رۆژنامەی ھەولێر

شانۆگەریی (وشەی نا) لە هەولێر ماوەی 10 رۆژ نمایشەكانی بەردەوام دەبێت

عەبدولغەفار عەبدوڵڵا – هەولێر

 

شانۆگەریی (وشەی نا) لە هەولێری پایتەخت ماوەی (5) رۆژ نمایش كرا و، بەنیازن بۆ (5) رۆژی دیكەیش نمایشەكانی بەردەوام بێت، شانۆیەكە دەقەكەی لەلایەن ئەكتەرانی بەشدار بوو بە شێوەی كۆمەڵ كاری نوسین و بیرۆكەی دیالۆگەكانی داڕێژراوە، لەلایەن هونەرمەند (سدیق حوسێن) كاری دەرهێنانی بۆ كراوە، ئەكتەرانی بەشدار بوو پێك هاتوون لە (زیاد كەریم، ئاواز ئەحمەد، بڵند كاوە، ڕێشوان ئەحمەد و كارمەند ئەحمەد)، بە هاوكاری زانكۆی جیهان لە هۆڵی چالاكی قوتابخانەكانی هەولێر نمایشی بۆ كرا.

لەمبارەیەوە (سدیق حوسێن) لە لێدوانێکدا بۆ خوێنەرانی (هەولێر) ڕایگەیاند: نووسینی ئەم كارە شانۆییە جیاواز بوو، پێم وایە یەكەمین جارە پۆڵیك شانۆكار لە كاتی مەشقەكانیان، ڕۆژ بە ڕۆژ، سات بە سات ئاشكرا كردنی ساتە نادیارەكان ڕێكخستنی دەقەم كردووە، دەكرێ بڵێن رۆڵی ناوبژیوانێكی چاودێرم بینیوە، لە نێوان دەق و دەرهێناندا.
لەبارەی ناوەرۆكی شانۆگەریەكەیان، كە بەشێكی زۆری دیالۆگەكان باسی ئاریشەكانی ئەمڕۆی كۆمەڵگای كوردەواریی لەخۆ گرتووە، سدیق حوسێن گوتی: شانۆ زمانی گەلە، پێویستە شانۆ رۆڵی خۆی بەرجەستە بكات، لەگەڵ ئەو رۆژگار و سەردەمی خۆی تێدا نمایش دەكات، پێم وایە لە ئێستادا كۆمەڵگای كوردی پێویستە بەم فۆڕمە هەیە بۆ ئەوەی خەڵك خۆی تێدا ببینێتەوە، پێم وایە تا ڕادەیەكی باش ئەم كارەمان كردووە.
هونەرمەند (زیاد كەریم) كە یەكێكە لە ئەكتەرە سەرەكیەكانی ئەم بەرهەمە شانۆییە لەمبارەیەوە گوتی: شانۆگەریی (وشەی نا) بە هاوكاری زانكۆی جیهان بەرهەم هاتووە، سوپاسیان دەكەین، ئەو پۆلە هونەرمەندە ماوەی نزیكەی (10) مانگ پرۆڤەمان كرد، بۆ ئامادەكردنی ئەم بەرهەمە شانۆییە، سەرجەم دیلۆگەكان زادەی بیرۆكەی ئەكتەرانی بەشداربووە، بە شێوەیەكی گشتی دەكرێ بڵێن ئەم دەقە شانۆییە بیرۆكەیەكی تازەیە لە مێژووی كاری شانۆیی لە كوردستاندا.
(زیاد) لەبارەی نمایشەكانی بەرهەمە شانۆیەكەیان ئەوەشی گوت: ماوەی (5) رۆژ نمایشمان كرد، لە رۆژی سێشەمەی ڕابردوو، تاوەكو رۆژی شەمە سەرەتای ئەم هەفتەیە، دەرهێنەر و سەرجەم ستافەكەمان پێیان باشە تاوەكو رۆژی پێنجشەمەی داهاتوو بەردەوام بێت، پاشان سەرەتای مانگی داهاتوو لە رێكەوتی (2/11/2025)ـەوە نمایشەكانمان ببەین بۆ شاری سلێمانی لەوێش بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوام بێت، پاشان لە وڵاتی هۆڵەندا داوەت كراوین بۆ ئەوەی لەوێش نمایشی بكەین، بەڵام تا ئێستا بڕیاری كۆتاییمان نەداوە.
لە كۆتاییدا هونەرمەند (زیاد كەریم) ئەوەشی گوت: ئەم ساڵ لە سەرجەم شارەكانی كوردستان، بەداخەوە نمایشی شانۆ كەم بوو ئەم بەرهەمە شانۆییە لەو كات و ساتەدا لە هەولێری پایتەخت زۆر باش و گونجاو بوو، جەماوەرێكی زۆر لە ماوەی پێنج رۆژ هاتن بۆ سەیركردنی بەرهەمەكەمان لە هۆڵی چالاكی قوتابخانەكان، سوپاسیان دەكەین بە تایبەتی هونەرمەند (وشیار مەرجان) هاوكاریەکی تەواوی كردین بۆ دابینكردنی هۆڵەكە.