رۆژنامەی ھەولێر

لە گڵۆباڵ سیتی قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بنەڕەتی تێكەڵاو كرایەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 2025.10.29، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و مەسعود کارەش جێگری پارێزگاری هەولێر و لوقمان سەعید، بەرێوەبەری گشتیی پەروەردە و سامان عارەب، بەڕێوەبەری گشتیی دەستەی وەبەرهێنان و بەڕێوەبەری پەروەردەی بنەسڵاوە و ژمارەیەكی تر لە مامۆستایان و پەروەردەكاران، لەڕێورەسمێكدا، قوتابخانەیەکی 18 پۆلی بنەڕەتی تێكەڵاو لە گڵۆباڵ سیتی کرایەوە، كە بەگوژمەی ( 1 ملیۆن و 250 هەزار دۆلار ) لە سەر ئەركی وەبەرهێنەری پڕۆژەكە لە سەر ڕووبەری 2500 مەتر دروستكراوە.

دوای کردنەوەی قوتابخانه‌كه‌ و بەسەركردنەوەی یەکە یەکە ژوور و هۆڵەکانی خوێندنی قوتابیان و بەشەکانی تری قوتابخانەکە، پارێزگاری هەولێر وێڕای پیرۆزبایی لە قوتابیان و بەڕێوەبەر و مامۆستایانی قوتابخانەكە و دانیشوانی گڵۆباڵ سیتی بەبۆنەی کردنەوەی قوتابخانەکە، دەستخۆشی لە وەبەرهێنەری پڕۆژەكە كرد بۆ گرتنە ئەستۆی دروستكردنی قوتابخانەكە.

ئاماژەی بەوەشدا لە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە سەر فەرمان و ڕاسپاردەی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی کوردستان، گرنگیەكی زۆر و تایبەت بەكەرتی پەروەردە و فێركردن دراوە و چەندین قوتابخانە لە سنووری پارێزگای هەولێر دروستكراون و نۆژەنكراوەتەوە، بەدڵنیاییەوە ئەم قوتابخانەیەش بەشێکی گرنگ دەبێت لە پێشکەشکردن و بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی پەروەردە و فێركردن و خزمەتکردنی ئەو ئازیزانەی تێیدا دەخوێنن، ئێمەش وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان و پارێزگای هەولێر بەشانازییەوە لەخزمەتیان دادەبین.