رۆژنامەی ھەولێر

كەمبەرگەیی و نەخۆشی ئایدز چییە؟

ماكوان عێزه‌‌ت – هەولێر

 

سەرەتای مانگی 12ـی هەموو ساڵێك بە رۆژی جیهانیی نەخۆشیی ئایدز ناسراوە، ئایدز مەترسییەکەی لەوەدایە كە نیوەی تووشبووان بەخۆیان نازانن كە هەڵگری نەخۆشییەكەن و خەڵکیش تووش دەکەن .

نەخۆشیی ئایدز (HIV)نەخۆشییەکە دەبێتە ھۆی دابەزینی ھێزی کۆئەندامی بەرگریی لەش؛ ڤایرۆسی ئێچ‌ئای‌ڤی مرۆڤ تووشی ئایدز دەکات دوای سێ قۆناغ. ئایدز بەھۆی خوێنەوە دەگوازرێتەوە. لە ساڵی (١٩٨١)ـەوە تا ئێستا ئایدز زیاتر لە ٢٥ملیۆن کەسی کوشتووە.
هێشتایش هیچ کوتان یان چارەسەری چاکبوونەوەی تەواو نییە، بەڵام چارەسەری کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییەکە و ڕادەی هێزی ڤایرۆسەکە لەناو جەستەتدا کەم دەکاتەوە، بۆ ئەوەی چێژ لە ژیانێکی جێگیر و ئاسایی وەربگریت، بەم شێوەیە نەخۆشییەکە دەبێتە درێژخایەن و بە چارەسەرکردن وەک نەخۆشییە درێژخایەنەکانی تر کۆنترۆڵ دەکرێت (پەستانی خوێن، شەکرە، قەبزی و هتد).

نیشانە باوەکان:
– بەرزبونەوەی پلەی گەرمای جەستەی کەسی تووشبوو بە شێوەیەکی بەردەوام.
– دەرکەوتنی چەند نیشانە و پەڵەیەک لەسەر جەستە.
– سەرئێشەی بەردەوام و بەھێز.
– لەدەستدانی کێش بەشێوەیەکی خێرا.
– ئارەقکردنەوەی زۆر بەتایبەت لە شەودا.
– ماندووێتی و بێهێزییەکی بەردەوام.
-ھەناسەتوندی و کۆکەی بەردەوام.
-لاوازداگەڕانی ماسولکەکانی جەستە.
– تێکچوونی توانای بینین.

ڕێگەکانی گوێزرانەوەی ئایدز:
– گوێزرانەوەی ئەم نەخۆشییە لەڕێی خوێنەوە.
– گوێزرانەوەی ڤایرۆسی ئایدز لەڕێی دەمەوە.
– گوێزرانەوەی ئایدز لەڕێی سەرجێییکردنی دەرەوەی خێزانی.

قۆناغەکانی تووشبوون بە نەخۆشی ئایدز:
قۆناغی یەکەم:
بە قۆناغی یەکەم دەڵێن قۆناغی ھەڵهاتن لەبەر ئەوەی ھیچ نیشانەیەکی نەخۆشییەکە دەرناکەوێ لەم قۆناغە مەگەر چەند نیشانەیەکی کەم نەبێ، بەڵام ڤایرۆسەکان دوو ھێند دەبن، ژمارەیان زیاد دەکات.

قۆناغی دووەم:
سەرەتای دەرکەوتنی نیشانە خراپەکان، ئاماژەیە بەدەستپێکردنی قۆناغی دووەمی نەخۆشی ئایدز.
قۆناغی سێیەم : قۆناغی دەستنیشانکردنی نەخۆشیەکەیە، بەڵام زۆر بڵاو بۆتەوە و تەواو گەشەی کردووە.
ئەو نەخۆشەی کە ھەڵگری ڤایرۆسەکەیە، لەوانەیە چەند نیشانەیەکی لێ دەربکەوێت لە ھەرکام لەو سێ قۆناغەی نەخۆشییەکە. ھیچ دۆزینەوەیەکی فیزیکی تایبەت نییە بە تووشبوون بە ئایدز. دۆزینەوە جەستەیییەکان لەوانەدا دەرکەوت کە تووشبوونە یان چەند نەخۆشییەکی تریان تووش بووە.
جیاوازیی نێوان هەڵگری ڤایرۆس و نەخۆشی ئایدز چییە؟ کامیان مەترسیدارترە؟
*هەڵگری ڤایرۆسەکە ئەو کەسەیە کە وا دیارە تا ڕادەیەک لە دۆخی تەندروستی جێگیردایە، بە نیشانەی نەخۆشی یان بێ نیشانە، ئەگەر چارەسەر وەربگیرێت و بە شێوەیەکی ڕێکوپێک بەردەوام بێت، ئەوا لەم قۆناغەدا دەمێنێتەوە و تەندروستییەکەی بەرەو باشتر دەبێت.
*توشبووی ئایدز ئەو کەسەیە کە هەڵگری ڤایرۆسەکەیە و سیستمی بەرگەی لەش لەناوچووە و زۆربەی بەرگریەکانی لەدەست داوە، بە هۆی وەرنەگرتنی چارەسەر یان وەرنەگرتنی بە ڕێکوپێکی، ئەمەش وای دەکات تووشی نەخۆشی و هەوکردن بێت کە ڕەنگە دواتر بیشیکوژێت.

بیرهێنانەوە
قۆناغەکانی تووشبوون بە ئایدز
هەوکردنەکە بە سێ قۆناغی سەرەکیدا تێدەپەڕێت:
قۆناغی یەکەم/ هەوکردنی توند: نەخۆشەکە تووشی تا، پەڵەی پێست، ئازاری قوڕگ، ئاوسانی گرێ لیمفاوییەکان، ماندوێتی، یان نیشانەی تر و نزیکەی ٣-١٤ ڕۆژ دەخایەنێت.
قۆناغی دووەم/ شاراوەیی کلینیکی: زۆربەی نەخۆشەکان بەم قۆناغە بێنیشانە یان یان سووکەنیشانەدا تێدەپەڕن. بۆ ماوەیەک لە نێوان ٢-١٥ ساڵدا دەمێنێتەوە.
ئەو نیشانانەی لەم قۆناغەدا دەردەکەون (ئەگەر چارەسەر بە شێوەیەکی ڕێکوپێک وەرنەگیرێت) بریتین لەمانەی خوارەوە: ئاوسانی گرێ لیمفاویەکان، پەڵەی سپی لە دەمدا، سکچوون، ماندوێتی، تا لەگەڵ ئارەقەکردنەوە لە هەندێک کاتدا، و دابەزینی وردەوردەی کێش و، کەمخوێنی.
قۆناغی سێیەم/ نیشانەکانی کەمی بەرگری وەرگیراو (ئایدز):
لەم قۆناغەدا سیستمی بەرگەی لەش زیانێکی زۆری پێ دەگات، ئەمەش توندترین قۆناغی تووشبوون بە ڤایرۆسی ئایدزە؛ جەستە ئیتر ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات بەرامبەر بە هەوکردن و نەخۆشییە جۆراوجۆرەکان، بەڵام بە پابەندی بە ڕێنماییەکانی پزیشکی چارەسەرکەر و بە وەرگرتنی دەرمانی دژەڤایرۆس ڕۆژانە بە شێوەیەکی ڕێکوپێک، کۆنترۆڵ دەکرێ و، ژیانێکی تەندروست و جێگیری دەبێ.