محمد لادێ – ههولێر
ڕۆژنامەنووسان ھەمیشە پێویستیان بە ژینگەیەکی لەبار و ئازادە بۆ ڕوماڵکردنی ڕاستییەکان و خستنە ڕوی ھەواڵ و ڕووداوەکان بەجۆرێکی دروست و بێ سانسۆر بەڵام بەداخەوە ئێستا لە تەواوی دونیادا ئازادی ڕۆژنامەگەری لە مەترسیدایە و تەنانەت لە وڵاتە پێشکەوتووەکانی دنیاشدا ڕۆژنامەوانان بەردەوام ھەڕەشەی کوشتن و تیرۆرکردنیان لەسەرە.
لە ساڵی ١٩٩٢دا بە مەبەستی بەرگریکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان، ڕێكخراوی داكۆكیكردن لە ڕۆژنامەنوسان کە ڕێکخراوێکی سەربەخۆیە لە شاری نیویۆرك دامەزرا، كە كاری بریتییە لە سەرژمێریكرندنی ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لەكاتی كارەكانیاندا دەكوژرێن.
ڕێكخراوەكە لێكۆڵینەوەی وردی ئەنجام داوە لەكاتی كوشتنی هەر ڕۆژنامەنووسێكدا بەدواندنی بینەرەكانی ڕووداوەكە و ئەو كەسانەی كە لە شوێنی تاوانەكەدا بوون.
پۆولین ئادیس میفێڵ، سەرنوسەری پەیامنێرانی بێسنور ڕایگەیاند، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا تێبینی ئەوەمان کردووە کە ئەو ڕۆژنامەنوسانەی زیاتر ڕووبەڕووی کوشتن دەبنەوە ڕۆژنامەنوسانی تایبەتمەندن؛ بەپێی ڕاپۆرتی ساڵانەی ڕێکخراوی پەیامنێرانی بێسنور، زیاتر لە ٪٨٤ ی ئەو ڕۆژنامەنوسانەی کە کوژراون بەمەبەست کراونەتە ئامانج.
پەیامنێرانی بێسنوور ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو ڕۆژنامەنوسانەی لە ناوچەکانی جەنگ وەکو سوریا و یەمەن یان ئەو وڵاتانەی ڕوبەڕوی ناکۆکی و ئاڵۆزی بوونەتەوە وەکو عێراق و ئەفغانستان کوژراون لە ساڵی ٢٠١٦ دا ڕێژەیان ٪٥٨ بووە بەڵام تا ساڵی ٢٠٢٠ ڕێژەکە کەم بووەتەوە بۆ ٪٣٢.
بە پێی ئاماری ڕێکخراوەکە ٥٥ ڕۆژنامەنووسی تایبەتمەند لەمساڵدا کوژراون، ھەندێکیان، ئەو ڕۆژنامەنوسانە بوون کە لێکۆڵینەوەیان بۆ دۆسیەکانی گەندەڵی کردووە، ئەوانیتریش لە بواری بەدواداچوون بۆ مافیا و تاوانە پلان بۆ داڕێژراوەکاندا کاریان کردووە، کەمێکیشیان لە بواری ژینگەدا کاریان کردووە، وەک لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە.
ڕێکخراوی ڕۆژنامەوانانی بێسنوور ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆی لەسەر ڕەوشی ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ١٨٠ وڵاتانی جیهاندا هەڵدەسەنگێنێت و دەڵێت ٪٧٣ ی وڵاتانی جیهان کێشەی گەورەیان لەگەڵ ئازادی میدیادا هەیە.
لە ڕاپۆرتەکەدا وڵاتان پۆلێنی پێنج پلە کراون، وڵاتە زۆر باشەکان، باشەکان، خراپەکان، زۆر خراپەکان و هەرە خراپترین.
پێنج وڵاتی هەرە باشی جیهان لە ڕووی ئازادیی ڕۆژنامەگەری ئەم وڵاتانەن: نەرویج کە بە پەلەی یەکەم هاتووە و پاش ئەوەیش فینلاند، سوید، دانیمارک و کۆستاریکا.
پێنج وڵاتە هەرە خراپەکەیش بریتین لەمانە: ئیریتیریا، کۆریای باکور، تورکمانستان، چین و جیبۆتی.
ئێران و سووریا و عێراقیش دەکەونە خانەی وڵاتە هەر خراپەکان بۆ ئازادیی ڕاگەیاندن، ئێران لە پلەی 174 هەمین وڵاتدایە سوریا 173 و عێراقیش 163
سەبارەت بە ئێران ڕاپۆرتەکە دەڵێت ئێران هێشتا یەکێکە لە وڵاتە هەرە سەرکوتکارەکانی جیهان بۆ ڕۆژنامەوانان، بە لانی کەمەوە 860 ڕۆژنامەوان و هاووڵاتی – ڕۆژنامەنووس دادگایی کراون، دەستگیر کراون، زیندانی کراون و لە هەندێک حاڵەتدا کە لە دوای شۆڕشی 1979وە لەسێدارەش دراون. کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ ئاماژەیەکی بۆ کەمکردنەوەی هەراسانکردنی ئازادی ڕۆژنامەگەری و دەزگا ڕاگەیاندنەکان نیشان نەداوە.
مەترسی دەستگیرکردن، ڕفاندن و کوشتن ڕۆژنامەوانانی لە سوریا خستۆتە ڕەوشێکی ئێجگار مەترسیدارەوە. لە ساڵی 2018 دا دە ڕۆژنامەوان کوژران کە سێانیان قوربانی کوشتنی بارودۆخێکی ناڕوون بوون کە هەرگیز ڕوون نەکرایەوە.
لە باسی عێراقیشدا ئاماژە بەوە دەکات ڕۆژنامەنووسانی عێراق ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە کاتێک ڕووماڵی خۆپیشاندانەکان دەکەن یان لێکۆڵینەوە لە گەندەڵی دەکەن. ئەو مەترسییانەش لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دژە حکوومەت زیاتریان کردووە. ئەو ڕۆژنامەوانانەی دەوێرن ڕاپۆرت لەسەر داواکاری خۆپیشاندەران بکەن دەبنە ئامانجی هەراسانکردن، ڕفاندن، هێرشی جەستەیی و تەنانەت کوشتنیش لەلایەن چەکدارە نەناسراوەکانەوە.
بە کورتی ئاماری ڕێکخراوەکە بۆ ئەم چەند ساڵەی دوایی ڕایدەگەیێنن کە بە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە جیهاندا، لە ساڵی ٢٠٢٠ بە بەراورد بە ساڵانی پێشوو ژمارەی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان کەمی کردووە؛ ساڵی٢٠١٩ پەنجاوسێ ڕۆژنامەنووس کوژراون بەڵام ساڵی ٢٠٢٠، پەنجا ڕۆژنامەنووس کوژراون. بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا دیسان ڕێژەکە بەرز دەبێتەوە و ڕێکخراوەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ٥٥ رۆژنامەنووس لەو ساڵەدا كوژراون.