دەستەبژێر و كۆمەڵگا:

وانا عوسمان

دەستەبژێر (elites) یان (النخبە)، بریتین لە کۆمەڵێک یاخود دەستەبژێرێک لە تاکەکان کە دان بە لێهاتوویی و هێزیاندانراوە لە کاریگەری و کۆنترۆڵکردنی کاروباری کۆمەڵگا، یەکەم بیرمەندانێ کە لەسەر بابەتی دەستەبژێر و کەمینەی دەسەڵاتدار نووسیویانە زانایانی وەک (پاریتۆ، مۆسکا، میشێل)، کە پێیان وایە دەستە بژێر، بریتییە لە چینی دەسەڵاتدار کە پێکهاتوون لە کەمینەیەک لە ئەندامانی کۆمەڵگا.
ئەم چینەش دەتوانرێت بە پێوەری هێز و دەسەڵات جیابکرینەوە لە چینی دەسەڵات بەسەرداکراو، بەجۆرێک، خاوەنی هێز و دەسەڵات و کاریگەرین، دەسەڵاتێک، زۆر زیاترە لەو هێز و دەسەڵاتەی کە چینی دەسەڵات بەسەرداکراو هەیانە لە کۆمەڵگادا.
سێ رایت میڵز ساڵی (۱۹٥٦) بەرهەمێکی بڵاوکردەوە بەناوی (بژاردەکانی دەسەڵات)، هەوڵیداوە وێنای ئەوە بکات، چۆن ئەمریکا لەژێر چەتری دەسەڵاتی چینێکی بچووک لە ڕامیاران و بازرگانان و خاوەن پیشەسازییە گەورەکاندایە.
ئەم بەرهەمەی (میڵز) درێژەی هەمان باسی بژاردەکانی ڕامیاری (پاریتۆیە) .
بە بۆچوونی (میڵز) لە کۆمەڵگایەکی گەورەی وەکو ئەمریکادا، ئەندامانی چینێکی بچووککە هەموو پلەوپایە گرنگەکۆمەڵایەتییەکانیان داگیرکردووە، بەهۆی ئاخێزگەی کۆمەڵایەتی هاوبەش، پەیوەندی تاکەکەسی و بنەماڵەییەوە، پێکەوە پەیوەندییان هەیە.
ئەندام بوون لە گروپ (چین) ی، دەستەبژێر تەنها لەڕێگای بۆماوەیی نییە، چونکە دەکرێت نەوەی دەستەبژێران ئەو سیفەت و تایبەتمەندییانەیان تیادا نەبێت کە هەلی چونە ناو ئەم گروپەیان بۆ بڕەخسینێت، لەکاتێکدا لەنێو ئەندامانی ئاسایی کۆمەڵگادا کەسانێک هەبن، خاوەنی ئەو تایبەتمەندیانەبن کە هەلی چونە نێو دەستەبژێرانی کۆمەڵگایان بۆ بڕەخسینێت، هەر بۆیە دیاردەی دەرکەوتنی دەستەبژێری نوێ و نەمانی دەستەبژێری کۆن، لەنێو کۆمەڵگاکانی جیهاندا بە دیاردەیەکی ئاسایی و سروشتی
دادەنرێت.
گرنگیدان بە بابەتی دەستەبژێر، تەنها لەڕووی سەلماندنی بونی ئەم گروپە نییە لەنێو کۆمەڵگاکانی جیهاندا، بەڵکو گرنگییەکەی زیاتر لەوەدا دەردەکەویت کە ئەم گروپە (دەستەبژێر) کاریگەرییەکی زۆریان هەیە لەدەسەڵات و ئاراستەکردنی کۆمەڵگاکانیان.
بێگومان دەستەبژێران بەهەردوو جۆرەکەیانەوە، هەروەک (پاریتۆ) لە کتێبەکەیدا (ئەقڵ و کۆمەڵگا) دابەشی کردووە، دەستەبژێری دەسەڵاتدار و دەستەبژێری نادەسەڵاتدار، لە کۆمەڵگای مرۆییدا، رۆڵێکی گرنگ و کاریگەریان هەیە لە پرۆسەیەکی گرنگی تردا ئەویش پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتییە.
بەمەش بەرپرسیاریەتییەکی گەورەیان دەکەوێتە ئەستۆ سەبارەت بەو هۆکارانەی دەبنە هۆی پێشکەوتن یاخود دواکەوتنی کۆمەڵگا. بۆیە پێویستە ئاستی هۆشیاری ئەم گروپە کۆمەڵایەتییە، هاوتابێت لەگەڵ پێگەی سەرکردایەتیان لە کۆمەڵگادا، بەمەبەستی کارکردن بۆ وەدیهێنانی خواستی ئەندامانی کۆمەڵگا لە باشترکردنی گوزەران و بەرزکردنەوەی ئاستی ژیانیان، ئەرکێکیتری ئەم گروپە، کارکردنە
بۆ بنیادنانی دەستەبژێری نوێ یاخود کرانەوەی
