فەرمانگەی میدیا و زانیاری داوا لە دامودەزگا ئەمنییەكان دەکات ھاوکاری میدیاكاران بن

فەرمانگەی میدیا و زانیاری داواكارییه‌كی ئاراسته‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و رۆژنامه‌نووسان كرد، بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كاتی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا رێز له‌ ئه‌ركی یه‌كدی بگرن.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات ڕێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: داواش لە میدیا و ڕۆژنامەنوسانیش دەكەین، لە چوارچێوەی هەمان ڕێنمایی هەڵسوكەوت بكەن و ڕێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامیی لە ئەرك دان.

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری

لە 10ی ئوکتۆبەر 2021 پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونی بە رۆڵی گرنگی میدیا لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ڕووماڵ کردنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە، داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات ڕێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی ڕاگەیاندن بكەن. لە قۆناغەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تا میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن.

داواش لە میدیا و ڕۆژنامەنوسانیش دەكەین، لە چوارچێوەی هەمان ڕێنمایی هەڵسوكەوت بكەن و ڕێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامیی لە ئەرك دان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

حکومەتی ھەرێمی کوردستان

8ی تشرینی یەکەمی 2021