ڕائیب جادر – هەولێر
پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بە باوەڕی پتەوەوە دەڵێن، ڕۆژی 11/11 وەك ڕۆژەكانی خەبات و بەرخودانی پێشمەرگایەتی، بەڵام بە دەنگدان بە لیستی 275ـی پارتی دیموكراتی كوردستان دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و پارێزگاری لە قەوارەی سیاسی و دەستووریی هەرێمی كوردستان دەكەن.
دروشمی پارتی دیموكراتی كوردستان سازان، هاوسەنگی و هاوبەشییە بۆ خوولی، داهاتووی پەرلەمان، كە خوولی شەشەمە، كارنامەیەكی تێروتەسەڵ و دەوڵەمەندە، هەموو مافە دەستووریی و یاساكانی خەڵكی كوردستان لە خۆ دەگرێت و خاڵ بە خاڵی لە بەرژەوەندی خەڵكی كوردستانە.
پێشمەرگەكانی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، دەڵێن، بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی پارتی و بارزانی بەردەوام بین، بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت و خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی ئێمە بە فیڕۆ نەچێت، ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی دەدەین.
ساڵح سەلیم، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانە، بۆ ڕۆژنامەی” هەولێر” دەڵێت: وەكوو پێشمەرگەیەك بەڵێن دەدەم لەسەر ڕێبازی پارتی و بارزانی بەردەوام بم، لەبەر ئەوەی تەنیا ئەو ڕێبازە دەتوانێت داكۆكی و بەرگری لە مافی گەلی كورد بكات و خاكی كوردستان بپارێزێت، بۆیە ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگمان بۆ پارتی و كاندیدەكانی ئەو لیستەیە.
ستار حەسەن، پێشمەرگەیەكی دیكەی شۆڕشی گوڵانە، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” گوتی: من وەكوو پێشمەرگەیەكی شۆڕشی گوڵان، بۆیە پشتگیری لە لیستی پارتی ژمارە 275 دەكەم، لەوەتەی بوومە هەر خۆم لەناو ئەو حزبەدا بینیوە و هەر ئەو حزبە بووە بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان كردووە، ئەگەر ئەویش نەبێت كەس ناتوانێت بەرگری لە كوردستان بكات و خاكی كوردستان دەفرۆشن، بۆیە داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان دەكەم بۆ ئەوەی كوردستان پارێزراو بێت و خوێنی شەهیدان و ماندووبوونی ئێمە بە فیڕۆ نەچێت ڕۆژی هەڵبژاردن دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی بدەن.
تەتەر كەریم، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵانە و ئێستاش لە بەرەكانی پێشەوە بەرگری لە خاكی پیرۆزی كوردستان دەكات، بۆ ڕۆژنامەی”هەولێر” دركاندی. و گوتی، داوا لە هەموو خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان و پێشمەرگەكانی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان دەكەم دەنگ بە لیستی ژمارە 275 بدەن، چونكە ئەگەر پارتی و پێشمەرگەكانی نەبن، كەس ناتوانێت بەرگری لە كوردستان بكات و وەكوو ئەوەی لە كەركووك ڕوویدا لە ناوچەكانی دیكەش خیانەت لە گەل و نیشتمانەكەی خۆیان دەكەن.
فكری جاسم، پێشمەرگەی شۆڕشی گوڵان، بۆ ڕۆژنامەی “هەولێر” ڕوونیكردەوە، ئێمە لە شاخ لاوێتیی خۆمان بەخشی بە ئازادی و سەربەرزیی كوردستان، ئێستاش دەنگم دەبەخشم بەو حزبەی كە پارێزگاری لەو ڕەنج و خەباتەمان بكات كە بۆ وڵاتەكەمان، سەرفمان كردووە.
جەخت دەكاتەوە، وەك پێشمەرگەیەكی شۆڕشی گوڵان دەنگی خۆی و خێزانەكەی دەخاتە پاڵ دەنگی داكۆكیكاران لە پارتی و بە باوەڕی پتەوەوە دەڵێ بۆ ئەوەیە كوردستانمان پارێزراو بێت تا هیچ كەس و لایەنێك نەتوانێت مامەڵە بە چارەنووسمانەوە بكات، دەمانەوێ بە كاندیدانی پارتی پشتێنەی یاسایی كورد بەهێزتر بكەین.
زیاد سەلیم، پێشمەرگەی كۆن بە ڕۆژنامەی “هەولێر”ـی گوت: ئامانجی ئێمە ئازادی و سەربەرزی گەلەكەمان بووە، ئێستاش كە دەنگ بە لیستی 275 دەدەین، بۆ ئەوەیە كاندیدەكان پێشمەرگانە لە بەغدا ببنە پارێزەری كیانی كوردستان.
عەبدوڵڵا عوسمان، پێشمەرگەی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان، بۆ ڕۆژنامەی”هەولێر” گوتی: دوێنێ بە خوێن ئەمڕۆ بە دەنگ بەرگری لە كوردستان دەكەین، پێویستە هەموو پێشمەرگە قارەمانەكان، بەتایبەتی پێشمەرگەكانی هەر دوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان بەشداری هەڵبژاردن بكەن و دەنگ بە پارتی و كاندیدەكانی ئەو حزبە بدەن، چوونكە تاكە لیستە كە مافەكانی ئێمە بپارێزێت و دەستكەوتی زیاتریش بۆ خەڵكی كوردستان بەدەست بهێنێت.

