ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
فەرمانبەران و كاسبكاران و چین و توێژەكانی شاری هەولێر و دەوربەری پێیان وایە كە ئەمجارەش وەكو جاران پارتی دەنگەكانی زۆر زیاتر دەكات و، سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكات، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە پارتی لە ڕابردوو هەمیشە كوردستانی پاراستووە، هەمیشە بووەتە گۆڕستانی دژمنان.
(بارزان ئەنوەر) كاسبكارێكی بازاڕی سۆرانە، دەڵێت: ”كابینەی نۆیەم لە هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵ و توانستێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ ئەوەی خزمەتی تاك بە تاكی كوردستان بكات، ئەوەش ئەزموونێكی جوانە و گەلانی دیكەی عێراق و ناوچەكانی دیكەی عێراق دەتوانن سوودی لێ ببینن، ئەم بووژانەوەیەی هەرێمی كوردستان بەخۆیەوە بینیویەتی، هاووڵاتییانی ناوچەكانی دیكەی عێراقی سەرسام کردووە.“ بۆیە ئەمە وای كردووە خەڵكی كوردستان بەجۆش بن تا رۆژی 11 نۆڤەمبەر بچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان دەنگ بە پارتی بدەن.”
كارزان سالار كارمەندی كەرتی ئەهلییە لە كۆمپانیای كار؛ ئەو دەڵێت: پارتی حزبێكە وەك لە ڕابردووشدا بینیمان هەر بە تەنیا لە سەنگەری بەرگریدا بوو دژی ئەو پیلانانەی كە دەیانویست بەزۆر بەسەر هەرێمی كوردستانیدا بسەپێنن، هەمیشە قەلغانێك بووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەیانویست دەست بۆ قووت و مووچەی هاووڵاتییان ببەن، بەڵام پارتی ئەوەی قبووڵ نەكرد و بەرگریی لە مافە دەستووری و داراییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان كرد.“ بۆیە دەتوانین بڵێین پارتی بۆ كوردستان پێویستە بۆ ئێستا و داهاتوو.
(كاروان حەلاق) كە كادیرێكی پارتییە لە ناوچەی رزگاری و دەڵێـت: پارتی لە بەغدا بەرگریی لە مافی خەڵكی كوردستان كرد و، سەنگەری كوردایەتیی چۆڵ نەكرد و نەچووە ژێر باری فشاری دژمن و ناحەز و خۆفرۆشانەوە، بەڵكوو بوێرانە و خۆنەویستانە لە بەغداوە شەڕی مافە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستانی كردووە، ئەوەی لە دەستی هات بۆ كورد كردویەتی، هەربۆیەش ئەمە وای كردووە كە جۆشوخرۆش و گەرموگوڕی و خۆشەویستیی خەڵك بۆ پارتی و لیستی پارتی و كاندیدەکانی پارتی به شێوەیەكی خۆڕسكانە بێت، بۆیە لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوو عێراق دڵنیاین كە پارتی دەنگێكی زۆر دەهێنێت و دڵی دژمنان دەتوقێنین.

