رۆژنامەی ھەولێر

سەلاحەدین دەمیرتاش باس لە كەموكوڕییەكانی پرسی چارەسەریی دەكات

كارزان گلی – هه‌ولێر

 

سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە، كە ئێستا لە گرتووخانەی ئێدیرنە زیندانی كراوە، پێیوایە پرسی چارەسەری هەنگاوێكی مێژووییە، بەڵام كەموكوڕی زۆرە و لەلایەن دەسەڵاتەوە هیچ هەنگاوێكی كرداری نەنراوە.

دەمیرتاش، لە تازەترین نووسینیدا، كە ماوەیەكی زۆرە دابڕاوە و هیچ لێدوان و وتارێكی بڵاونەكردووەتەوە، باس لە پرسی چارەسەری دەكات و لایەنە خراپەكانی دەخاتە روو و باسیان دەكات.
دەمیرتاس دەنووسێت: ”بەر لەوەی یاسا بۆ پرسی چارەسەریی دەربكەین، پێویستە دەكات یەكێتی تورك و كورد دروست بكرێت، ئەگەر ئەوە نەكرێت یاسا گرنگی نابێت. دەركردنی یاسا لە پەرلەمانەوە نییە، بەڵكوو لەناو كۆمەڵگەدایە، لەناو خەڵكدایە، پاشان پەرلەمان دێت ئەوەی كۆمەڵگە دەیەوێت دەكاتە یاسا“
دەمیرتاش داوا دەكات، فەرهەنگی كوردی و توركی بەسەر قوتابییاندا بڵاوبكرێتەوە و هەروەها لەناو مزگەوتەكاندا وتاری هەینی بەزمانی كوردی و توركی بێت.
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا، داوا دەكات دەسەڵات هەنگاو بنێت بۆ ئازادبوونی زیندانییە سیاسییەكان، ئەوانەی زیاتر لە ٣٠ ساڵە لە گرتوخانەكاندان و ئەوانەی نەخۆشن و پێویستیان بەوەیە ئازاد بكرێن و هەروەها پێویستە هەموو ئەو شارەوانییانەی كورد كە قەیوم كراوە، بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان، ئەمانە هەمووی گرنگە و پاڵپشتییەكی باشە بۆ پرسی چارەسەریی.
دەمیرتاش، داوا دەكات بەر لەوەی ئەو كۆمیسیۆنەی لەناو پەرلەمانی توركیا بۆ پرسی چارەسەری كورد دروست بووە، دەبێت كۆمەڵگەی تورك و كورد ئامادە بكرێن بۆ ئەوەی یەكتری قبوڵ بكەن، بۆ ئەوەی یەكتریان خۆش بوێت و بەچاوی سووك سەیری یەكتری نەكەن، واتە ئاشتبوونەوەی كۆمەڵگەی تورك و كورد لە دەركردنی یاسا گرنگترە و ئەنجامی دەبێت.
دەم پارتی، لەرێگەی مەڕاڵ بێشتاشەوە پەرلەمانتاری دەم پارتی، پشتگیری خۆیان بۆ وتارەكەی دەمیرتاش دەربری و گوتیان وتارەكە گرنگە و دەبێت حكوومەت هەنگاوی كرداری بنێت، چوونكە ئەوەی لەسەر پەكەكە بوو كردی و ئێستا نۆرەی دەسەڵاتە.
دەم پارتی داوا دەكات، تا سەری ساڵ حكوومەت چەند هەنگاوێكی یاسایی بهاوێت بۆ ئازادبوونی گیراوە سیاسییەكان، ئەمەش نییەت پاكی دەسەڵات بۆ پرسی چارەسەری دەردەخات.
حكوومەتی توركیا، بەهیچ شێوەیەك باس لەو ناكەن پرسی كورد بەیاسایی بكرێت، وەزیری دادی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا گوتی، لەبەرنامەماندا نییە هیچ زیندانییەكی سیاسی كورد ئازاد بكەین و یاسای بۆ دەربكەین.
شڕۆڤەكارانی سیاسی توركیا پێیانوایە، ئەگەر حكوومەت یاسا دەرنەكات بۆ پرسی كورد، كەواتە نییەتی نییە پرسی كورد چارەسەر بكات، چوونكە پەكەكە خۆی هەڵوەشاندەوە و هەروەها بەشێوەیەكی سيمبوولی چەكیان فڕێدا و لە تەواوی توركیا كشانەوە، ئێستاش پێویستە حكوومەت هەنگاوی كرداری بنێت و ئەگەر ئەوە نەكات، رەنگە پرسی چارەسەری و ئەو هەنگاوەی لە نێوان ئیمیڕاڵی و دەوڵەت باخچەلی و حكوومەتدا دروست بووە، بەفیڕۆ دەچێت و شەڕ دەستپێدەكاتەوە، ئەمەش كاریگەریی خراپی لەسەر كۆمەڵگەی توركیا دەبێت.
ئەگەرچی لەلایەن حكوومەتەوە هیچ لێداونێكی فەرمی نەدراوە بۆ دەركردنی چەند یاسایەك لە بەرژەوەندی كورد، بەڵام چەند میدیایەكی توركیا باس لەوە دەكەن، رەنگە تا سەری ساڵ، توركیا چەند هەنگاوێكی یاسایی بهاوێت، بەتایبەت ئازادكردنی ئەو زیندانیانەی ٣٠ ساڵە زیندانی كراون و مافی خۆیانە ئازاد بكرێن.