ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
ڕوانگەی ژینگەیی پێی وایە كە نزیكەی ٣٠٠هەزار درەخت زیانیان بەركەوتووە بەهۆی هەڵمەتی ڕاگەیاندنی كاندیدەكانەوە.
ڕوانگەی سەوزی عێراق ئاشكرای كرد، لە ئەنجامی بانگەشەی میدیایی كاندیدەكان، ٣٠٠هەزار درەخت زیانیان بەركەوتووە. ڕوانگەكە دووپاتی كردەوە كە كاندیدەكانی پەرلەمان بە شێوەیەكی گشتی زیانیان بە ژینگە گەیاندووە لە كاتی بانگەشەدا كە لە 3ی تشرینی یەكەمەوە دەستیپێكردووە.
لە بەیاننامەیەكدا كە بە (بەغدا تودەی) گەیشتووە، هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی ڕەشكردنەوەی میدیاكانی كاندیدەكان، ئەو ڕوانگەیە ڕایگەیاندووە، كە كاندیدەكان “بەرگەیان نەگرتووە بە بینینی سەوزایی دارەكان بەتایبەت ئەوانەی پێگەیشتوون، لە بەغدا و پارێزگاكانی دیكە و بۆ نمایشكردنی كەرەستەی بانگەشەی هەڵبژاردن بەكاریان هێناون. ئەمەش بووە هۆی ئەوەی زیان بە نزیكەی 300هەزار دار بگات، جا چ لە ڕێگەی بڕین، شكاندنی لق، یان بزمارکوتکردنی دارەكان”.
ڕوانگەكە پشتڕاستی كردەوە كە پێشتر ڕایگەیاندبوو كە ژێرخانی و شریتە ناوەندییەكان كە نۆژەن كراونەتەوە و دیزاین كراون و پارێزگارییان لێ كرابوو، زیانیان بەركەوتووە. تێكدانەكان بریتی بوون لە سیستەمی ئاودێری و نافورە، كە سەرجەمیان لەلایەن شارەوانی بەغدا و شارەوانییەكانی دیكەی پارێزگاكانەوە پارێزگارییان لێ كرابوو. كاندیدەكان بە ئەنقەست ئەو ئیمكاناتانە و وێنەی هەموو قەزاكانیان تێك دا.
ڕوانگەكە ڕوونی كردەوە كە كاندیدەكان تەنها بە نمایشكردنی وێنەكانیان لە شەقامەكاندا ڕازی نەبوون؛ تەنانەت هەندێك پەنایان بردە بەر لێدانی پۆستەر بە ستوونی كارەباوە، سەرەڕای هۆشدارییەكانی شارەوانیی بەغدا و كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بۆ ئەوەی خۆیان لەو كارە بپارێزن، چونكە لابردنی ئەو پۆستەرانە ئەستەمە دوای تەواوبوونی بانگەشەی هەڵبژاردن.
ڕێكخراوی ئاینده بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی كوردستان داوای “سزای توندتر و مەرجی ڕەفتاری باش بۆ هەر كەسێك كە سەرپێچی ڕێساكانی هەڵمەتی هەڵبژاردن بكات لە قۆناغی داهاتوودا جێبەجێ بكرێت، چونكە نمایشكردنی پۆستەر بەم شێوەیە زۆر دوورە لە ڕەفتاری شارستانییەوە”.

