مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
رۆژنامەی هەولێر، لە چوارچێوەی كۆهەواڵدا، رۆژانە تازەترین و گرینگترین هەواڵ و پێشهات و دەنگوباسە وەرزشییەكان بۆ گوێ و هزری خوێنەرانی دەگوازێتەوە، كە تێیدا پێشینهەواڵ بۆ گرینگترین و تازەترینیانە و بە هۆی فراوانیی بواری تۆپی پێ و فرەیی جەماوەر و هەواداری ئەو یارییەوە، پشكی شێر و زۆر بەر هەواڵەكانی ئەو یارییە دەكەون و لە كات و ئانوساتی پێشهات و هەواڵ و پاڵەوانیەتیی یارییەكانی دیكە، تیشكیان دەخرێتە سەر و پشكیان پاشگوێ ناخرێ، ئامانج لێی دانەبڕانی خوێنەرانە لە هەواڵ و ئاگەییە وەرزشییەكان و پەیبردنە بە سووچ و پەناكانی هەواڵە شاراوە و ئاشكرانەكراوەكان.
بەرشلۆنە ڕاپۆرتێكی ئەرێنیی لەسەر پێكانەكەی یامال پێگەیشت
یانەی بەرشلۆنە هەناسەیەكی ئاسوودەیی هەڵكێشا، دوای ئەوەی ڕاپۆرتێكی پزیشكیی لەسەر پێكانەكەی لامین یامال پێگەیشت، كە ڕاپۆرتەكە ئەرێنی بوو و لەبارەی ماسوولكەكانی یامالەوە بوو.
پزیشكی پسپۆڕی بەلژیكیی تایبەتمەند، ڕاپۆرتێكی لەبارەی پێكانەكەی لامین یامالەوە بە یانەی بەرشلۆنە دا، كە ئەو یاریزانە یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی یانەی بەرشلۆنە.
یانە كاتەلۆنییەكە بە پەرۆشەوە هەموو ڕێكارەكانی چاودێریی ئەو یاریزانەی گرتە بەر و بە وردی كاری لەسەر كرد، تیمی هونەریی یانە كاتەلۆنییەكە، بە پەرۆشی ئەوە بوون زوو لە پێشهاتەكانی پێكانەكەی ئەو یاریزانە دڵنیا ببنەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە بەرشلۆنە دەیكۆشا بۆ ئەوەی ڕای متمانەپێكراو لەسەر ئەو دۆسیەیە وەربگرێ، بۆیە ئەو پزیشكە بەلژیكییە یەكێكە لە جێمتمانەترین پزیشكی بواری پێكانی ماسوولكەی (فتقی وەرزشی).
ئەو پزیشكە یەكێكە لە ناوە دیارەكانی ئەو بوارە، پێشتر لەگەڵ سێ هەزار حاڵەتی هاوشێوەدا مامەڵەی كردووە، بە تایبەت یاریزانانی تۆپی پێ و باسكە.
دكتۆر برۆنا، سەرۆكی دەستەی پزیشكیی یانەی بەرشلۆنە، هاوئاهەنگیی ڕاستەوخۆی لەگەڵ ئەو پزیشكە بەلژیكییە بەست، كە چاودێریی پشكنین و دۆخی یامال بكا و چاودێری و بەداواداچوون بۆ پرۆسەی چارەسەرییەكەی وەربگرێ لە سەرەتاوە ئەوەش بە ئامانجی جێبەجێكردنی بەرنامەی چارەسەری بە شێوەیەكی نموونەیی.
رۆژنامەكە باسی لەوە كردووە كە ئەو پزیشكە بەلژیكییە، ئەنجامی دڵنیایی لەسەر حاڵەتەكەی یامال دا و لە رووی جەستەییەوە كێشەی نییە و لە دۆخێكی باشدایە، ئەو بەرنامەیەشی كە دەستەی پزیشكیی یانەكە دایانناوە، لەسەر ڕێڕەوێكی ڕاستە و پێشكەوتنی بەرچاو و بەڵگەداری لە حاڵەتەكە بەدەست هێناوە.