دەروازەیە بەرووی دەستەبژێری نوێ لە داهاتوودا، بەمەبەستی ئامادەکردنیان بۆ گرتنە دەستی ئاڵای سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا.
لەلایەکیترەوە، کاتێک دەستەبژێری کۆمەڵگا کەمتەرخەم بوون لە خۆگونجاندن لەگەڵ پیشکەوتنەکانی سەردەم و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی، ناتوانن هەستن بەو ڕۆڵە بکەن کە لێیان چاوەروان دەکرێت، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی مەودایەکی زۆر لەنێوان دەستەبژێران و ئەندامانی کۆمەڵگا. هۆکاریکیتر، پشتگوێخستنی دەستەبژێری سیاسی، ڕۆشنبیری، دڵسۆز، چاکساز، لە هەستان بە ڕۆڵی خۆیان لە کۆمەڵگادا، یان دورخستنەوەیانە لەلایەن دەستەبژێری (ساختە) کە لەبری ئەمان پێگەو ڕۆڵی سەرکردایەتی و بەڕێوەبردنیان داگیرکردووە، بەهۆی گەندەڵی ناوخۆیی، غیابی سیستەمی دامەزراوەیی دەوڵەت، ناهۆشیاری ئەندامانی کۆمەڵگا، دەستێوەردانی دەرەکی، زۆر هۆکاری نەخواستراویتر.
وەک دەزانرێت، پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، لە شەو و ڕۆژێکدا بەدینایەت، ئەم پرۆسەیە پێویستی بە ژمارەیەک هۆکار و بارودۆخی گونجاو هەیە، هاوتەریب لەگەڵ تیکۆشان و کاری سەخت بۆ تێپەراندنی ئەولەمپەرانەی دێتەڕێگای. پڕۆسەی گەشەپێدان بەمەبەستی هەستانەوەی کۆمەڵگا بە چەندین قۆناغێکدا تێپەڕ دەبێت، دواجار دەگات بە گەشەپێدانی فرەلایەن لە رووی ڕۆشنبیری و ئابوری و کۆمەڵایەتی زانستییەوە.
یەکێک لە گرنگترین قۆناغەکانی گەشەپیدانی کۆمەڵگا، بڵاوبوونەوەی هۆشیارییە، پاشان کۆمەڵگا ئامادە دەبێت بۆ پرۆسەی بونیادنانی
راستەقینە. یەکێک لە بنەما گرنگەکانی بۆ بەردەوامی
پرۆسەی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی وەک باسمانکرد بونی دەستەبژێرێکی بەتوانایە بەشێوەیەکی بەردەوام، واتە بەردەوامی گەشەپیدان پێویستی بە بەردەوامی بەرهەمهینانی دەستەبژێری شارەزا، دڵسۆز، چالاک، هەیە، بۆیە وڵاتانی پێشکەوتوو ئەم پرسەیان بەدامەزراوەیی کردووە، جگە لە داڕشتنی دەستور و یاسایەکی دیاریکراو کە هەمووان لەبەرامبەریدا وەکو یەک بەرپرسیارن، لەڕیگای دامەزراوە تایبەتمەندەکانی وەک پەروەردە و فێرکردن، زانکۆ و پەیمانگاکان، پارتە سیاسیییەکان، ڕیکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و چەندین دامەزراوەیتری کۆمەڵگا، یەکێک لە گرنگترین ئەرکەکانیان بەرهەمهێنانی دەستەبژێری سیاسی ڕۆشنبیری ئابوری و زۆرینەی کایە و بوارە جۆراوجۆرەکانی کۆمەڵگاکەیانە.
بۆیە ئەم پرۆسەیەوەک هەر پلانێکی
کۆمەڵایەتی ستراتیژی، پێویستی بە چاودێریکردن و کارکردن و پیداچونەوەی بەردەوام هەیە، بەجۆرێک دەکرێت ئەم پرۆسەیە بەدامەزراوەیەک یان چەند دامەزراوەیەک بسپێردریت تاوەکو بەشێوازێکی زانستی و بۆ بەرژەوەندیی گشتی کۆمەڵگا، کار بۆ بەرهەمهێنانی دەستەبژێری سیاسی و ڕۆشنبیری بکات لەنێو ئەندامانی کۆمەڵگای هەرێمیکوردستان، کە بەیەکێک لە گرنگترین میکانیزمەکانی گەشەپێدانی کۆمەڵگا و بنیادنانی دەوڵەتێکی
سیستەماتیک دادەنرێت.

ھەواڵی زیاتر