رۆژنامەی ھەولێر

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ: بەهێزبوونی پارتی لە خزمەت بەرژەوەندییەکانی خەڵکی سنووری ماددەی ١٤٠ ـە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

خەڵکی سنووری ماددەی ١٤٠ پشتگیری خۆیان بۆ لیستی ٢٧٥ی پارتی دووپات دەکەنەوە و دەڵێن، سەرخستنی ئەو لیستە سەرکەوتنە بۆ ھەموو ئەو ناوچانەی دەکەونە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، بۆیە دەنگدان بەو لیستە دەنگدانە بە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە بۆ سەر ھەرێم، لە ھەمان کاتدا ئەگەر پارتی بەھێز بێت کوردستان بەھێز دەبێت، ئەو زوڵم و زۆرداریەی لە ئێمە دەکرێت نامێنێت.

پارتی بەردەوام خۆی بە خاوەنی دەشتی نەینەوا دەزانێت، پێشمەرگە بە خوێنی خۆی ئەو ناوچانەی لە دەست داعش ڕزگار کرد، بۆیە خەڵکی ئەو ناوچانە خۆیان بە قەرزداری پارتی و پێشمەرگە دەزانن، وەکو پاداشتێک بۆ پارتی لیستی ٢٧٥ ھەڵدەبژێرن، ئەوەش وا دەکات پارتی لە داھاتوودا زیاتر خزمەتی ئەو ناوچانە بکات.
نایف سدیق، خەڵکی دەشتی نەینەوایە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” گوتی: بارودۆخی عێراق زۆر ئالۆزە، بۆیە بەشداریکردن لە ھەڵبژاردن زۆر گرنگە، پێویستە لەسەر ئێمە وەکو خەڵکی دەشتی نەینەوا ڕۆژی ھەڵبژاردن ھەموو پێکەوە بچینە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگی خۆمان بدەینە لیستی ٢٧٥ی پارتی، چونکە ھەبوونی ئێمە لەگەڵ ئەو لیستەیە، لەگەڵ ئەوەی پارتی داھاتوویەکی گەش بۆ ئێمە بنیات دەنێت و ھەموو ئەو مافانەی کە بە دەستمان نەھێناون بە دەست دەھێنین.
داود ناسر، خەڵکی تلکێفە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” وتی: بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ھەرێمی کوردستان و قەوارەی ھەرێمی کوردستان و گەڕانەوەی ناوچەکانی ئێمە بۆ سەر کوردستان دەنگی ئێمە بۆ لیستی ٢٧٥ی پارتی دیموکراتی کوردستانە، بۆیە لەسەر ئێمە وەکو خەڵکی تلکێف و دەوروبەری ئەرکە ڕۆژی ١١ی ئەم مانگە ھەموومان پێکەوە ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگی خۆمان بدەینە پارتی و کاندیدانی.
کورد و عەرەب ھەر لە کۆندا تا ئێستا پێکەوەژیاون، بۆیە ئێستاش بۆ سەرخستنی لیستی ٢٧٥ کۆدەبنەوە و پشتگیری خۆیان بۆ پارتی و کاندیدانی دووپات دەکەنەوە. عەبدوڵڵا مەحموود، خەڵکی وانکێیە، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: وەکو ھاووڵاتییەکی وانکێ سوپاسی سەرۆک بارزانی و پارتی دەکەین، کە بەردەوام خۆی لە ناوچەکانی ئێمە کردۆتە خاوەن، ئێمەش بەڵێنمان داوە ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەین و دەنگی خۆمان بدەینە لیستی ٢٧٥، چونکە پارتی بوو ناوچەکانی ئێمە لە دەست تیرۆریستانی داعش ڕزگار کرد و وای کرد ئێمە بگەڕێینەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆمان و دەست بە ژیانێکی نوێ بکەین.
شنگال و ئەو ناوچانەی دەکەونە سنووری ماددەی ١٤٠ ھیچ کاتێک لە ھەرێمی کوردستان جیا نەکراونەتەوە، پارتییش بە ھیچ شێوەیەک دەست لەو شوێنانە بەرنادات. خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، بۆ ڕۆژنامەی “ھەولێر” دەڵێت: بەردەوام پرۆسەی ھەڵبژاردن لەگەڵ خەڵکی خۆمان باس دەکەین، لەگەڵ ئەوەش ھانیان دەدەین ڕۆژی ھەڵبژاردن ڕوو لە سندووقەکانی دەنگدان بکەن و دەنگی خۆیان بە لیستی پارتی ژمارە ٢٧٥ بدەن، بۆ ئەوەی زیاتر خزمەتی دەشتی نەینەوا و ئەو خەڵکەی دەکەونە سنووری مووسڵ و ماددەی ١٤٠ بکەین، ھەروەھا بۆ ئەوەی نوێنەرایەتییەکی ڕاستەقینەیان ھەبێت لە پەرلەمانی عێراق.
خەسرۆ گۆران، بەرپرسی لقی ١٤ی پارتی لە مووسڵ، دەشڵێ: پارتی لە سنووری مووسڵ ٦٢ کاندیدی ھەیە، ئەو ٦٢ کاندیدە نەک تەنیا لە سەنتەری شاری مووسڵن، پارتی لە سنووری مووسڵ سێ لقی ھەیە، ئەوانیش لقی ٢٣ی مەخموور، لقی ١٤ی مووسڵ و لقی ١٧ی ڕۆژئاوای دیجلە، لە ھەمان کاتیشدا مووسڵ ٣١ یەکەی ئیداری لە خۆ دەگرێت، لە بەشی ھەرە زۆری ئەو یەکە ئیداریانە کاندیدمان ھەیە، لەناو سەنتەری شاری مووسڵیش کۆمەڵێک کاندیدمان ھەیە.