لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەرانی گرێبەست، بە شێوەیەك كە ئەو فەرمانبەرە ماوەی خزمەتی كردەییان لە 8 ساڵ كەمتر نەبێت. سەرۆكی شارەوانی هەولێر، دەڵێت: فەرمانبەرانی گرێبەست هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی فۆرم پڕ دەكەنەوە و وردبینی بۆ دەكرێت، دوای دەرچوونی بڕیارەكە زەوییان پێ دەدرێت. ڕۆژنامەی “هەولێر” مەرج و ڕێنماییەكانی وەرگرتنی زەوی بۆ كارمەندانی گرێبەست بڵاودەكاتەوە.
سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران لە نوسراوێكدا كە دەست “هەولێر” كەوتووە كە واژووی د.ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی بەسەرەوەیە ئاراستەی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كراوە لە ڕۆژی 26ی 11ی 2025 واژووكراوە، ئاماژە بەوە كراوە كە لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی درا لەسەر تەرخانكردنی پارچە زەوی نیشتەجێبوون بە فەرمانبەرانی گرێبەست لە دام و دەزگا فەرمیەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەك كە ئەو فەرمانبەرە گرێبەستانە ماوەی خزمەتی كردەییان لە 8 ساڵ كەمتر نەبێت.
ئەوەش لە نوسراوەكەدا هاتووە كە بە هەمان مەرج و ڕێكارەكانی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران و خانەنشینان ئەم فەرمانە جێبەجێ دەكرێت. دوای فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە پێدانی زەوی بە فەرمانبەرانی گرێبەست، نووسراوی سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانیش بۆ وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار كرا، ڕۆژنامەی “هەولێر” مەرج و ڕێنماییەكانی وەرگرتنی زەوی بۆ كارمەندانی گرێبەست بڵاو دەكاتەوە. بەپێی ڕێنمایەكان فەرمانبەری گرێبەست زەویی پێدەدرێت كە فەرمانبەر بێت لە یەكێك لە دام و دەزگاكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، فەرمانبەری گرێبەست فۆرمێكی داواكارییان لەلایەن یەكەی كارگێڕی ئەو دەزگایە، ئەوانەی ڕێنوێنییەكانی دەگرێتەوە، بە لیست دەنێردرێت بۆ وەزارەتی شارەوانی بە هەردوو جۆری چاپ و ئەلیكترۆنی، ئەو فەرمانبەرانەی كە خێزاندارن، واتا هەردووكیان فەرمانبەری گرێبەستن، ئەوا ئەو فەرمانبەرە فۆرم پڕ دەكاتەوە كە خزمەتی زیاترە، هەر فەرمانبەرێك كە زەویی پێدەدرێت، دەبێت خزمەتی لە هەشت ساڵ بە فیعلی هەبێت بێ دابڕان، فەرمانبەر دەبێت بەڵێننامەیەك پڕ بكاتەوە كە بەڵێن بدات بەهیچ شێوەیەك سوودمەند نەبووە، ئەگەر نا ڕووبەڕووی یاسایی دەبێتەوە. ئەو بڕیارەی سەرۆكی حكوومەت فەرمانبەرانی گرێبەستی دڵخۆش كردووە و سوپاسی مەسرور بارزانی دەكەن كە بەردەوام لە خەمی ئەوان بووە.
لە 27- 5-2024 سەرۆكوەزیران مەسرور بارزانی، بڕیاری دا زەوی بەسەر فەرمانبەرانی هەمیشەیی دابەش بكرێت كە لە ڕابردوودا سوودمەند نەبوون، قۆناغی یەكەمی پرۆسەكە لە زاخۆ و گەرمیانەوە دەستی پێ كرد، دواتر هەولێر و سلێمانی گرتەوە، پڕۆسەكە بەردەوام دەبێت و هەموو فەرمانبەران زەوی وەردەگرن.
لە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستان زیاتر لە 400 هەزار فەرمانبەر و خانەنشین لە پرۆسەی دابەشكردنی زەوی سوودمەند دەبن و هەر كەسێك 200 مەتر زەوی پێدەدرێت.
كارزان عەبدولهادی، سەرۆكی شارەوانی هەولێر، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: سەبارەت بە فەرمانبەرانی گرێبەست سوپاسی سەرۆكی حكوومەت دەكەین كە بە داواكاری ئەو فەرمانبەرانەی گرێبەستن ڕازی بوو كە زەوی بەسەرئەوانیشدا دابەش بكرێت، بۆیە بەدڵنیایەوە هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی فۆرم پڕ دەكەنەوە و وردبینی بۆ دەكرێت، بەپێی ئەو ڕێنمایانەی كە هەنە دواتر فۆرمەكان بەزر دەكرێنەوە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و دوای دەرچوونی بڕیارەكە بە دڵنیایەوە كار بۆ ئەوانیش دەكرێت بۆ ئەوەی بتوانین زەوییان بۆ دابین بكەین.

