رۆژنامەی ھەولێر

ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری هەولێر: بە دەستکەوت پارتی لە کوردستان و عێراق ھیچ ڕکابەرێکی نییە

ڕائیب جادر – هە‌ولێر

بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری ھەولێر، دەڵێت: پارتی خاوەنی پڕۆژەی ستراتیژی بووە و بەڵێنەکانی خۆی بەجێ گەیاندووە، ئەمەش وای کردووە جێگەی متمانەی ھەموو خەڵکی کوردستان بێت. دەشڵێ: ئەگەر بە دەستکەوت بێت، پارتی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش ھیچ ڕکابەرێکی نییە.

ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری ھەولێر، ڕاگەیاند، پارتی بە درێژایی مێژووی خۆی حزبی پڕۆژە و دەستکەوت بووە و ھەمیشە خاوەنی بەڵێنە ڕاستەقینەکانی خۆی بووە، حکوومەتی ھەرێم، کە پارتی تیایدا ھێزی یەکەمە و سەرۆکی حکوومەتەکەی لەو پارتەیە، سەرەڕای بوونی قەیرانەکان، بەڵام بەردەوام بووە لە خزمەتکردن و پێشکەشکردنی پڕۆژەکانی ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی، پارتی لە ھەموو کارنامەکانی ھەڵبژاردندا کۆمەڵێک پڕۆژەی زۆر گرنگی بەبێ جیاوازی لە ھەموو کوردستان ڕاگەیاندووە، ھەموو تەئکید و پێداگرتنی لەسەر ئەوە بووە کە ئەو پڕۆژانە بگاتە ناو ھەموو شار و ناوچەکانی کوردستان، ئەو بەڵێنانەی کە بە خەڵکی کوردستانی داوە جێبەجێی کردووە.
بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری ھەولێر، ئاشکراشی کرد: بە دروستبوونی پارتی، ئومێد بۆ کورد و کوردستانیان دروست بووە، پارتی ھیچ لایەنێک لە کوردستان و عێراق بە ڕکابەری خۆی نازانێت، متمانەی تەواوەتیشی بە خۆی ھەیە، چونکە پشتئەستوورە بە مێژووی پارتی و ڕێبازی بارزانی و دەستکەوتەکان کە بە سیاسەتی حەکیمانەی سەرۆک بارزانی بەدەست ھاتوون.
ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری ھەولێر، ئەوەشی خستەڕوو: پارتی دیموکراتی کوردستان بە دەستکەوتەکانیەوە گەشەی کردووە و لە کاتێکدا دروست بوو کە خەڵکی کوردستان تووشی نائومێدی ببوون و توانی ھیوا بۆ خەڵک بگەڕێنێتەوە.
بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری ھەولێر، دووپاتیشیکردەوە، پارتی خاوەنی پڕۆژەی ستراتیژی بووە و بەڵێنەکانی خۆی بە جێگەیاندووە، ئەمەش وای کردووە جێگەی متمانەی خەڵکی کوردستان بێت، پارتی خاوەنی بەڵێنی ڕاستەقینەیە بۆ جێبەجێکردن و لە ھەمانکاتیشدا خاوەنی بەدەستھێنانی ئەو دەستکەوتانەیە کە بۆ ھەموو کوردستان و بۆ شار و شارۆچکەکان و سەرجەم ھاووڵاتییانە بەبێ ھیچ جیاوازییەک.
ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری ھەولێر، ڕوونیشی کردەوە: خەڵکی کوردستان ئەم واقیعە دەبینن، بە دیاریکراوی چەند پڕۆژەیەکی گەورە و سەرتاسەری بێ جیاوازی پێشکەشی خەڵکی کوردستان کردووە، لەوانە کارەبای ٢٤ کاتژمێری، ئاو و خزمەتگوزاریی کە بۆ تەواوی خەڵکی کوردستانن نەک بۆ پارتی، ئەگەر بە دەستکەوت بێت، پارتی لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و تەنانەت عێراقیش ھیچ ڕکابەرێکی نییە، بەتایبەتی لە بوارەکانی سیاسی و دیپلۆماسی، ئاوەدانی، خزمەتگوزاری، خۆشگوزەرانی، ئاسایش، سەقامگیری، پێکەوەژیان، سەروەریی یاسا و سەرجەم بوارەکانی دیکە، ھەر بۆیە ڕووی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بەگشتی لە پارتییە، خەڵک دەزانن پارتی تاکە لایەنی سیاسییە دەتوانێت جگە لە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان، ھاوکات پارێزەری ڕاستەقینەی مافە دەستوورییەکانیشیانە لە عێراق و ھەرگیز کۆڵ نادات و لە ھیچ سڵ ناکاتەوە، بۆ نموونە لە ھەموو ئەو تەنگژانەی کە ڕووبەڕووی ھەرێمی کوردستان بووەتەوە و ڕێگری و ئاستەنگی بۆ دروست کراوە، بەڵام پارتی وەک ھێزێک لە ھەموو بوارەکاندا وەستاوە بەوەی ھەرێمەکە بەھێزتر بێت و حکوومەت بەھێزتر بێت و داکۆکیکارێکی سەرسەخت بووە بۆ بەدیھێنانی مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان بەتایبەتی لە پەرلەمانی عێراق، ئەمەش ئەو واقیعەیە کە پێویست بە باسکردن ناکات و خەڵک بە چاوی حەقیقی خۆیان بە ڕوون و ڕەوانی دەیبینن.
ئاری نانەکەلی، بەرپرسی لقی ١٦ی دەوروبەری ھەولێر، دەشڵیت: وەکو سەرۆک بارزانی و جێگرانی سەرۆکی پارتی، دەڵێن: پارتی لە کوێ بێت، کورد و کوردستان بەھێز دەبن، بەرپرسیارێتی پارتی زۆر قورسترە لە ھی ھەموو لایەنەکانی دیکە و مەبەستیەتی پرۆسەی بانگەشە زۆر بە ئاسایی و بێ ھیچ گرژی و توندوتیژییەک بەڕێوەبچێت و دەبێت پڕۆسەکە سەربکەوێ، مەبەستمانە خەڵکی کوردستان تێبگەن، ئەو پارتەی کە لە ڕابردوودا خزمەتی کردوون، لەم ھەڵبژاردنەش کە سەردەکەوێ، دڵنیا بن لە بەغدا دەتوانێت خزمەتی زیاتری کوردستان بکات.