ئەو شارەزا بەلژیكییە لە قسەكانیدا بۆ تیمی پزیشكیی یانەی بەرشلۆنە، باسی لەوەش كردووە، كە ئەوەی زۆر گرنگە بۆ چارەسەری پێكانی ماسوولكەی ئەو ناوچەیە، دەستنیشانكردنی پێشوەختەیە و زوو دەستپێكردنی چارەسەرییە لە قۆناغەكانی یەكەمدا، ئەوەیش بە كردار بۆ لامین یامال كراوە و ئەوەش ترس و دڵەڕاوكێی ڕەواندووەتەوە.
بەڵام پزیشكە بەلژیییەكە پێداگر بوو لەسەر ئەوەی پێویستە ئەو یاریزانە بە تەواوی پێبەند بێ بە ڕێنوێنیی پزیشكان و راهێنەران بۆ پاراستنی ئاستی باڵای و رۆیشتن بەرەو ئەو داهاتووە گەشەی چاوەڕێی دەكات.
لە بەرشلۆنە هیچ نیگەرانی و دڵەڕاوكێیەك لەبارەی توانای جەستەیی یامالەوە نییە، بە تایبەت كە ئەم هەفتانەی كۆتایی، ئاستێكی باشی پێشكەش كردووە، بە تایبەت دوای ئاستە خراپەی بەرانبەر ریاڵ مەدرید لە یاریی كلاسیكۆی ڕابردوودا.
سەرەڕای ئەوەش، یانەكە دەیەوێ ڕای شارەزایانی ئەو بوارە وەربگرێ بۆ متمانەی زیاتر لە پلانی چارەسەرییەكە و گرەنتیی چاودێریكردنی ئاستی و بەهرەوەرییەكەی.
لەو چوارچێوەیەدا، راهێنەر هانز فلیك، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی پێشكەوتنی عەقڵیی ئەو یاریزانە و پابەندیی دیسپلینی، ڕایگەیاند: لامین خۆی گۆڕیوە و ئێستە زۆر باشە، بە شێوەیەكی باش كار و مامەڵە دەكات لە هۆڵی یاری یان لە یاریگە، ئەوەی زۆر گرنگە پێكانەكەی بەو جۆرە بەردەوام نابێت.
بەپێی ئەو هەڵسەنگاندنە ئەرێنییەی پزیشكی بەلژیكی، بەرشلۆنە هەست بە دڵنیایی دەكا لەبارەی حاڵەتەكەی یامالەوە، كە بە ڕژدی لەنیو یاریگە و دەرەوە كار دەكا بۆ پاراستنی ئامادەسازییە جەستەییەكەی و بەردەوامبوون لەو ئاستە باشەی كە بۆ یانەكەی پێشكەشی دەكات.
لای خۆیەوە خوان لاپۆرتای سەرۆكی یانەی بەرشلۆنە، دڵخۆشیی خۆی بۆ ئەو سەركەوتنە گەورەیەی یانەكەی 4-2 بەسەر سێلتافیگۆدا دەربری، كە یەكشەممەی ڕابردوو لە گەڕی 12ی خولی ئیسپانیا بەڕێوە چوو.
لاپۆرتا وتی: ئەو سەركەوتنە لە كاتی خۆیدا هات، تیپەكە پێویستی بە سەركەوتنی لەو جۆرە بوو بۆ پتەوكردنی متمانەی پێش وەستانی نێودەوڵەتی.
دەشڵێ: پێویستە لەسەر ئەو ڕیتمە بەردەوام بین، ئێستە هەست بە باشی دەكەین و پێویستە لە ماوەكانی داهاتوودا پارێزگاری لەم بەردەوامبوونە بكەین.
لاپۆرتا لەبارەی هانز فلیكی راهێنەریانەوە، سەرەڕای سەرەتایەكی خراپەوە وتی: راهێنەرێكی جیاوازمان هەیە، ئەو بە هەموو مانایەك دیاردەیە.
لەبارەی لامین یامالەوە، وتی: بینیم وەكوو چۆن هەمیشە بەو جۆرە دەیبینم، بە هەموو مانایەك سپێشەڵە.
بەرشلۆنە نزیكە لەوەی یاریزانانی دیكەی وەكوو ڕافینیا، خوان گارسیا و پێدری گۆنزالێس لە پێكانەكانیان چاك ببەنەوە و بگەڕێنەوە ریزەكانی بەرشلۆنە.
