رۆژنامەی ھەولێر

سیپان شێروانی: لە بەغدا پێشمەرگانە لە بەرامبەر هەر بیرێكی شۆڤینی راوەستاوم

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

سیپان شێروانی بەربژێری ژمارە (١٨)ـی لیستی (٢٧٥)ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیمانەیەكدا لەگەڵ هەولێر دەڵێت: شۆڤینیەكانی عێراق كە بە هەموو شێوەیەك دەیانەوێ كێشەمان بۆ بنێنەوە و بمانگەڕێننە دواوە و ڕقیان دەڕێژن بەرامبەرمان، هەمیشە گوتوومە و دەیڵێمەوە، خەیاڵیان خاوە. هەربۆیەش لە چوارساڵی رابردوودا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پێشمەرگانە لە بەرامبەر هەر بیرێكی شۆڤینی راوەستاوم. بەرامبەر هیچ كەس بێدەنگ نەبوومە، كە راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دژایەتیی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستانی كردبێ. بەدڵنیاییەوە بۆ داهاتووش بێدەنگ نابین. ئەمەش زیاد لە هەر شتێك، ئەركێكی ئەخلاقییە بەرامبەر بە رابردوو و بەرامبەر بە نەوەی داهاتوو، كە بێگومان ژیانێكی باشتریان دەوێ. بەبێ ئەو راشكاوی و پێداگری و گیانە پێشمەرگانەیە، ئێمە ناتوانین وێنای داهاتوویەكی باشتر بكەین. هەرگیز خۆمان ناچەمێنین. بۆ ئەمەش، من قەرزاری ئیرادەی پێشمەرگەئاسای سەرۆكی هێژامان، جەنابی “سەرۆك بارزانی”م.

ئەو بەربژێرەی پارتی دەشڵێت ئێمە قۆڵی هیمەتمان لێ هەڵماڵیوە و بە ئاراستەی بەختەوەریی گەلەكەمان دەڕۆین. راستگۆین لەگەڵ بەڵێن و پەیمانی خۆمان و دەست هەڵناگرین لە هیچ مافێكی دەستووریمان. فەلسەفەشمان فەلسەفەی خۆڕاگری و نەچەمینە. بەمجۆرە پارتیمان لە خولی داهاتووی پەرلەمانی عێراق، لێبڕاوانە و راشكاوانە، رووبەڕووی هەموو ئالنگارییەكان دەبێتەوە.
سیپان شێروانی گوتیشی: زۆرجار لە سیاسەتدا دەڵێن، ئەگەر هیچ ركابەرێكت نەبوو، ئەوا هەوڵ بدە بە خایاڵیش بووبێ ركابەرێك بۆ خۆت دروست بكەی. حیكمەتی پشت ئەم وتەیە ئەوە نییە، كە لەسەر بنەمای دژایەتیكردنی ئەوی دیكە و ركابەرەكانت بڕۆیتە پێشەوە، بەڵكو ئەوەیە كە چۆن بتوانی سات بە سات و هەنگاو بە هەنگاو، پەرە بە تواناكانی خۆت بدەی و ئاستی داهێنانی مێشكی خۆت ببەیتە سەر و كارێكی ئەوتۆ بكەی، كەس وەپێشت نەكەوێتەوە. ئەمە ئەقڵانیەتێكی بەرهەمدارە، كە دەتوانێ رێڕەوی گەشەسەندنی كۆمەڵایەتی و سیاسی و ئابووریی لێ بكەوێتەوە. بەڵام ئایا ئەم ئەقڵانیەتە لە عێراقدا هەیە؟ بێگومان نا. ئەقڵیەتی دەسەڵاتدارەتی لە عێراق، چ لە ئاستی نێوخۆیی و چ لە ئاستی نێودەوڵەتی، ركابەریان بۆ خۆیان دروست كردووە، بەڵام بۆ دژمنایەتی، نەك وەكو رێكارێك بۆ پەرەپێدانی هزری داهێنەرانە و بەدیهێنانی ژیانێكی باشتر. بۆ نموونە لە ناوخۆی عێراقدا، ئەوان كاتێك كە سەیری هەرێمی كوردستان دەكەن، زیاد لەوەی بیانەوێ پەرە بە توانای خۆیان بدەن، دێن و دەیانەوێ هەموو ئامرازەكانی بەردەستی تۆ لەناو ببەن، بۆ ئەوەی هەم خۆیان و هەم تۆش لە پەلوپۆ و پێشكەوتن بخەن. ئەمە ئەو ئەقڵانیەتەیە كە ئەوان لەسەری دەڕۆن، بۆیە هەنگاو بە هەنگاو و رۆژ لە دوای رۆژ بەرەو دوا دەچنەوە.
لە بەشێكی دیكەی قسەكانی سیپان شێروانی دەڵێت: بە دڵنیاییەوە ئەگەر ئەوان لانیكەم لە ئاستی ناوخۆییدا، بە چاوێكی دژمنكارانەوە سەیری هەرێمی كوردستانیان نەكردبا و هەوڵیان نەدابا بە وشككردنی سەرچاوەكانی داهاتی كوردستان، رێڕەوی پێشكەوتنی بگرن، ئەوكاتە هەوڵیان دەدا بۆ خۆشیان پێش كەون؛ پێشكەوتنێك كە دەیتوانی وا لە هاووڵاتیی عێراقی كردبا، چاوەڕوانی شتی زۆر مەنتری كردبا، نەك هەر لە ئاستی چاوەڕوانیی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكان بمێنێتەوە. ئەوەی پەیوەستە بە هەرێمەوە، هەمیشە بە پێشكەشكردنی هەموو ئەزموونێكی سەركەوتووی خۆی بە عێراق، نیازپاكیی خۆی نیشان داوە. بۆیە سەرەڕای هەموو ئالنگاری و بەربەست دروستكردنەكانی ئەوان، ئێمە هەر لەسەر رێڕەوی پێشكەوتنی خۆمان دەڕۆین. چونكە هەمیشە هزری داهێنەرانەی ئێمە لە دەرەوەی چوارچێوەی بەربەستەكانی ئەوان، كاری خۆی دەكات.
سەبارەت بە جۆش و خرۆشی دەڤەری سۆران بۆ لیستەكەی پارتی، سیپان شێروانی گوتی: لە كۆبوونەوە جەماوەرییەکەی پارتیمان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، دەڤەری شەهیدان، رێزدار كاك مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی، وەك رێبوارێكی راستەقینەی رێبازی پارتی و بارزانی و وەك قوتابییەكی بەئەمەكی جەنابی سەرۆك بارزانی، پەیامێكی روون و راشكاوی دا بە گوێی دەسەڵاتدارانی بەغدا. جەنابیان زۆر بە روونی گوتی، ئێمە وەكو پارتی بە هیچ شێوەیەك رێگە نادەین جارێكی تر عێراق مەركەزی ببێتەوە؛ گوتی پێویستە جارێك و بۆ هەمیشە ئەو زڵمەی كە لە كوردستان دەیكات، كۆتایی پێ بێنێ. ئەمە ئەو ئیرادە و پەیامەیە كە لە ئێستادا زیاد لە هەر كاتێكی تر پێویستمانە.