رۆژنامەی ھەولێر

کێشەکانی پێست لە پاییزاندا

ئەژین عەبدوڵڵا – هەولێر

 

وەرزی پاییز، کەشوهەواکەی کار دەکاتە سەر پێست و، وشکی دەکاتەوە و ڕەنگی تێک دەدات، لە هەندێ كاتدا دەیپاسرکێنێت؛ واتە دەبێتە هۆی هەڵقڵیشانی پێست.

د. شادی عەبدوڵا پسپۆڕی نەخۆشییەکانی پێست و جوانکاری دەربارەی کێشەکانی پێست لە وەرزی پاییزدا چەند زانیارییەك دەخاتە ڕوو؛ ئاماژە بە پاراستن و شێدارهێشتنەوەی پێست دەكات.
د. شادی عەبدوڵڵا لە بارەی گرفتی سەرەكی پێست لە پاییزاندا دەڵێت: دەتوانین بڵێین وشکبوونەوەیە، چونکە ڕاددەی شێ لە هەوا کەمە و ئێمەش وڵاتێکی دوورین لە بەحرەوە، بە شێوەیەکی گشتی ڕاددەی شێ لە هەوای وڵاتی ئێمە کەمە. ئەمە وا دەکات پێستمان وشک بێتەوە. ئەمە گەورەترین گرفتە.
ئەو کەسانەی کە خۆیان هەر لە بنەڕەتدا پێستیان وشکە، لەم وەرزەدا، پێویستە کە ئەو بڕە کڕێمە شێدارکەرەوەی کە بەکاری دێنێت یان ژمارەی ئەو جارانەی کە بەکاری هێناوە زیاتری بکات. ئیتر ئاخۆ دەست بێت، دەموچاو بێت، لەش بێت بەتایبەت، یان جاری وا هەیە لێوە، پاژنەی پێیە. ئەمانە پێویستە کە بڕی کڕێمەی شێدارکەرەوەکە زیاتر بێت و ژمارەی دووبارەکردنەوە ڕۆژانەکەی زیاتر بێت. ئەمە یەکێک لە ڕێگاکان. هەروەها پێویستە ئاوی زۆر گەرم بەکار نەهێنێت بۆ خۆشوشتن چونکە ئەمە وا دەکات چەوریی لێ بێتەوە.
یەکێکی تر لە ڕێگاکان ئەوەیە کە بەکارنەهێنانی لفکەی زبر. ئەمەش وا دەکات چەوریی لابەرێت. وا باشترە بە زۆر بەکار نەهێنێت. هەروەها ڕێگەیەکی تر ئەوەیە کە كاتێك بەردەوام کرێمی شێدارکەرەوە بەکار دەهێنرێت بە تایبەتی لە نیو سەعاتی یەکەما کە لە حەمام دێتە دەرەوە. بۆچی؟ چونکە لەو کاتەیا پێست لە ناو حەمامەکە شێیەکی وەرگرتووە. تۆ بە داپۆشینی بەم کڕێمە وا دەکەی ئەو شێیە قەتیس بکەی یان بیهێڵییتەوە لە ناو پێستدا. ئەمە باشترین کاتە، لەو کاتەیا کە لەش یان پێست چەور بکرێت.
د. شادی عەبدوڵڵا لە بارەی زۆربوونی كڕێش لەم وەرزەدا دەڵێت: دوو جۆر کڕێشمان هەیە، کڕێشی وشکمان هەیە و کڕێشی چەورمان هەیە. ئەوانەی کە لە زستانان و پاییزاندا کڕێشی سەریان زیاد دەکات، ئەو کەسانەن کە پێستیان زۆر چەورە. بێگومان خۆیان وا دەزانن پێستیان وشک بۆتەوە، بەڵام نەخێر. جۆرێک کەڕوو هەیە لەسەر پێستیان زیاترە و چالاکی چەورەڕژێنەکانیشیان زیاترە لەم کەسانە، کڕێشی چەور دروست دەکەن؛ بۆ چارەسەرەکەی، شامپۆی تایبەت هەیە، کرێمی شێدارکەرەوە هەیە تایبەت بە پێستی چەور، دەتوانن ئەوانە بەکار بهێنن.
لەم وەرزەدا ئەوانەی کە پێستیان چەورە، خورانیان بۆ دروست دەبێت، کڕێشیان زیاد دەکات. کڕێشەکە جاری وا لە نێو سەریانە، جاری واش هەیە لە دەموچاویانە، بەتایبەتی ناو برۆکانیان و دەوروبەری دەموچاو و چەناگەیان. ئەمە وا دەکات سووربوونەوەیان هەبێت، پێست هەڵیئەیا، جاری وا قاشقاش دەبێت، یان قڵیشقڵیش دەبێت. شامپۆ و سابوون و کرێمی شێدارکەرەوەی تایبەت هەیە.
سەبارەت بە خواردنیش بە شێوەیەکی گشتی بۆ هەموو جۆرە پێستێک وا باشە هەموو کەسێک ڕۆژانە بڕێکی باش ئاو بخواتەوە، نزیکەی دوو لیترێک بە لانی کەمەوە. هەروەها سەوزە و میوەی زۆر بخورێت. ئەمە بۆ هەموو جۆرە پێستێک بەسوودە، چونکە سەوزە و میوەکان هەموومان دەزانین دژە ئۆکسان و ڤیتامینیان تێدایە. ئەمەش بۆ هەموو جۆرە پێستێک باشە.
د. شادی عەبدوڵڵا دەربارەی خۆشۆردن بە ئاوی گەرم زانیاری دەخاتە ڕوو دەڵێت: ئەگەر ئاوی زۆر گەرم بەکار بهێنی چەوریی پێست زۆر دەشواتەوە، یانی زۆر لای ئەبات، ئەمە وا دەکات زووتر وشک بێتەوە. جگە لەوەی کە چرچ و لۆچ زیاد دەکات، بە پێچەوانەوە ئەگەر بە ئاوێکی زۆر سارد خۆی بشوات، پێست کونیڵەکانی دادەخات و توندوتۆڵتر دەبێتەوە. بەڵام ئەوەش نابێت بەو شێوەیە بێت كە نەخۆشی بخات. خۆی ئاوی شیرتین (شلەتێن) لە هەمووی باشترە.