ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
یانەی بارسێلۆنا سەرەڕای ئەوەی كێشەی لە پێكهاتەكەی دا هەیە و بیر لە گواستنەوەی هێرشبەرێكی نوێ دەكاتەوە، لە هەمان كاتیشدا ئاگادار دەكرێتەوە كە یانەكە خەریكە قەرزەكانی ببێتە دووهێندە، جگە لە بارسێلۆنا چوار یانەی دیكەش دۆخی داراییان خراپ بەتایبەتی یانەی مانچێستەر یونایتد.
قەرزەكانی بارسێلۆنا خەریكە دەگاتە دوو ملیار یۆرۆ
ئاژانسی رۆیتەرز راپۆرتێکی نوێ لەبارەی قەرزدارترین یانەکانی جیهان بڵاوکردووەتەوە و یانەی بارسێلۆنا ساڵ لە دوای ساڵ دۆخی دارایی زیاتر تێکدەچێت، ئەو یانەیە دوای ئەوەی سنوری قەرزەکانی یەک ملیار یۆرۆ تێپەڕی کرد، خەریکە قەرزەکانیان بگاتە دوو ملیار یۆرۆ. لە ریزبەندی پێنج قەرزاترین یانەکانی جیهان، سێ یانەی ئینگلیزی تێدایە.
یانەی بارسێلۆنا خەریکە بە تەواوەتی دەکەوێتە دۆخێ ناهەمواری دارایی و ساڵ لە دوای ساڵ، قەرزە کەلەکەبووەکانی ئەو یانەیە لە زیاد بوندایە و خەریکە قەرزەکانی ئەو یانەیە، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار بکات و بگاتە دوو ملیار یۆرۆ.
ساڵانێکە یانە کەتەلۆنیەکە تووشی دۆخێکی دارایی قورس بووە، ئەو یانەیە لەم چەند ساڵەی دواییە قەرزەکانی سنوری یەک ملیار یۆرۆی تێپەڕاند و ئێستاش خەریکە قەرزەکانی دەگاتە دوو ملیار. لە نوێترین راپۆرت قەرزەکانی یانە ئیسپانیەکە گەیشتووەتە 1.920 ملیۆن یۆرۆ و قەرزارترین یانەی جیهانە.
3 یانەی ئینگلیزی كەوتوونەتە ژێر قەرز
دۆخی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزیش هاوشێوەی یانەی بارسێلۆنایە و ئەو یانەیەش قەرزەکانی ساڵ لە دوای ساڵ روو لە زیادبونە.
یانە ئینگلزییەکە لە ساڵی 2019 یەکێک لە گەورەترین یاریگاکانی جیهانی بەرامبەر نزیکەی یەک ملیار یۆرۆ دروستکرد، هەر ئەمەش وایکرد قەرزەکانی ئەو یانەیە کە پێشتر نزیکەی 900 ملیۆن یۆرۆ بوو، سنوری یەک ملیار یۆر تێپەرێنێت و بگاتە ملیارێک و 360 ملیۆن یۆرۆ و ببێتە دووەم قەرزارترین یانەی جیهان.
بێجگە لە یانەی تۆتێنهام، دوو یانەی دیکەی ئینگلیزی لە لیستی قەرزاترین یانەکانی جیهانن، ئەوانیش یانەکانی ئێڤەرتۆن و مانچێستەر یونایتدن.
یانەکانی ئێڤەرتۆن و مانچێستەر یونایتدیش بەهۆی بەرزی مووچەی یاریزانەکانیان و هەروەها زۆری گواستنەوەی یاریزانەکان، وایکردووە ساڵ لە دوای ساڵ قەرزەکانیان زیاتر بێت، یانەی ئێڤەرتۆن قەرزەکانی گەیشتووەتە یەک ملیار و 140 ملیۆن یۆرۆ و مانچێستەر یونایتدیش قەرزەکانی گەیشتووەتە 847 ملیۆن یۆرۆ.
