گوڵشەن دلێر
هونەری شێوەکاری لای هونەرمەند (ئازا حەسیب قەرەداخی)، ئامرازێکە بۆ گێڕانەوەی دیرۆک.
هەر چەندە سەیری تابلۆکانی ئازا دەکەیت، گەلێک هێما و فیگۆری ژیاری، خۆیان لەبەر چاوت قیت دەکەنەوە و دەڵێن: ئەی بینەر ئەوەتام، من لێرەم، من چیرۆکی هەزاران ساڵی تۆم.
یەکێک لە هێما سەرنجڕاکێشەکانی، کە هزرینی منی بەرەو ژیاری زاگرۆس بردەوە لە سۆمەرەوە تا ئێستە (هەنارە) کە لە بەشێکی زۆری تابلۆکانیدا خۆیان دەخزێنە هزر و چاوتەوە.
هەنار لە ژیاری کوردانی زاگرۆس میوەیەکی پیرۆز بووە، لە ئایینە کۆنەکانی وەک میترا، یارسان (کاکەیی) و، ئێزدی، هەنار هێمای ژیانبەخشین بووە، میناکێک لە ناو یارسانەکان هەیە کە بە هۆی خواردنی دنکە هەنارێکەوە بووە، کاتێ (دادە سارا)ی پاکیزە و شوونەکردوو، دوای تەواوبوونی جەمی هەناران، دنکە هەنارێکی کەوتوو هەڵدەگرێتەوە و دەیخوات. ئیتر بەوە دووگیان دەکەوێت و (باوە دیادگار) دێتە ژیان.
هەنار لە هەڵکۆڵراوە سۆمەریەکانیشدا بە نوورمەن، واتە نوور ناوی هێنراوە و دواتر بووە بە هەنار.
مامۆستا ئازا وەک میتۆلۆژیستێکی زاگرۆسیانەی ژیانبەخش، لە تابلۆکانیدا هەنار و ژن دەخاتە بەر دید و، وات لێ دەکات بە دیرۆکێکی دووردووردا گەشت بکەیت و، دوایی بێیتەوە بە ناو ژیاری ئێستەی کورداندا شۆڕ بیتەوە کە چۆن ئێستەش هەنار تایبەتمەندیی خۆی هەیە و، ساڵانە ڕێوڕەسمی تایبەتی لە کوردستان بۆ دەگێڕدرێت.
لە تابلۆکانی ئازا قەرەداخیدا، کە ماوەیەک لەمەوبەر لە پیشانگەیەکدا بە ناوی (کوردەواری) نمایشی کردن، هەنار و ژن لە سروشتەوە هەڵقوڵاون و ژیانبەخشن. وات لێ دەکەن هەست بە ژیان بکەیت.

