بڕیاری دا لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و یەکخستنی هەوڵ و دەنگەکان لە ژمارەیەک لە بازنەکانی هەر سێ پارێزگاكانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و بازنەکانی شارەزوور و هەڵەبجە پشتیوانیی لە کاندیدەکانی پارتی دیموراتی کوردستان بكات.
روونیشكراوهتهوه، بۆ ئەو مەبەستە لە پارێزگای هەولێر لە بازنەکانی (2، 3، 4) و لە پارێزگای سلێمانی لە بازنەی (1، 3، 4، 5) و لە پارێزگای دهۆک لە بازنەکانی ( 1، 2، 3) پشتیوانیی لە کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان دهکرێت.
هەروەها بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست، لە بازنەکانی (2)ی سلێمانی و (1)ی هەولێر و تەواوی پارێزگای کەرکووك و خانەقین و مووسڵ کار بۆ سەرخستنی کاندیدانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان دهکرێت.
ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبی سۆسیالیست راشیگهیاند، هیواخوازین هەڵبژاردنێکی بێگەرد و سەرکەوتوو بەڕێوەبچێت و هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتی و هەڤاڵ و لایەنگرانی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان بە گەرم و گوڕییهوه بەشداری دەنگدان بکەن.