ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.29، لە ژێر چاودێری ئۆمێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی پڕۆژەی هاوبەشەكانی نێوان وەزارەتی سامانه سروشتییهکان و کۆمپانیای ئۆپی هەولێر کوردستان، لەرێورەسمێكدا، بەردی بناغەی قوتابخانەیەكی بنەڕەتی 9 پۆلی تێكەڵاو لەگوندی عەوێنەی سنووری ناحییەی گوێڕ دانرا.
لە ڕێورەسمەکەدا، كە هەریەك لە رزگار محەممەد، قائیمقامی قەزایی مەخموور و لوقمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی هەولێر و مەسعوود نووری، بەڕێوەبەری ناحییەی گوێڕ و ژمارەیەکی تر لە بەرپرسانی حزبی و حكومی ناوچەکە ئامادەی بوون، پارێزگارى هەولێر وێڕای ئەوەی دەستخۆشی لە كۆمپانیای ناوبراو كرد بۆ جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژەیە، هیوای خواست کار و پڕۆژەکانیان بەردەوام بێت بۆ زیاتر خزمەتكردنی خەڵک و دانیشتوانی ناوچەکە.
هەروەها پیرۆزبایى لە قوتابییان و مامۆستایانى قوتابخانەکە و دانیشتووانى گوندى عەوێنەكرد و ئومێدی خواست بەگوێرەى ئەو پلانەى دارێژراوە، پڕۆژەکە لە ماوەى دیاریکراوى خۆیدا بەکۆتا بێت و ئەم قوتابخانەیە ببێتە بەشێکی دیكەی گرنگ لە پێشکەشکردن و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و خزمەتکردنی ئەو قوتابیە ئازیزانەی تێیدا دەخوێنن.

