ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی، دوای یانەكانی هەولێر، دهۆك، زاخۆ، ئەمجارەیان پاڵپشتی خۆی بۆ یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی دەربڕی، لە لایەكی دیكەیشەوە، موژدەی بە شەقڵاوە دەكات یاریگەی ئەو شارە بەشێوەیەكی سەرنجراكێش نۆژەن بكرێتەوە.
مەسرور بارزانی پاڵپشتی یانەی نەروۆزی شاری سلێمانی دەكات
دوای ئەوەی لە چەند مانگی ڕابردوودا یانەی وەرزشیی نەورۆز گیرۆدەی دۆخێکی نالەبار بوو؛ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومـەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕێگەی نووسینگەکەیەوە بڕی 450 ملیۆن دینار بە یانەی نەورۆز دەبەخشێت.
یانەی وەرزشیی نەورۆز، نوێنەری شاری سلێمانی لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، لە ماوەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشە و بارودۆخی خراپ بووەتەوە کە کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر ئاست و چارەنووسی یانەکە داناوە.
یەکێک لە گەورەترین کێشەکانی یانەی نەورۆز، قەیرانێکی دارایی قووڵ و درێژخایەنە. یانەکە بۆ ماوەی چەندین مانگ نەیتوانیوە مووچەی یاریزانان و ستافی هونەری دابین بکات، کە لە هەندێک کاتدا گەیشتووەتە 50 ڕۆژ یان دوو مانگ.
ئەم دۆخە بووەتە هۆی ئەوەی سەرۆکی دەستەی هاندەرانی یانەکە بەچاوی پڕ فرمێسکەوە داوای هاوکاری بکات، کە کاردانەوەی لێکەوتەوە و کەسایەتی سیاسی، هونەرمەند و بازرگانەکان هەڵمەتی کۆکردنەوەی یارمەتییان بۆ ڕاگەیاند.
پەیامی مەسرور بارزانی بۆ وەرزشوانان
مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەت رایگەیاند هەر یانەیەكی كوردستان لە ئاستێكی پرۆفیشناڵ یاری بكات پاڵپشتی دەكەین، ئێمە بە یەك چاو سەیری هەموو هەرێمی كوردستان دەكەین، لەم قۆناغەدا پاڵپشتی دارایی یانەی نەورۆزی شاری سلێمانی دەكەین، هەروەها بەڵێنیش بە هاندەرانی وەرزشی یانەی شەقڵاوە دەدەین، یاریگەی ئەو شارە نۆژەن بكەینەوە.
یاریگاکانی کوردستان لە لایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە گرنگی زۆریان پێدەدرێت، بەجۆرێک ئەم وەرزە هەرسێ یاریگای هەولێر و زاخۆ و دهۆک بەر هەڵمەتی نۆژەنکردنەوە کەوتوون، ئەمەش کاریگەری لەسەر پێشخستنی کەرتی وەرزش و ژێرخانی یانەکان هەبووە.
لە لایەكی دیكەیشەوە، هەفتەی رابردوو ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند دەرخستە بۆ 26 یاریگەی سنووری شاری هەولێر كراوە و لەگەڵ كۆمپانیای جێبەجێكار قسە كراوە و دەست بە نۆژەنكردنەوە و دروستكردنی یاریگەكان دەكرێت.
لەسەردەمی كابینەی نۆیەم وەرزشی كوردستان بووژایەوە
حکومەتی هەرێم لە ماوەكانی رابردوو بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگای شەهید فرەنسۆ هەریری لە شاری هەولێر، نزیکەی یەک ملیار و 761 ملیۆن دیناری لەسەر بوجەی پەرەپێدانی پارێزگای هەولێر تەرخان کردووە و هێشتا كارەكانی نۆژەنكردنەوە بەردەوامە و بڕیارە لەسەرەتای ئەم مانگە كارەكانی نۆژەنكردنەوەی یاریگەی فرەنسۆ هەریری تەواو بكرێت.
یاریگە قەشەنگ و جوانەکەی یانەی دهۆک، کە ئێستا بووەتە ماڵی هەمووان، تەنیا بۆ گۆڕینی چیمەنی یاریگای یانەکە، حکومەتی هەرێم نزیکە نیو ملیار دیناری عێراقی خەرج کردووە، یانەی دهۆك لە جامی کەنداو وەک یەکەم یانەی کوردستان و عێراق بووە پاڵەوان، لە جامێ عێراقیش وەک یەکەم یانەی کوردستانی جامەکەی بەدەستهێنا، ئێستا دهۆک بەهۆی ئەو پاڵپشتیانەوە ژێرخانێکی باشی بۆ دروست بووە، ئەوان دەتوانن 50٪ لەسەدی خەرجییەکانی خۆیان دابین بکەن.
لە لایەکی دیکەیشەوە یاریگای زاخۆ، کە وەرزی رابردوو پڕهاندەرترین یاریگا بووە لەسەر ئاستی عێراق، حكوومەتی هەرێمی كوردستان نزیکەی یەک ملیار و 400 ملیۆن دیناری بۆ گۆڕینی چیمەن و نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە خەرج کردووە، لە لایەكی دیكەیشەوە بڕیار دراوە گەورەترین یاریگەی نێودەوڵەتی لە سنووری شاری زاخۆ دروست بكرێت.
سەرۆکوەزیران، فەرمانی دروستکردنی یاریگایەکی نێودەوڵەتی بۆ شاری هەولێر دەرکردووە، کە بەمنزیکانە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، لە لایەكی دیكەیشەوە لە ناوچەکانی باتیفیا و شیلادزێ، رواندز، یاریگا دروست کراوە، تەنانەت بەم نزیکانە دروستکردنی یاریگایەکی نوێ لە شاری سۆران دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

