وەرگێڕانی شۆڕش غەفووری
چارلز بۆكۆفسكی (1920 ـ 1994)، شاعیر و چیرۆكنووس و ڕۆماننووسێكی دیاری ئەمریكایە. (عامەپەسەند) و (هاڵیود) و (ژنەكان) لە بەرهەمە دیارەكانی ئەم نووسەرەن. ستایل و شێوازی بۆكۆفسكی، بە هۆی جیاوازییەكەی لە شاعیری و نووسەری و نیشاندانی چینە تاریكەكانی ژیان و هەژاری لە ئەمریكا، سەرەنجێكی زۆری خراوەتە سەر. بۆكۆفسكی بە (مەلیكولشوعەرای هەژاران) ناسراوە. یەكەم ڕۆمانی لە 24 ساڵی چاپ بوو و شیعر نووسینیشی لە 35 ساڵی دەست پێ كرد. چیرۆكێكی پۆڕنی زۆریشی هەن كە ئەوانیش پەیوەستن بە ژیانی قورسی خەڵكی هەژارانەوەن.
كە لە کار گەڕامەوە ماڵەوە ـ ڕاستییەکەی، ماڵ نەبوو، ژوورێک بوو، ژوورێکی نێو تەلەفۆنخانە (موخابەرات)ـ دەرگام کردەوە و بینیم دوو پیاو لەوێ دانیشتوون.
یەکێکیان پرسی: “بەڕێزت هێنری چیناسکیت؟”
هەردوو پیاوەکە قاتی خۆڵەمێشییان لەبەر بوو و بۆینباخی شینیان بەستبوو، زۆر لێک دەچوون. ڕووخسارییان، بێ ڕۆح و زەردهەڵگەڕاو بوو. لەوە نەدەچوو نە تووڕە بن و نە ناڕازی، بەڵام دیار بوو زۆر شارەزان. کارەکەشیان بە من بوو.
“من هێنری چیناسکیم.”
پیاوەکەی دیکە پرسی: “دەتەوێت پاڵتۆیەک قەمسەڵەیەك یان شتێک لەبەر بکەیت؟”
“بۆ؟”
“دەبێت لەگەڵمان بێیت.”
“بۆ ماوەی چەند.”
“بۆ ماوەیەکی درێژ. پێم وایە.”
نەمپرسی کێن. هەستم کرد ئەو پرسیارە تووڕەیان دەكات. چوومە لای دۆڵابەكە و دەرگاكەیم کردەوە. هەردووکیان وەستابوون و تەماشایان دەکردم.
“تەنیا با پاڵتۆكەم بدۆزمەوە!”
تاقە پاڵتۆیەکەم هەبوو. دۆزیمەوە.
“دەستەکانت بخەرە پشتتەوە.”
وامكرد و کەلەپچەیان كردم. پێدەچوو تووڕە بن. ئەو پیاوەی کەلەپچەی كردم، بە ڕاستی توندی بەستن، بە جۆرێك کە ئاسنەكە بە خراپی لە دەستم دەچەقی.
هیچم نەگوت. ئەوانیش هەروەك نێو فیلمەكان باسی ماف و ئازادییەكانی منیان نەكرد.
یەکێکیان گوتی: “زۆر باشە. با بڕۆین..”
پاڵیان پێوە نام بەرەو دەرگا و لە پلیکانەکانەوە بردیانمە خوارەوە. لە نیوەڕێدا یەکێکیان پاڵی پێوەنام و بە پلیکانەکان غلۆر بوومەوە. سەرم كێشای بە دیوارەکەدا، بەڵام ئەوەی بە ڕاستی ئازاری هەبوو، غلۆربوونەوە بوو بە دەستی كەلەپچەكراوەوە.
هەستامەوە و چاوەڕوانیان بووم تا هاتنە خوارەوە.
پاڵیان پێوە نام بۆ دەروازەكە. دواتر لەسەر پلیكانەكانی بەردەم دەروازەكە، هەریەکەیان قۆڵێکیان گرتم و بەرزیان کردمەوە و بە خێرایی لە پلیكانەكان بردیانمە خوارەوە، لنگم بە حەواوە دەلەقین. هەستم كرد بووكەڵەیەكی سەیر و سەمەرەم.
ئۆتۆمبێلێک لە خوارەوە بوو، ڕەش. لە بەرامبەری ڕایانگرتم، دەرگای دواوەیان کردەوە و فڕێیان دامە ژوورەوە. کەوتمە نێو جێپێیەكان. پاشان بەرزیان کردمەوە و لەسەر كوشنی نێوان دوو پیاو دایاننیشاندم. دوو پیاوەكەش لە پێشەوە دانیشتن، سلف لە ئۆتۆمبێلەکە درا و بەڕێکەوتین.
یەکێک لە پیاوەکانی پێشەوە، ئەوەی کە شۆفێری نەدەكرد، وەرسووڕایەوە و لەگەڵ پیاوەكانی پشتەوە گوتی: “لە ماوەی کاریمدا زۆر کەسم سوار کردوون، بەڵام هیچیان وەک ئەمە نەبوون!”