گەوهەرێكی ئەفریقی، بازاڕی زستانە لە نێوان ریاڵ و بەرشە گەرم دەكات
كارل ئیتا ئیۆنگ، هێرشبەری كامیرۆنی بووەتە جێی سەرنج و بایەخی یانە گەورەكانی ئەورووپا، دوای ئەو ئاستە بەرزەی ئەم وەرزە لەگەڵ یانەی لێڤانتی پێشكەشی دەكات، لە كاتێكدا یانەكەی پێبەندە بە هێشتنەوەی ئەو یاریزانە سەرەڕای گرێبەستی گەورە و سەرنجڕاكێش كە بەم دواییە بۆی هاتووە و دیارترینیان لە یانەی سیسكا مۆسكۆوە بووە.
بەڵام ئەو یاریزانە پێشوەختە بازاڕی زستانەی گواستنەوەی یاریزانان لە نێوان ریاڵ مەدرید و بەرشلۆنە گەرم دەكا و هەردووكیان دەیانەوێ لەو ماوەیەدا بیبەنە ڕیزەكانیانەوە.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی بڵاوی كردەوە، كە ئەو یاریزانە كامیرۆنییە 22 ساڵانە، یەكێكە لە یاریزانە سوپرایزەكانی ئەم وەرزەی خولی ئیسپانیا، دوای ئەوەی لە 12 یاریدا ڕۆڵی لە تۆماركردنی 9 گۆڵی یانەكەیدا هەبوو، كە 6ی تۆمار كردووە و 3 گۆڵیشی دروست كردووە.
ئەو یاریزانە سەرنج و تیشكەنیگاكانی بۆ لای خۆی ڕاكێشا، دوای ئەوەی لە یانەی ڤیا ڕیاڵەوە بۆ یانەی لیڤانتی گواسترایەوە، ئەویش لە دواساتەكانی كۆتاییهاتنی ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا بوو، كە بەرانبەر 3.8 ملیۆن یۆرۆ گواسترایەوە.
بەهای ئەو یاریزانە (ئیتا ئیۆنگ) بە شێوەیەكی پێوانەیی بەرز بووەوە لەم چەند مانگەی دواییدا، پێگەی (گیڤ می سپۆرت)، ڕوونی كردەوە كە یانەی لیڤانتی گرێبەستی بە بەهای 30 ملیۆن یۆرۆ لە یانەی سیسكامۆسكۆی ڕووسییەوە پێگەیشتووە بۆ ئەوەی ئەو یاریزانە بباتە ریزەكانیەوە، بەڵام بە تەواوی ڕەتی كردەوە.
مەرجسزای هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو یاریزانە 30 ملیۆن یۆرۆیە لەنێو ئیسپانیا و بۆ دەرەوەی ئیسپانیا 40 ملیۆن یۆرۆیە.
خۆسیە دانڤێلا، خاوەن پشكی زۆرینە و سەرۆكی جێبەجێكاری یانەی لیڤانتی، ڕایگەیاند: رۆژانە گرێبەست و ئۆفەرمان لە یانەكانی دیكەوە بۆ ئەو یاریزانە بەهرەوەی ئێمە دێ، “یاریزانەكەمان ئەم زستانە ناڕوا، ئامانجی سەرەكیی یانەكەشمان، گرەنتی مانەوەیەتی لە لیگا.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ باسی لەوە كردووە، كە بەرپرسانی یانەی بەرشلۆنە، لەنێو بازنەی گرنگیپێدانەكانن بۆ ئەو یاریزانە و بە جێگرەوەیەكی باش بۆ شوێنی رۆبێرت لیڤاندۆڤسكی دادەنێ، كە ئێستە تەمەنی هەڵكشاوە و ساڵی داهاتوو گرێبەستەكەی تەواو دەبێ و تەمەنیشی گەیشتووەتە 37 ساڵ.
بایەخدان بەو یاریزانە تەنیا لە بەرشلۆنەدا كورت نەكراوەتەوە، بەڵكوو یانەكانی ریاڵ مەدرید، مانچستەر یونایتد، مانچستەر سیتی و ئارسناڵیش دەیانەوێ داهاتووی ئەو یاریزانە بۆ بەرژەوەندیی خۆیان یەكلا بكەنەوە و لە ماوەی گواستنەوەی زستانەدا ئەو یاریزانە ببەنە ریزەكانیانەوە، لەگەڵ مانەوەی بە شێوەی خواستن لە یانەی لیڤانتی تا مانگی شەشی ساڵی داهاتوو. وەكوو رۆژنامەكە باسی لێوە كردووە.
