رۆژنامەی ھەولێر

فیلمی دەرهێنەرێکی کورد پێشبڕکێ لەگەڵ ٧٠ وڵاتی جیهانی دەکات

شیڤان شێرزاد – هەولێر

کورتە فیلمی “دەریای ئومێد”، لە دەرهێنانی هونەرمەند “جوبرائیل ئەبوبەکر”ـە و دوای بەشداربوونی لە چەند فێستیڤاڵێکی جیهانی، ئێستا لە پێشبڕکێی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی دوورگەی یەڵۆڤایە.

ئەو فێستیڤاڵە ساڵانە بە بەشداری ٧٠ وڵاتی جیهانی و بەشێک لە وڵاتانی کیشوەری ئاسیا بەڕێوە دەچێت، فیلمی “دەریای ئومێد”ـیش یەکەم بەرهەمی کوردییە لە چوارچێوەی ئەو فێستیڤاڵەدا بەشدار دەبێت و لە بەشی پێشبڕکێی سەرەکیدایە و چاوەڕوان دەکرێت خەڵاتێکی ئەو فێستیڤاڵەی یەڵۆڤا بەدەست بهێنێت.
“جوبرائیل ئەبوبەکر” دەرهێنەری ئەو فیلمە سەبارەت بە بەشداریکردنی فیلمی “دەریای ئومێد” بە “هەولێر”ـی ڕاگەیاند: جێگەی خۆشحاڵیە فیلمەکەم لە نێوان ٤٦٠٠ بەرهەمی نێردراو بۆ فێستیڤاڵەکە هەڵبژێردراوە بۆ بەشی پێشبڕکێ، کە ٧٠ وڵات چاویان بڕیووەتە خەڵاتی ئەو فێستیڤاڵە.
لە بارەی ناوەڕۆکی فیلمەکەشی دەرهێنەری دەڵێت: فیلمی “دەریای ئومێد” کورتە فیلمێکە، کە پەردە لەسەر زیانە وێرانکەرەکانی مرۆیی شەڕ لە چاوی ئەو مەدەنییانەی، کە لە دوای جەنگەوە گیریان خواردووە، ئاشکرا دەکات.