سلێمان تاشان – ههولێر
لە شەش ساڵی ڕابردوودا بە قەبارەی بیست و پێنج ملیار دۆلار لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان کراوە و پشکی شێری ئەو وەبەرهێنانەش بۆ هەر یەک لە کەرتەکانی گەشتوگوزار، پیشەسازی و نیشتەجێبوون بووە. دوێنێ یەکشەممە لە هەولێر پڕۆژەیەکی دیکەی وەبەرهێنان کرایەوە کە بازرگانییە و هەزار دەرفەتی کار دابین دەکات.
لە ساڵی ٢٠١٩ەوە لانی کەم هەشتا پڕۆژە بە بەهای زیاتر لە حەوت ملیار و پێنجسەد و پەنجا و پێنج ملیۆن دۆلار لە کەرتی گەشتوگوزاردا وەبەرهێنان کراوە کە دەکاتە سەرووی سی لەسەدای پشکی وەبەرهێنان.
بەپێی ئامارەکانی حکوومەت، كهرتی نیشتهجێبوون له ڕیزبهندیی دووهم كهرتی كوردستان دێت كه زۆرترین وهبهرهێنانی تێدا كراوه و شەست و دوو پڕۆژهی نیشتهجێبوون لەو ماوەیەدا جێبهجێ كراون کە قەبارەی وەبەرهێنانیان گەیشتووەتە سەرووی پێنج ملیار و سی ملیۆن دۆلار و ئەمەش دەیسەلمێنێت زیاتر لە بیست لەسەدای پشکی وەبەرهێنانی بەرکەوتووە. بەو پێیە دوو کەرتی گەشتوگوزار و نیشتەجێکردن نیوەی وەبەرهێنانی کوردستان لە ماوەی شەش ساڵی ڕابردوویان پێ بڕاوە.
كهرتی پیشهسازی یەکێکی دیکەیە لەو کەرتانەی هەرێمی کوردستان کە حکوومەت بایەخێکی زۆری پێداوە و ژمارەی کارگەکان زۆر بە خێرایی زیادیان کردووە و بەشێک لەو بەرهەمانەی پێشتر هاوردە دەکران ئێستا لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێن و هەلی کاریان بۆ ژمارەیەکی زۆری هاووڵاتی ڕەخساندووە. قەبارەی وەبەرهێنان لە کەرتی پیشەسازی سێ ملیار و نۆسەد و یازدە ملیۆن دۆلار بووە و شازدە لەسەدی کۆی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستانی پێ بڕاوە.
كهرتی بازرگانی به چوارەم كهرتی كوردستان دادەنرێت كه لەم ساڵانەی ڕابردوودا زۆرترین وهبهرهێنانی تێدا كراوه و قهبارهی وهبهرهێنانهكهی سەرووی ملیارێک و دووسەد ملیۆن دۆلار بووە. كهرتی كشتوكاڵ لە کوردستان پێنجهم كهرت بووه له وهبهرهێنان و به بههای پێنجسەد و نەوەد و پێنج ملیۆن دۆلار جێبهجێ كراون.
له كهرتی فێركردندا بە بەهای زیاتر لە چوارسەد و چل ملیۆن دۆلار، لە کەرتی تەندروستی بایی زیاتر لە سێسەد و حەفتا و دوو ملیۆن دۆلار لە کەرتی وەرزشی بە بەهای زیاتر لە سەد و سی و چوار ملیۆن دۆلار و لە کەرتەکانی تری وەک بانک و خزمەتگوزاری و هونەری ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە جێبەجێ کراون کە سەرمایەکانیان سەد ملیۆن دلار یان کەمتر لەو بەهایە بووە.
هەر دوێنێ یەکشەممە لە هەولێر پڕۆژەیەکی گەورەی بازرگانی بە ناوی ئەربیل ستریت بازاڕ کرایەوە کە بە تەنهایی هەزار هەلی کار بۆ دانیشتووانی هەولێر دابین دەکات. لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی پڕۆژەکە دکتۆر محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی کوردستان ڕای گەیاند پڕۆژەکانی وەبەرهێنان لەم ماوەی ئەم کابیەنەیەدا زۆر بوون و نیوەی هەموو ئەو پڕۆژانەن لەوەتەی ٢٠٠٧ەوە لە کوردستان جێبەجێ کراون. ئەو ئاماژەی دا لە تەنیشت پڕۆژەکە پڕۆژەیەکی تر لە جێبەجێکردندایە کە ئەویش هەزار هەلی کار بۆ دانیشتووانی هەولێر دابین دەکات.
هاوکات ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر باسی لە گرنگیی ئەو پڕۆژە بازرگانییەی کرد کە کۆمپانیای جیهان پێی هەستاوە و حکوومەت هاوکاری کردووە و هەندێک ئاسانکاری زۆر بۆ کاسبکارانی هەولێر کراوە بۆ ئەوەی بە قیستی گونجاو ببنە خاوەنی یەکەکانی پڕۆژەکە و تەنانەت ئەوانەی پڕۆژەکە دەکڕن ساڵێک لە کرێی دووکانەکانیش بەخشراون.
وهبهرهێنان به بناغهی سهرهكیی گهشهپێدانی ئابووری له ههموو وڵاتێك دادهنرێت و ئهو وڵاتانهی كه قهبارهی وهبهرهێنانیان بهرزه، گهشهی ئابوورییان خێراتره. گهشهی ئابووری هۆكاره له ڕهخساندنی ههلی كار و سووڕاندنهوهی سهرمایه و گهرمكردنی بازاڕ و باشترکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک.

