ماكوان عێزەت – هەولێر
پەتای وەرزی لە ناو بەشێكی زۆری هاووڵاتیان بڵاو بووەتەوە و پزیشكانیش هۆشداری بە خەڵك دەدەن خۆیان بپارێزن و ئەوانەشی تووش بوونە، نابێ بچنە شوێنی قەرەباڵغ و داخراو.
د. سوارە عەلی مەولوود پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناو دڵ ئاماژە بەوە دەدات كە بە هۆی ئەوەی ساڵانە هەموو كات لەگەڵ گۆڕانكاری كەشوهەوا و بەرەوسەرماچوون حاڵەتەكانی سەرمابوون و ئەنفلۆنزا زیاد دەكەن، هەروەك ڕوونە پەتای وەرزی یاخود هەڵامەت، كە خەڵكی پێی ئاشنایە، نیشانەكانی سووكە بۆ نموونە (پژمە، لووتەچۆڕە، ئازاری قوڕگ، سەرئێشەیەکی سووک). بەڵام ئەنفلۆنزا حاڵەتی توندی پەتاكەیە، جگە لە نیشانەكانی هەڵامەت، ئازاری جومگەكان و بێهێزییەکی زیاتر و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەش و كاریگەری لە خواردن و ڕۆشتن دەكات.
د. سوارە عەلی مەولوود ڕوونی دەكاتەوە كە نەخۆشییەكە لە ڕێگەی هەوا و كۆكە و قسەكردن و پژمەوە دەگوازرێتەوە، كە ئەمانەش هۆكاری سەرەكین بۆ بڵاوبوونەوەی پەتاكە، هەربۆیە هەركەسێك تووشی پەتاكە بووبێت و نیشانەكانی لێدەركەوتبێت پێویستە بە لایەنی كەمەوە مەتر و نیوێك لە كەسی بەرامبەری دوور بێت، هەروەها ئەگەرهاتو كەسی توشبوو نزیكەی ١٥ خولەك لەگەڵ كەسی بەرامبەری مایەوە ئەگەری توشبوون ٩٠ لە سەدە.
لە بارەی ئەوكەسانەی كە ساڵانە ئەم پەتایە دەگرن و هەندێك بە سەختی و، هەیشە هەر لەو خێزانە تووشی نابێت، لە و ڕووەوە دكتۆر سوارە عەلی گوتی: ئەوەی زیاتر هۆكارەكەی بۆ تەمەن، خۆراك دەگەڕێتەوە هەر بۆیە لە كەسێكی تازەپێگەیشتوودا نیشانەكانی پەتاكە بە قورسی بەدیار دەکەوێت، بەڵام لە بەتەمەنەكاندا دەیکاتە سەرئێشە و گێژی و خەوزڕان. هەر بۆیە گرنگ نییە و مەرج نییە هەموو كەسێك كە تووشی پەتای وەرزی بوو هەموو نیشانەكانی لێ پەیدا ببێت.
بۆ زاڵبوون بەسەر پەتاكە پێویستت بە پشوو، خواردنی شلەمەنی و ئارامبوونەوەی دەروونییە، بۆیە پێویستە كەسەكە كار بكات بۆ ڕێكخستنەوەی كاتی پشوو و خەوێكی خۆش و بێوەی.
لە كۆتایی گوتەكانیدا ئەو پزیشكە پسپۆڕە داوای لە هاووڵاتیان كرد ئەگەرهاتو تووشی پەتای وەرزی بوون، دەمامک هەڵپێچن بۆ ئەوەی كەسی بەرامبەریان تووشی پەتاكە نەكەن و، شوێنەكەیشیان هەواگۆڕکێی لێ هەبێت بە تایبەت شوێنی قەرەباڵغ.

