رۆژنامەی ھەولێر

لە هەرێمی كوردستان بانگەشەی هەڵبژاردن پێچەوانەی ناوچەكانی دیكەی عێراقە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

لەو چەند ڕۆژەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەستی پێكردووە، هەرێمی كوردستان وێنەیەكی جیاوازی شارستانیانە پێشكەش دەكات، كە تێیدا بانگەشەكان بەشێوەیەكی هێمن و ئارام بەڕێوەدەچن و دوورن لە گرژی و ناوزڕاندن، ئەمەش پێچەوانەی دۆخی ناوچەكانی دیكەی عێراقە. پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، كاندید، میدیا و كەمپەینەكانیان بەشێوەیەكی هێمنانە و دوور لە ناوزڕاندن بانگەشە دەكەن و تیشكدەخەنە سەر پڕۆژە و دەستكەوتەكان و گرنگی پاراستنی مافە دەستوورییەكان. بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەڵێت: تا ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان بەبێ گرفت و بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.

لە هەموو عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، 21ملیۆن و 404هەزار و 291 هاووڵاتی مافی دەنگدانیان هەیە، كە 20ملیۆن و 63هەزار و 773 كەسیان بەشداریی دەنگدانی گشتی دەكەن و 1ملیۆن و 313هەزار و 980 هاووڵاتی بەشداری لە دەنگدانی تایبەت دەكەن.
لەو هەڵبژاردنەدا، 38 پارتی سیاسی، 31 هاوپەیمانی و 75 لیستی تاكەكەسی بەشداری لە هەڵبژاردن دەكەن، حەفتهەزار و 768 كەسیش لە هەردوو ڕەگەز، پێنجهەزار و 520 پیاو و دووهەزار و 248 ئافرەتیش خۆیان كاندید كردووە.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئەم كەشە ئارامە، ڕێنوێنیی لایەنە سیاسییەكانە بۆ كاندیدەكانیان، پارتی دیموكراتی كوردستان، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك بارزانی، جەختی لەوە كردووەتەوە كە پێویستە كاندید، میدیا و كەمپەینەكانیان بەشێوەیەكی هێمنانە و دوور لە ناوزڕاندن بانگەشە بكەن و تیشك بخەنە سەر پڕۆژە و دەستكەوتەكان و گرنگیی پاراستنی مافە دەستوورییەكان.
شارەزایانی بواری هەڵبژاردن پێیان وایە ئەم بانگەشە ئارامە كاریگەرییەکی ئەرێنی و ڕاستەوخۆی لەسەر قۆناغی دوای هەڵبژاردن دەبێت، چونكە زەمینە خۆش دەكات بۆ ئەوەی لایەنەكان زووتر دەست بە گفتوگۆ بكەن و بگەنە ڕێككەوتن بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت.
ماوەی 19 ڕۆژە بانگەشە بەردەوامە و بەراورد بە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، كە تێیدا كردەی تیرۆر، تەقەكردن و ناوزڕاندن بوونی هەیە، هەرێمی كوردستان لەڕووی پێڕەوكردنی دیموكراسییەوە چەندان قۆناغ لەپێشترە.
مەریوان محەمەد، بەڕێوەبەری لقی هەولێری كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاشكرای كرد: تاوەكو ئێستا بانگەشەی هەڵبژاردن لە هەرێمی كوردستان و پارێزگای هەولێر بە دیاریكراوی بەبێ گرفت و بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەدەچێت.
بەڕێوەبەری لقی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات، لە ڕۆژی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردن تاوەكو ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان هیچ كاندیدێك دوورنەخراوەتەوە، بەڵام لە یاسای هەلبژاردنەكاندا هاتووە، لەكاتی بەڕێوەچوونی بانگەشە هەر كاندیدێك پابەند نەبێت بەپێی یەكێك لە بەندەكان كۆمیسیۆن دەتوانێت دووربخاتەوە.
هەروەها باسی لەوە كرد، هەر كاندیدێك هەڕەشە لە كاندیدێكی دیكە بكات یان ناوزڕاندن و هەر ماددەیەكی دیكەی لەسەر ساغ بكرێتەوە لیژنەی لەسەر پێك دێت و ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە ڕاگەیێنراوێكدا ئاماژەی بەوە داوە، شاندێكی باڵای ئەمنی حكوومەتی فیدراڵی عێراق و كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنی فیدراڵ سەردانی وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیان كرد. وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێم، ئاماژەی بەوە كردووە، ئامانجی كۆبوونەوەكە بەدواداچوونی ئامادەكارییە ئەمنییەكانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن و پێداویستییەكان و هەماهەنگیی ئەمنی نێوان هەردوو حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بووە.
وەزارەتی ناوخۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەروەها باسی لەوە كردووە، شاندی حكوومەتی عێراق، خۆشحاڵ بوون بە ئامادەكاریی تەواو و سەقامگیریی ئەمنی هەرێمی كوردستان و بەڕێوەچوونی ئامادەكارییەكان بە باشترین شێوە. هێمن میرانی، بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، تایبەت بە ئامادەكارییە ئەمنییەكانی وەزارەتی ناوخۆ بۆ پاراستنی بنكەكانی هەڵبژاردن و دەنگدانی كوردانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم كە نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن و بۆ دەنگدان دەچنەوە زێدی ڕەسەنی خۆیان، گوتی: هەموو ئامادەكارییەكی پێشوەختە كراوە، دەروازەی شارەكان و سەرجەم بازگەكان هەموو ئاسانكارییەك پێشكەش بە هاووڵاتییان دەكەن.
گوتیشی: تا ئێستا هیچ پێشێلكارییەكی زەقی ئەمنی لە بانگەشەی هەڵبژاردن تۆمار نەكراوە، هاوكات بۆ پاراستنی بنكەكانی دەنگدان كاری پێویست كراوە.