“مەبەست؟”
“مەبەستم، هەر بە گونیشی نایێ.”
“ئێ؟”
“ئا، ڕەنگە سەرسەری بێت، سەرسەرییەكی ڕاستەقینە!”
پاشان پیاوەكە، ئاوڕی دایەوە پێشەوە.
پیاوەکەی لای چەپم پرسی: “لەو کەلەڕەقانەی؟”
“نا.”
پیاوەکەی لای ڕاستم پرسی: «وا دەزانی گوویەكی زۆر تایبەتیت؟”
“هیچ گوویەك نیم!”
بۆ ماوەیەک بە بێدەنگی هاژووشتمان.
پاشان دووبارە پیاوەكەی پێشەوە ئاوڕی دایەوە.
“دیتت گوتم؟!”
پیاوەكەی قۆڵی ڕاستم گوتی: “ئا، زۆر خوێنشیرینە.”
پیاوەكەی قۆڵی چەپم گوتی: “زۆر كەیفم بەمە نایێ.”
بینیم باڵەخانەکان ئاشنان، بە شەقامە ئاشناكاندا تێدەپەڕین.
كابرای دەستە ڕاستم گوتی: “دەتوانم بتکوژم و هیچ کەسیش پێی نەزانێت.”
“ڕاستە.”
“گەوادی خوێڕی!”
مشتی هەڵێنا و ڕێك كوتای بە نێوەڕاستی زگمدا. چاوانم تاریك داهاتن، دواتر سوورهەڵگەڕان. نێو هەناوم ئازا و ئاگر بوو. سەرەنجم خستە سەر دەنگی مەكینەی ئۆتۆمبێلەکە، وەک ئەوەی هاوڕێم بێت.
پیاوەکە پرسی: “ئێستا پێم بڵێ، من لێم دایت؟”
“نا.”
“ئاخر تۆ بۆ هێندە شیرینی؟”
“نیم. ئێوە كوڕەكان بێوێنەن.”
پیاوەکەی لای چەپم گوتی: «چەندە زۆرزانی، گەمژە، بەڕاستە گەمژەیە!”
دواتر دووبارە دەستی هەڵێنایەوە و لە هەناوی كوتامەوە. هەناسەم بڕا. نەمدەتوانی هەوا بکێشمە نێو سییەكانم، چاوەکانم ئاویان تێزا. هەستم بە خڕەخڕی سینگم كرد، شتێك لە ژێڵاوە هات ـ لە خوێن یا شتێكی لەو بابەتە دەچوو ـ قووتم دایەوە و چووە خوارەوە. كە ڕۆیشتە خوارەوە، هەستم كرد ئازارەكەم كەم دەكاتەوە!
“ئێستا پێم بڵێ، لێم دایت؟”
“نا!”
“بۆچی نەتەوێت واز بێنم؟”
“وازبێنە!”
“گەمژەی سەرسەری!”
یەکێکیان بە لەپی دەستی زللەیەكی لە ڕووخساری سرەواندم. یەکێک لە ددانەکانم لا شەویلاكی بڕیم و تامی خوێن زایە نێو دەمم!
“نەتەوێت بپرسیت بۆچی سوارمان کردیت؟”
“نا!”
“گەمژە، گەمژە!”
شتێک لە پشتی ملمەوە درزی برد. لە مێشکمدا ڕووخسارێکی زەردی گەورە تەماشای دەکردم و دەمێکی سووری هەبوو نیوەی پێكەنینێكی تەوسدار بوو و نیوەكەی تریشی گاڵتەپێكەرانە، زۆری نەمابوو بداتە قاقای پێكەنین. پاشان لە هۆش خۆم چووم…
ئێوارە سەرچووبوو، سەرەتای شەو بوو، شەوێکی مانگەشەو. منیان فڕێدابووە نێو گژوگیا نمدار و تەڕەكانەوە كە دەور تا دەوریان دار بوو. گژوگیا تا ئەژنۆ بەرزبوووەكان كە شەونم دایپۆشیبوون، بەر قاچەکانم دەكەوتن. هەستی ئارامییان پێ دەبەخشیم. چیتر کەلەپچەکان بە دەستمەوە نەبوون.
بە دەورمدا سووڕانەوە و دەستیان كرد بە تەماشاكردنم. وەستان.
پیاوەکان هەموویان بەقەدرا یەك بەرز بوون. سەرۆك و ڕابەرێکیان دیار نەبوو.
یەکێکیان گوتی: “زۆر باشە، خوێڕی، دەزانیت هەموو ئەمانە لەسەر چییە؟ وایە؟”
“نا!”
“تف لە زاتی! بە ڕاستی قێزم لەم زۆڵە دەبێتەوە!”
پاشان بە شێوەیەکی سەیر، خۆم لە نێو وانێكی پڕ لە ئاوی گەرم وێنا كرد و لەگەڵ چاوبڕینە درزە بچووكەكانی بنمیچەكە خەریكی شووشتنی بنباڵەكانم بووم ـ درزەكان ڕێك لە شێر و فیل دەچوون، بەبرێكی گەورەش هەبوو، خێرا و بەگووڕ!
