رۆژنامەی ھەولێر

بەهای دراوی ئێرانی بە خێرایی لە دابەزیندایە و هۆشداری لە کڕینی دەدرێت

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

نرخی دراوی ئێران زۆر خێراتر لە هەر کاتێکی تر ڕووی لە دابەزین کردووە و هەموو ئەو کاسبکارانەی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان دراوەکەیان کڕیوە بەو هیوایەی قازانج بکەن، زیانیان بەردەکەوێت. تەنیا لە سەرەتای ئەم مانگەوە تمەن بە ڕێژەی زیاتر لە دە لەسەدا بەرانبەر دراوەکانی تر بێبەها بووە و چاوەڕوان دەکرێت بێبەهاتر بێت و بۆیەش کاسبکارانی بازاڕەکانی دراو لە هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکرێنەوە لە کڕینی ئەم جۆرە دراوە خۆیان بپارێزن.

تەنیا لە ماوەی دە ڕۆژی ڕابردوودا نرخی هەر دۆلارێک لە سەد و شازدە هەزار تمەنەوە گەیشتووەتە سەد و بیست و شەش هەزار تمەن. دابەزینی بەهای دراوی ئێرانی لە چاو یەک مانگ لەمەوبەر زیاتر لە شازدە لەسەدایە و هەژدە هەزار تمەنی دیکە چووەتە سەر هەر دۆلارێکی ئەمریکی.
دراوەکە لە بازاڕەکانی هەولێر و سلێمانی و شارەکانی دیکەی کوردستانیش بە لێشاو دەبینرێت و خەڵکێک هەن کە مامەڵەی پێوە دەکەن. خەڵکێک بژێوی خۆی لە ڕێی کڕین و فرۆشتن بە دۆلار و دراوەکانی دیکەی وەک یۆرۆ، پاوەند، لیرە و تمەن هەڵدەسووڕێنێت بەڵام کڕینی ئەو دراوانەی بەهایان ڕووی لە لێژییە هیچ کەسێک خێری لێ ناکات.
زۆر کەس هەیە وەک سەردان و گەشت یان بە مەبەستی بازرگانی سەردانی ئێران دەەن و زووتر بەشێک لەپارەکانیان بۆ تمەن دەگۆڕن بەڵام کارێکی هەڵەیە و دەکرێ کاتێک کەسەکە چووە ئێران لەوێ بۆ پێداویستییە سەرەکییەکانی تمەنەکە بە نرخی رۆژ دابین بکات.
تا بەر لە ساڵی ٢٠١٨ و بەر لە کشانەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕێککەوتنی ئەتومی، بەهای هەر دۆلارێک چوار هەزار تمەن بوو بەڵام لەو کاتەوە کە ترەمپ لە ڕێککەوتنەکە کشایەوە و دەستی بە سەپاندنی قورسترین سزای ئابووری دژی ئێران کرد، بەهای تمەنیش بە خێرایی ڕووی لە دابەزین کرد و لە ماوەیەکی کورتدا بەهای تمەنی داڕماند بە شێوەیەک هیچ ساڵێک نەبووە دە تا بیست هەزار تمەنی نەچێتە.
ماوەی چەند مانگێکە ڕێژەی دابەزینەکە زۆر خێراتر بووە و جاران ئەگەر لە شەش مانگ یان ساڵێک دە تا بیست هەزار تمەن چووبێتە سەر هەر دۆلارێک ئێستا ئەو گۆڕانکارییە لە کەمتر لە مانگێک و تەنانەت هەفتەیەکدا ڕوو دەدات.
ساڵێک لەمەوبەر بەهای هەر دۆلارێک لە نێوان شەست تا حەفتا هەزار تمەن ئاڵوگۆڕ دەکرا بەڵام دەبینین دوای ساڵێک نرخەکە ڕێک دوو هێندە گۆڕانکاری بەسەردا هاتووە و بە واتایەکی دیکە بەهای تمەن بۆ نیوە دابەزیوە.
کۆمەڵێک هۆکار کاریگەرییان لەسەر دابەزاندنی زیاتری بەهای تمەن هەبووە و نوێترینیان بۆ کاریگەرییەکانی سزا نێودەوڵەتییەکان دەگەڕێتەوە کە دوو مانگە بەسەر ئێراندا سەپێنراونەتەوە.
ئەو کات دوای ئەوەی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە هیچ ڕێککەوتنێک نەگەیشت بە یەکجاری کۆتایی بە ڕێککەوتنی ئەتۆمیی ٢٠١٥ هێنرا و ساڵی ٢٠١٨ تەنیا ئەمریکا لە ڕێککەوتنەکە هاتە دەرەوە و دوو مانگ لەمەوبەر وڵاتەکانی تریش کۆتاییان بە ڕێککەوتنەکە هێنا و هەر بە گوێرەی خاڵێکی ڕێککەوتنەکە سەرجەم سزا نێودەوڵەتییەکانیان زیندوو کردەوە.
ئێران نەیتوانیوە دۆلار بۆ پێداویستییەکانی بازاڕەکەی دابین بکات و ئەو نەوتەی لە ژێر سێبەری سزا نێودەوڵەتییەکان لە بازاڕەکان ساغی کردووەتەوە پارەکەی بە دۆلار دەست نەکەوتووە. شان بەشانی ئەمە بەرهەمهێنانەکەی لە سەرجەم کەرتەکان دابەزیوە و بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە هانای بۆ چاپکردنی زیاتری تمەن و گەورەکردنی قەبارەی نەختینەیی بردووە، هەنگاوێک کە هەڵاوسان و دابەزینی زیاتری بەهای تمەنی لێ کەوتوۆتەوە.

لە ساڵانی ڕابردوودا هیچ کاسبکارێک نەبووە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان خێری لە کڕینی تمەن کردبێت و بۆیەش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخە نالەبارەی بەربینگی ئابووریی ئێرانی گرتووە پێشبینی دەکرێ تمەن لە داهاتوودا زۆر بێبەهاتر بێت.