لە پلەی پێنجەمی قەرزترین یانەکانی جیهان، یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵیا دێت و ئەو یانەیەش قەرزەکانی نزیک دەبێتەوە لە سنوری 500 ملیۆن یۆرۆ.
هەرچەندە یانەی ئینتەر میلان لە چاو یانەکانی دیکە قەرزەکانیان کەمترە، بەڵام بەرپرسانی یانەکەش بیر لە داهاتوو دەکەنەوە و لە ئێستاوە کار لەسەر ئەوە دەکەن، بۆ ئەوەی رێگە نەدەن قەرزەکانیان زیاتر بێت، نێرازۆری پێنجەم قەرزاترین یانەی جیهانە و قەرزەکانی گەیشتووەتە 350 ملیۆن یۆرۆ.
بارسێلۆنا بیر لە گواستنەوەی هێرشبەرێكی نوێ دەكەنەوە
کارگێڕی یانەی بارسێلۆنا بیر لەوە دەکاتەوە هاوینی داهاتوو، بیر لە هێرشبەرێکی نوێ لە شوێنی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی بکاتەوە. هەرچەندە یانەکە کێشەی دارایی گەورەی هەیە، بەڵام ژمێریاری یانەکە یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، دوو مەرج هەن ئەگەر جێبەجێ بکرێن، دەتوانن یاریزانێکی نایاب بگوازنەوە. بۆ ئەم مەبەستەش یانە کەتەلۆنیەکە شەش بژاردەی لەسەر مێزە و بەهێزترینیان جولیان ئالڤارێزی هێرشبەری یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدریدە.
فێرناندۆ پۆلۆ لە رۆژنامەی وەرزشی مۆندۆدێپۆرتیڤۆ ئاشکرای کردووە، یانەی بارسێلۆنا نزیکە بە گەڕانەوە بۆ یاسای یەک بەرامبەر یەک، یاسایەک کە ڕێگە بە یانەکە دەدات داهات و خەرجییەکان بە شێوەیەکی هاوسەنگ بەڕێوەببات و ئاسانکاری بۆ تۆمارکردنی گرێبەستی یاریزانی نوێش بکات.
بە گوێرەی پلانەکانی یانە کەتەلۆنیەکە، قیستی داهاتوو لە فرۆشتنی کورسیەکانی ڤی ئای پی یاریگای کامپ نۆ، لە مانگی دێسێمبەری داهاتوو دەگاتە دەستیان و ئەمەش هاوکارییەکی دارایی گەورەی یانەکە دەکات، هەروەها گەرانەوەی یانەکەی بۆ یاریگای سپۆتیفای کامپ نۆ، ئەمەش داهاتی یانەکە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاد دەکات.
مەرجی دووەمیش ئەوەیە کە چارەنوسی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی یەکلایی بکرێتەوە، لەگەڵ رۆیشتنی ئەو یاریزانە لە یانەکە، بارسا نزیکەی 40 ملیۆن یۆرۆ داهاتی ساڵێکی بۆ دەگەرێتەوە، ئەمەش وا دەکات یانەکە زیاتر دەستکراوە بێت لە گواستنەوەی هێرشبەرێکی نوێ.
ئامانجی یانەی بارسێلۆنا بۆ گواستنەوەی شوێنگرەوەی رۆبێرت لێڤاندۆڤسکی، جولیان ئالڤارێزی هێرشبەری یانەی ئاتڵێتیکۆ مەدریدە، خودی بەرپرسانی یانەکەش ئەو یاریزانە بە باشترین بژاردە دەزانن بۆ هێڵی پێشەوەی یانەکەیان.
بێجگە لە جولیان ئالڤارێز، کارگێڕی بارسێلۆنا چەند بژاردەیەکی دیکەشی لەسەر مێزە، ئەوانیش بریتین لە هاری کەین، سیرۆ گێراسی، ڤیکتۆر ئۆسێمین و ئێتا ئایۆنگ، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت لە نێوان ئەم شەش بژاردەیە، هاوینی داهاتووی یەکێکیان پەیوەندی بە بارسێلۆناوە بکات.