یەکێکیان گوتی: “دوا دەرفەتتە، شتێک بڵێ…”
“گسكی كارەبایی.”
“بەسە ئیتر!”
“با ئەم دایک خەتاكارە لەت لەت بكەین!”
“باش. بەڵام سەرەتا با كەمێك سووكی بکەین!”
“ئا.”
لە شەودا، گوێم لە دەنگی باڵندەکان، مشكەدڕە و بۆقەکان بوو.. سەگێک دەحەپی و لە دوورەوە دەنگی شەمەندەفەرێک كەوتە بەر گوێم؛ هەموو شتێک چێژبەخش بوو و پڕ لە ژیان. بۆنی سەوزیی گیاکانم هەست پێ دەکرد، تەنانەت دەمتوانی بۆنی قەدی دارەکان بکەم، دەمتوانی هەروەك سەگێك بۆنی زەوییەكە بكەم.
یەکێکیان چنگی بە قژمدا كرد و فڕێیدامە ئەولاتر، دیسانەوە قژی گرتمەوە و بەرزی کردمەوە و لەسەر ئەژنۆکانم داینیشاندم.
“ئێستا چیت هەیە بیڵەیت، خوێنشیرین؟”
“کەلەپچەکەم بکەرەوە تا دەمت داخەم.”
“بێگومان خوێنشیرین، بەڵام سەرەتا دەبێت ئەم کارە بکەیت…”
پانتۆڵەکەی داکێشایە خوارەوە. ئەوانی تر پێکەنین.
“دەبێت ئەم کارە بکەیت.. پاشان کەلەپچەکەت لێ دەکەینەوە تا بزانین چت لەدەست دێت.”
“نا!”
“هەر چۆنێك بێت ئەنجامی دەدەیت، کاکە خوێنشیرینەكەم. چونکە من دەڵێم!”
“نا!”
گوێم لە ۆاكێشانی میلی دەمانچە بوو.
“دوا دەرفەت…”
“نا!”
“گووت تێ!”
چەکەکە تەقێنرا. شەقبوونێكی بەگورز. پاشان دڵۆپە خوێنێك و دڵۆپە خوێنی زیاتر و زیاتر بە گوێچکەی چەپم ڕژانە خوارەوە.. وردەتێکشکان و پارچەپارچەبوون.
“بۆچی نەتکوشت؟”
“چووزانم..”
“پێت وایە ئەمە خودی ئەو کەسەیە کە دەمانەوێت؟”
“نازانم. ڕەفتاری وەك ئەوە نییە كە دەمانەوێت!”
“ئەو، ڕەفتاری چۆن بوو؟”
“هین بوو…”
“ئا”
هێشتا دەمتوانی دەنگیان ببیستم. هێشتا دەمبیست. گوێچکە قرتێنراوەکەم هیچ ئازاری نەبوو، تەنها هەستم بە ساردی دەكرد، وەک ئەوەی یەکێک پارچە بووزێكی گەورەی لکاندبێت بە لای چەپی سەرمەوە.
پاشان بینیم دوور دەکەونەوە. هەروا دوور کەوتنەوە و من بە تەنیا مامەوە.. ساردتر و تاریکتر.
هەوڵم دا هەستمە سەر پێ.
بە شێوەیەکی سەیر، هیچ هەشتێكی خراپم نەبوو. دەستم کرد بە هەنگاوهەڵێنانەوە، بێ ئەوەی بزانم لە کوێم یان بۆ كوێ دەچم.
پاشان لە بەردەمم گیانلەبەرێک شین بوو. هاوشێوەی سەگێکی گەورە، سەگێکی دڕندە. مانگ لە پشتە سەرمەوە دەدرەوشایەوە و لە چاوەکانی دێوەزمەكە دەبریسکایەوە. چاوەکان وەک خەڵووزی سوور، گڕگرتوو بوون.
پاشان میزم هات. بە دەستە لەپشتبەستراوەكانمەوە وازم لە خۆم هێنا. دەمتوانی گەرمییەکەی هەست پێ بکەم کە لە پێشمەوە دەڕژا و بە قاچی ڕاستمدا دەچۆڕایە خوارەوە.
دێوەزمەكەش دەستی کردە خڕەخڕێکی ئارامی درێژ. خڕەخڕەکەی لە دەروونییەوە هاتە دەرەوە و تاریكی شەوەكەی بڕی…
خۆی بۆ هێرش ئامادە كردبوو.
دەمزانی ئەگەر بگەڕێمەوە دواوە، کارم تەواوە.
بۆ پێشەوە ڕامكرد، شەقێکم هەڵێنا، قاچم لەبنمدا فڕی و كەوتمە سەر لاكەلەكەم، ڕێك لەودەمەی بریسكەی ددانەكانی تاریكی شەوەكەی دادەدڕی، لەویمدا وەرسووڕامەوە و هەستامە سەر پێ و دووبارە ڕووبەڕووی بوومەوە، بیرم کردەوە، ئەمە دەبێت بۆ ئەوانی دیکەش ڕووبدات.. جا بەم شێوەیە بێت یان هەر شێوەیەکی تر…

