عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر
هونەرمەند دلێر محەمەد دەیەمین پێشانگای تایبەتی خۆی كردەوە كە تیشكی خستۆتە سەر ژن لە رابردوو و ئێستادا و دەڵێت، ژن نیشتمانی ئێمەیە.
(حەجێ و. تارماییەك ناوی پێشمەرگە بوو)، ناوی دەیەمین پێشانگای دلێر محەمەدە كە پاشنیوەڕۆی رۆژی دووشەممە لە هۆڵی گەلەری مۆزەخانەی ئەمنە سوورەكەی كرایەوە و بڕیارە چەند رۆژێك بخایەنێت و چەندین تابلۆی تێدا نمایشكراوە، دلێر محەمەد لەم دیدارەی (هەولێر)دا وردەكاری زیاتری پێشانگاكەی خستەڕوو.
هەولێر: ناوی ناوت ناوە (حەجێ و. تارماییەك ناوی پێشمەرگە بوو)؟
دلێر محەمەد: من خەجێم وەك دوو مەبەست نووسیوە، دیوێكیان وەكوو. ژن، ئەوەی دیكەش وەك خاك و نیشتمان، زۆربەی تابلۆكان پەیوەندی بە ساڵانی هەشتاكانەوە تائێستا هەیە، ئەو چیرۆكانەی هەشتاكان تائێستا لە زهنیەت و روئیاماندا ماون، لەبەرئەوە ئەگەر ئەو كاتە ژن دەستەمۆ كرابێت، ئێستاش هەروایە، بۆیە ئەگەر دیوێكی ئەوە بێت، دیوەكەی دیكەی ئەوەیە خاوەن نیشتمانین، بەڵام خاوەنی نین، بەڵكوو نیشتمانمان دزراوە، ئەو تێكۆشانەشی كردوومانە نەگەیشتۆتە ئامانجی خۆی.
هەولێر: لە تابلۆكاندا زیاتر دیدێكی نەتەوەییت بەكارهێناوە؟
دلێر محەمەد: بەڵێ دیدێكی نەتەوەیی رەخنەگرانەیە، بەشێكی زۆری كارەكانم كە باسی پێشمەرگە دەكەم، جاران پێشمەرگە خاوەنی ئامانج و بیروباوەڕێك بوو، بەڵام بەداخەوە ئێستاش پێویستمان بەهەمان ئەو شۆڕشەی جاران هەیە، پێموایە ئێستا مرۆڤی كورد بۆتە كاڵایەك.
هەولێر: ئەوەندەی لە تابلۆكانت تێبینی دەكرێت، زیاتر ژنی تێدایە، بۆچی؟
دلێر محەمەد: بەڵێ راستە، لەبەرئەوەی لە رابردوو و ئێستاشدا ژن زیاتر پێویستی بە ئازادی و تێكۆشانی زیاترە، راستە ئێستا سەردەمی پیاوسالاری نەماوە، بەڵام هێشتا زهنیەتی پیاوسالاری ماوە، لەبەرئەوەیە من لێرەدا ژن وەك خۆی و وەك جوانی نیشتمان
تێكەڵم كردوون، ئەگەر باش تێبگەین دەمەوێت بڵێم ژن نیشنمانی ئێمەیە.
هەولێر: زۆربەی پێشانگاكانی شێوەكاری چۆڵن، هەست دەكەن هاتنی خەڵك بۆ پێشانگا بۆتە
كلتوور؟
دلێر محەمەد: نەخێر بەداخەوە تائێستا تاكی كورد بە كاری هونەری ئاشنا نییە، ئەوەش مانای وایە خاوەنی شارستانی تەواو نین.

