ئاوڕێك لە چەمكی برایەتی لە ئیسلامدا

عومەر چنگیانی

خوای گەورە لە دەیەمین ئایەتی سوورەتی (حوجورات)دا دەفەرمێت: (بە ڕاستی بڕواداران برای یەکن؛ هەوڵ بدەن براکانتان لێک نزیک بکەنەوە و پێکیان بهێننەوە و، ئاشتەوایی بخەنە ناویان؛ لە خوا
بترسن، بەشکەم خوا گیان بتانخاتە بەر بەزەیی و رەحمەتی خۆی.) وەک تێبینی دەکەین هەر لە سەرەتای ئایەتەکەوە، کە باس لە برایەتیەکەی نێوان تاقمی بڕوادار دەکات، ئاماژە بەوە دەکات مەرج نییە هەمیشە دانوویان پێکەوە بکوڵێت و بەدحاڵێتی نەکەوێتە نێوانیانەوە! بۆیە وەبیرمانی دێنیتەوە کە هیچ کات نەبینە هۆی پێکەوەنەگونجانی دوو برا، بەڵکو فەرمانی خوایە کە ببینە ناوبژیوان و پێکهێنەری براکان؛ گەر بەم شێوە جووڵاینەوە، چەندیس براکان لە یەکتر دڵگران بووبێتن، خەڵک دەتوانن ببنە لێکیان نزیک بخەنەوە و بەدحاڵێتی و بەدگومانیەکەی نێوانیان بڕەوێننەوە یان هەرهیچ نەبێ،
کەمی بکەنەوە. پێغەمبەر، دروود و سڵاوی خوای لێ بێ، دەفەرمێت: (مسوڵمان برای مسوڵمانە و، ستەمی لێ ناکات و، دەرهەق بە براکەی ناپاکی ناکات و، نایدات بە دەم گورگان و بە دەست دژمنانەوە.) (۱)
برایەتی چەند جۆرێکی هەیە؛ برایەتی لە ڕەچەڵەکەوە، برایەتی
لە ئایین و باوەڕدا، برایەتی لە مرۆڤایەتیدا، برایەتی لە نیشتمان و نەتەوەدا؛ هاونیشتمانە و هاونەتەوە.
لە هەموو جۆرەکانی برایەتیدا پشتیوانی و هاوڕێیەتی هەیە، کە لەسەر خۆشەویستی و هاوکاری دامەزراوە، دوور لە بەرژەوەندی یان ئامانجی دنیایی.
جا لەم رۆژگارەدا قووڵکردنەوەی برایەتی لەنێوان رۆڵەکانی ئۆمەتدا وەک هەوا و ئاو زەروورە و بگرە زیاتریش، نەخاسمە کە هەم دژمن پەرتەوازەیی دەخاتە نێوان رۆڵەکانی گەل و، هەمیچ فرت و فێڵ و دووبەرەکی لەسەر ئاستی تاك و کۆمەڵگەدا زۆر بووە.
تەوەری یەکەم/ برایەتی لە قورئانی پڕ لە بەخششدا: ۱/ برایەتی لە رەگەز و نەسەبدا؛ خوای گەورە باسی ئەو جۆرە برایەتییەی کردووە لە بابەتی بەشە میرات و هەروەها ئەوەی بەهۆی رەچەڵەکەوە حەرام دەبێت؛ هەروەها کۆمەڵە فەرموودەیەکی پێغەمبەریش، دروود و سڵاوی خوای لێ بێت، لەو بارەوە هاتوونە.
۲/ برایەتی لەسەر بناغەی مرۆڤایەتی؛ قورئانی پڕ لەبەخشش لە چەندین ئایەت باسی ئەم جۆرەی برایەتی کردووە، وەک ئایەتی ٦٥ی سوورەتی (ئەعراف) و ٤٥ی سوورەتی (نەمل) و ۸٤ی سوورەتی (هود)؛ لەوێدا باس لەو نەتەوە و قەومانەی وەک عاد و سەمود و مەدیەن دەکات و باس لە سەرکێشییە بێسنوورەکەیان دەکات، کەچی باس لەوە دەکات کە پێغەمبەرەکەیان برایان بووە، کە ئەمە گەورەترین وانەی پڕلەحیکمەتە بۆ بانگەوازکەر هەتا بزانێ چۆن ڕەفتار لەگەڵ
دەوروبەری خۆیدا بکا.
۳/ برایەتی لە باوەڕدا؛ بەهێزترین جۆری برایەتی، ئەوەیانە کە
لەسەر باوەڕ بێ.
تەوەری دووەم/ بەرهەمی برایەتی بۆ کۆمەڵگا:
۱/ یەکگرتنێکی توندوتۆڵی تاکەکانی ئۆمەت.
۲/ بەرگری لە براکەت و پشتیوانیکردن لێی؛ لە کاتی خلیسکاندا
دەستی بگریت و رێی نیشان بدەیت، نەک بەپێچەوانەوە.
۳/ بڵاوکردنەوەی خۆشەویستی و دوورکەوتنەوە لە رق و کینە و
دژمنداری.
٤/ پشتیوانیکردنی یەکتر لەسەر چاکە و خواپەرستی و نەهێشتنی
هەژاری و دەستگیرۆیی لە رۆژی تەنگانەدا (۲).
پەراوێز:
(۱) (المسلم أخو المسلم، لا ديظلمه، ولا یسلمه) البخاری ٢٤٤٢). (۲) (پوختەی۱٤٤هەمین گوتاری هەینیمان لەسەر دوانگەی
مزگەوتی خەدیجە کوبرا، کە دەیکردە ۳ی ڕەجەبی۱٤٤۳ی کۆچی و
۱٥ی ڕێبەندانی ۲۷۲۱ی کوردەواری و ٤ی۲ی۲۰۲۲ی زایینی)

ھەواڵی زیاتر