بۆیە چاوەڕێ دەكرێ، چیرۆكی ئەو یاریزانە كامیرۆنییە، ببێتە سەردێڕ و مانشێت و تایتڵی هەواڵەكانی ماوەی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان و یانە گەورەكانیش تەمای ئەوەیان لەو گرێبەستەدا سەربكەون.
بەرشلۆنە وێستگەی درەوەشانەوە و ناساندنی چەندان یاریزانی ئەفریقا بووە، كە دواتر جێپەنجەیان لە مێژووی تۆپی پێدا جێ هێشتووە، سەرەڕای ئەوەی یاریزانە ئەفریقییەكان بەراور بە یانە ئەورووپییەكانی دیكە، لە بەرشلۆنە سنووردارن، لەگەڵ ئەوەشدا ڕۆڵ و كاریگەریی گەورەیان هەبووە و لەبیر ناكرێن.
ساموێل ئیتۆ، بە یەكێك لە دیارترین یاریزانانی ئەفریقی مێژووی تۆپی پێ و یانەی بەرشلۆنە دادەنرێ، ڕەنگە یەكێك لە گەورەترین هێرشبەرەكانی دیناش بێ كە بە یانەەدا تێپەڕیبیێ. یەكێك لە پێگە سەرەكییەكانی بەرشلۆنە بووە لە سەروەختی نەوەی زێڕیندا بە سەرپەرشتیی پێپ گواردیۆلا، كە لە ساڵی 2009ـدا شەشینە ناسناویان بردەوە، لە ساڵانی 2004 تا 2009 زیاتر لە 100 گۆڵی بۆ بەرشلۆنە كرد و ڕۆڵی هەبوو لە بردنەوەی هەرسێ ناسناوی خولی ئیسپانیا و (دوو) ناسناوی چامپیۆنس لیگ.
هەروەها ئەلێكسەندەر سۆنگی كامیرۆنیش لە ساڵی 2012 لە ئارسناڵەوە چووە بەرشلۆنە، هێزێكی زۆری جەستەیی و توانایەكی بەرچاوی هونەریی هەبوو لە هێڵی بەرگری، بەڵام نەیتوانی خۆی لە پێكهاتەی یانەكەی لە هێڵی ناوەڕاست بسەلمێنێ و جێگیر بێ، لە دوو وەرزدا ڕۆڵی سنوورداری هەبوو و دواتر یانەكەی جێ هێشت.
سیدۆ كیتاش، نموونەیەكی جوانی دیسپلین و پێبەندی بوو، لە 2008 لە سڤیلیەوە چووە بەرشلۆنە و بووە یەكێكە لە كۆڵەكە سەرەكییەكانی تیمەكەی گواردیۆلا، بە هێمنی و تەكتیكی جوان و توانای باڵا خۆی لە هێڵی ناوەڕاست گونجاند. ڕۆڵی گەورەش لە ناسناوەكانی بەرشلۆنە هەبوو، بە تایبەت چامپیۆنس لیگی 2009 و 2011.
ناكرێ ئەزموونی یایا تۆرێی كۆت دیڤواریش نادیدە بگیرێ، لە ساڵانی 2007ـەوە تا 2010 لە یانەی بەرشلۆنە بوو، لە ناوەندی ئیرتیكاز و بەرگری و جارجار لە چەقی بەرگری یاریی دەكرد. ڕۆڵێكی گەورەی لە بردنەوەی ناسناوی چامپیۆنس لیگی 2009ـدا هەبوو.
لە ئیتۆوە تا كیتا و تۆرێ، یاریزانانی ئەفریقی لە بەرشلۆنە، هێمای هێز و پابەندی و بەهرەوەری بووە، جێپەنجەی خۆشیان نەخشاندووە، بۆیە ئەمڕۆ كارڵ ئیتا ئیۆنگیش ڕەنگە ببێتە تەواوكاری كاروانی ئەو یاریزانانەی پێشتری.
بەرشلۆنە دەیەوێ بە دوای خوێنی نوێ لە هێڵی هێرشبەر بگەڕێ، كە بەهرەكەی سنووری نییە و هێشتاش كیشوەرە ڕەشەكە بەهرەوەی زۆر ناوازەی لێ هەڵدەتەقێ.

